کوێستان خان
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
2 دقیقه
769 مشاهده
ئەو پارچە شیعرەی خوارەوەم لە وەڵامی خانمێکی مامۆستای ناوەندیدا بەناوی «کوێستان خان» نووسی و بۆم ناردە سولەیمانی، کە ئەویش کاتی بەشداربوونم لە میهرەجانی ٧٠ ساڵەی حکومەتی شێخ مەحمودی نەمردا بە پارچە شیعرێک بەخێر هاتنی منی کرد لە سولەیمانی.
غەڵفم زۆر دی، تورت و تەڕ و شلک و نوێ
لە سەرچاوە و لە گوێی ڕووبارێ بڕوێ
خۆرکەوتنان زەردەی تاوم بەدی کرد
بۆ سەیری کوردستان سەری هێنا سوێ
«کوێستان»ی بەرزم دی ئەویش لە گەرمێن
سەری سەوز و گوڵی لە سینگ و بەروێ
قومری و قەناریم دی تەڕی بەهارێ
نەغمەیان پێ بوو بە سۆز و تام و خوێ
نە گوڵێکم دی لە شیعری تۆ بەبۆنتر
نە بولبولێ بزانێ وەک تۆ بدوێ
دەمدی گوێ لە واژەی شیرنی تۆ دەگرن
پۆل پۆل، پەری بە جوێ، ئەستێرە بە جوێ
هەرچەند بولبول بە کوڵ دەیناڵاند بەڵام
هەڵبەستی تۆ لە کوێ، بەستەی وی لە کوێ؟
نەیاری تۆ و فەرهەنگی تۆ و گەلی تۆ
یاخوا بە سەر سەردا بێ وا هەڵەنگوێ
وتاری تۆ سرودی بێ نەمانە
لە بەرزیدا لەگەڵ هەوران سەر دەسوێ
دایکی وەتەن تۆی هەر بۆیە پێگەیاند
گەنجینەی بۆ داخەی بە هەڵبەستی نوێ
لە کوردستان نەبێ، ئەرێ لەکوێی دی
میوان وا خۆش بەخێر دێنێ خانەخوێ؟
باڵاکەت وەک ئاڵا بێ، ڕاست و هەڵکراو
دڵی دۆستت شاد و دڵی دوژمن توێ
پەژارەی نامێنێ، هەستی گڕ دەگرێ
«هێدیتخلص» ئەگەر ئاهەنگی تۆی دێتە گوێ
لای بیری وردی تۆ تەبعی من چ بکا
گەر وەک ساوا لە بێشکەی خۆیدا نەنوێ؟