گراوی
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
1 دقیقه
1188 مشاهده
خۆشەویستی دەرد و ژانی بێ ژماری پێوەیە
مەینەتی چۆل و چیا ڕیسوایی شاری پێوەیە
دوور دیارن ئەو کەسانەی عاشق و سەوداسەرن
ڕەنگ و ڕوویان مۆری غەدری ڕۆژگاری پێوەیە
جێی وییە سەر هەر دوو دیدەم بۆیە هەر لایە دەچم
دار و دیواریش دەبینم نەخشی یاری پێوەیە
نەک نیگام سەر هەڵگرێ بۆ سەر گوڵی تر سەربەخۆ
چاوی من لەجیاتی پێلوو، پەردەداری پێوەیە
هەر لە بەژن و بسک و هەنیە و گەردنی، تا خاڵی ڕووی
پاکی بەڵگەی قودرەتی پەروەردگاری پێوەیە
نەمرێ وەستای گوارەکانت، بەو زریزەی ناسکەی
شاهکاری کردووە، هێندی وردەکاری پێوەیە
سوور دەزانم لەو قەرارە ڕۆژێ فیتنە ساز دەبێ
گەر دەبینم مانگی چاردە فێسی لاری پێوەیە
ئاشکرایە نازی گەر دەڕوا، ڕوانینی بەڵام
چەند ئەوەندەی نازی ڕازی نادیاری پێوەیە
شێعری من بۆنی گراویی لێ دێ، «هێدیتخلص» مەست دەکا
جا کە خۆی بێ چی بەسەر دێ، سەد بەهاری پێوەیە