بێ وەفایی
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
2 دقیقه
1627 مشاهده
ئاشکرا ڕەنگی غەریبی دیارە لێرە پێمەوە
ئاخری بەو دەردەوە تێدا دەچم، دەتوێمەوە
هێند لە دووی کوردایەتی چووم، هێز و تینم لێ بڕا
پێم لە دوو نایە بڵێم هەنگاوی دی داوێمەوە
تاوێ دڵ لێدانی توندە، تاوێ خوێنم هەڵدەچێ
بەو زووانە بەو فەتا پیسانەوە دەتوڵێمەوە
من کە وەک بولبول چریکەم کوردەواری پڕ دەکرد
ئێستە وەک لەگلەگ لەسەر بێچووی شێعر دەڕشێمەوە
بوو بە پایە و کاخی کێ گەرمین و کوێستان کردنم؟!
هەڵوەدای چم من؟ لە جێیەک بۆچی ناگیرسێمەوە؟
ئاو مەکە نێو ئاشی زۆرداری، پەشیمان دەبیەوە
ئەو وتە پەندێکە شیرین، بۆیە هەر دەیڵێمەوە
ڕۆژی ڕوون چووم بوومە عەنتەر، بۆ یەکی دی هەڵپەڕیم
ئێستە وەک ڕێوی بە شەو بۆ سیرمەکۆن دەخولێمەوە
خۆزگە هەر مردن هەبا و دەردی پەشیمانی نەبا
دیزە هەر بۆیە دەڵێ: بشکێم و نەزرینگێمەوە
چەند گوتم لەو ساز و فیکە خۆم ڕەها کەم، هەر نەبوو
وەک گیای ویشک لەسەر ئەو پنجە هەر دەڕوێمەوە
پشت بە یاری بێ بەڵێن وەک «هێدیتخلص» نابەستم ئیتر
تازە حاشا من لە پەیمان و وەفا بدوێمەوە
تا لە تۆ دوورم موکوریان، دڵ بە هیچ ناپشکوێ
من خراپ بووم، ئێوە چاک بن، لێم گەڕێن با بێمەوە