تۆڵە ئەسێنم
از کتاب:
پاشمەرگەی قانع
اثر:
قانع (1898-1965)
1 دقیقه
1420 مشاهده
بە سەرما ڕامەبوورە کاکی زاڵم!
لە دەستی زوڵمی تۆ، وێرانە ماڵم
بە شەو ئێشکچی ماڵ خان و ئاغام
بە ڕۆژ کۆڵ کێشی پووش و دڕک و داڵم
ئەگەر ڕا کەم لە بۆ مڵکی یەکێ تر
لەوێشدا قوڕ بە سەر هەر عەینی حاڵم
لە دەس قانوونی پیسی میر و ئاغا
لە هەر لا بم، بە دەس زوڵمۆ ئەناڵم
دە زاڵم نۆرەمە، خۆت ڕاگرە بۆم
بچێژە شەربەتی گورز و گۆپاڵم
بە تەنیا چاو لە قونجانێک بزانە
ئەسێنم حەقی زوڵمی چەند ساڵم
حەقی جووتیار و پاڵە و ڕەنجبەرانم
حەقی چەوسانەوەی خۆم و مناڵم
بە زەبری چەکوشی کاوە مێشکی ئەپژێ
قەوارەی پوچەڵی، زوحاکی زاڵم
چ خۆشە بێتە دی، ئامانجی بەرزم
ئیتر کۆشک و تەلاری میر نەماڵم
چ خۆشە هێزی ڕەنجبەر ڕابماڵێ
قەڵا و زیندانی ئاغای بەد فەساڵم
چ خۆشە من بڵێم ئاغا چ کارەی؟
بڵێ: ئەمڕۆ لە گومرکدا حەماڵم!
چ خۆشە میر بە عینوانی کرێکار
بڵێ: ئیشت نییە؟ ئەمڕۆ بەتاڵم!
چ خۆشە قانعاتخلص بێ خۆف و ئەندێش
بڵێیت: زاڵم لە کوێیە، من زەواڵم