کاڵە

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  1220 مشاهده
جووتێ کاڵەم هەبوو ساڵێ لە چەرم
تیسکن و تای یەک و ئەستوور و گەرم
سفت و بێ گنج و گرێ و لێک و لەبار
شلک و بێ مەنفەز و بێ هەنگ و نەرم
لوت قوت و پانیە بڵیند و ڕەنگ خۆش
کەوڵی شێرێ بوو لە ڕۆژی خەتەرم
لێو بە گژنیژ و سەری پەنجەدار
کوڕی گووەند و شەریکی چەپەرم
سوک و بێ هەست و لە هاتوچۆدا
خۆم بەوە هەستم ئەکرد بەختەوەرم
لە چیا و ڕژد و هەڵەت چنگوڕکی
گیر ئەکرد بێ ئەوە بێڵێ بلەرم
بەن لە مووی بزنی سپی و ڕەش تێکەڵ
وەکوو ئاوریشم ئەهاتە نەزەرم
بەو بەنە گرژ و درێژە دەمبەست
هەر لە گوێزینگەوە! تاکوو کەمەرم!
کە لە پام توندم ئەکرد بۆ ڕێگە
دڕک و داڵ حەددی چ بوو بێتە بەرم
خەڵکی ئەو ناوە لەبەر قۆچاغی
هەرچی ئەیدیم وەیئەزانی تەتەرم
دەرەوەی توکی وەکوو مەخمەر بوو
ناوەکەی لوس بوو وەکوو پێشە سەرم
تا ئەوانم هەبوو بێزم نەدەهات
ناوی هیچ چەکمە و پۆتینێ بەرم
وەختی ڕێگا وەکوو پێڵاوێ لە پام
کاتی خەو دەبوە سەرینێ لەسەرم
ڕوی نەبوو چەکمە لەپا بێ بۆلام
گەر بهاتایە بە تەقیە و بە شەرم
وەکوو ئەو کاڵەیە نەمدی ئیتر
ئەو حەوت ساڵە کە من دەربەدەرم
شۆرشی کرد لەگەڵم خۆشم ئەویست
نەک بڵێی من بە سرووشت وا لەچەرم
تاشە بەردێکی دڕ و بەدفەڕ و تیژ
ئەوی کون کرد و لەتی کرد جگەرم
ئەو کە بەو جۆرە لە دەستم بۆوە
ڕۆژ بە ڕۆژ زۆر ئەبێ دەرد و کەسەرم
هەر لەبەر حورمەتی ئەو من پاش ئەو
لە هەموو کاڵە ئیتر بێ خەبەرم
شینی ئەو کاڵە تەواو ناکەم قەت
سەد وەک ئەو نامە بمێنێ ئەسەرم
هێشتە هەر بیری ئەکەم یادی بەخێر
لێم جیا بۆوە ڕەفیقی سەفەرم