ورینگە

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  716 مشاهده
هەر لە ڕێت کەوتم و نەمزانی لەبەرچی وایە
ڕۆژ نییە ڕووی تۆ، کەچی چاوی لەبەر هەڵنایە
لەشی نەرمت لە وشەی ناسک ئەگەر داڕێژم
سەد هەزار هێندی وشەی تر هەوەسی تێدایە
نواندنی مەڕمەڕی سینەت لە کراسی تەنکا
وەک لەرەی مانگی شەوی چاردە لەناو دەریایە
سەر دەشێوێ لە خەیاڵ و لە من و، هەڵبەستم
بۆنی کەزیەی تۆ ئەگەر دێ بە کزەی شەوبایە
خەمی من بۆیە لە ژێر سێبەری تۆدا دەڕەوێ
پرچی تۆ پەرچەمە، باڵای تۆ وەکوو ئاڵایە
مەم لە ئێخەت سەری هەڵداوە ئەویش سەرتاپای
چەق و چۆیە، تەزووە، لەرزە، مچوڕکە، تایە
کە هەنێت بسکی لەسەر لادەچێ، لالەی ڕووتە
گەردنیشت ئەگە خاڵ لێبگەڕێ مینایە
چاوی تۆ زۆر لە ئەوین ئەدوێ لەگەڵ من چ بکەم
مەست ئەدرکێنێ قسە و، دوایە دەکا حاشایە
دەمی عیسا وەکوو ئەفسانە لەلام وا بوو بەڵام
کە بزەی تۆم دی منیش هاتمە سەر ئەو بڕوایە
حەز دەکەم قەت لەسەرت کەم نەبێ موویەک، چونکە
هەیە پەیوەندی لەگەڵ ژینی من ئەو هەودایە
تا کراس دەخزێ لە سینگت مەمی تۆ دەکوشێ، بەڵام
دزی خۆماڵییە، ناگیرێ بە هیچ دەزگایە
نییە وەک شیعری من ئەوڕۆ تەڕ و تێراو، ئیتر
قەدی شلکی تۆ کە هەڵبەستی خوایە، جیایە
شەرم و، ئاوات و، نیاز و، هەوەسی لێ دەڕژێ
پەیکەری تۆ لە سەر و سینگ و کەمەر تا پایە
هێندە شیرن ئەدوێم بۆ تۆ، لەناو بێشکە مەگەر
دایە بەو شێوەیە بۆی کردبی لای لایە
«هێدیتخلص» یادی دەمی تۆی پێ نەکرا، چارە چییە؟
خاڵەکە هێندە بچووکە، بە خەیاڵا نایە