ڕزگاری
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
3 دقیقه
1187 مشاهده
وەرە با ئاگری دڵ دابمرێ
تا کەی ئاخر غەمی تۆ دام بگرێ؟
دڵ وەکوو چاوی خەواڵووت داماو
ژین وەکوو کەزیەکەت ئاڵۆز و بڵاو
خۆشەویستیت لە دڵی دێوانە
وەک خەزینێکە لەناو وێرانە
دەس بدا دەست لە ژیان هەڵدەگرم
بۆ بزێکت کە بە شادی بمرم
خوێنی دەڕژێ کەسێ لێوت بمژێ
سەیرە من تۆم نەدی خوێنم دەڕژێ
تا فیدای تۆ نەبێ ژین یەکجاری
تۆ وەدەس چۆن ئەکەوی ڕزگاری؟
بە کەمی مەگرە ژیانی بە ئەوین
دە ئەوین دایە هەموو تامی ژین
دیمەنت، هەردت، هەوارگەت، ئاوت
ئەو چیای سەر لە تەما شێواوت
پۆلە ئاسک مەلی ئاوارە لە چۆڵ
لاوی داخ بردە لە دەس دوژمنی زۆڵ
کەویە بەفرت لە نواڵەی کوێستان
دار و بەردت، هەموو جێت، کوردوستان
بانگ ئەکەن ئێمە ئەبێ سەربەست بین
لەش ئەنێژین، ئەمرین، دەربەست نین
نابەزین، ئێمە ژیان وەرئەگرین
ناسرەوین، ئێمە ئەبێ سەر بکەوین
خائنت با لەتۆ ڕوو وەرگێڕێ
خۆی بەدەس دوژمنی تۆ بسپێرێ
سەری شۆڕ کا دژی تۆ تێکۆشێ
بۆ بژیو خوێنی شەهید بفرۆشێ
سەری پێدەشت و دەمی کێو پارە
سەر لە بەردان کوتێ ئەو پەتیارە
بەرژەوەندی نەبێ، ویژدانی نەوێ
نەسرەوێ ڕۆژ و شەوێ دانەکەوێ
چارەنووسی تۆ بخاتە ژێر پێ
چارەنووسێک کە بەبێ ویش هەردێ
تۆ بسووتێنی، بە من پێ بکەنێ
قوڵکە بۆ ناشتنی خۆی هەڵبکەنێ
تۆ بەڵام هەر هەتە دواڕۆژی خۆش
زۆر کوڕی دیت هەیە بۆ تۆ بە پەرۆش
کوڕی ئازا کە دەبەر تۆ دەمرێ
ڕێی هەموو فێڵێ لە بیژو دەگرێ
لەمپەڕی تۆیە لە ڕۆژی تاڵی
هاودەمی تۆیە دەمی خۆش حاڵی
تێک دەدا کەند و کوڵۆ و کۆسپی ڕێت
جاشی ڕووڕەش دەکەوێتە بەر پێت
گەلی تۆ کاتێ ئەتۆی دی داماو
چاوی سەرچاوە بوو، بۆ تۆ پڕ ئاو
خێری بۆ لاوە بوو شەڕ بۆ تۆ بوو
زێڕی بۆ دوژمن و زەڕڕ بۆ تۆ بوو
ڕاپەڕی دەستی درێژ کرد بۆ چەک
کیژ لە خۆی داڕنی گوارە و کرمەک
هاتە ناو سەنگەری خۆ پاراستن
کەوتە بەر ڕێژنی ئاگر و ئاسن
بەرزی کرد پەرچەمی شۆڕش زانی
تۆ بە خوێن دەست بکەوی هەرزانی
وەکوو تیرێ لە کەوانت دەرچوو
دە دڵی دوژمنەکانت ڕاچوو
سەر نەوی بوو لەبەرت سەر بزوێن
تەرمی ناپاکی وی ڕاماڵی خوێن
ڕۆژێ دێ تەم لە سەرانت بڕەوێ
تیشکی ئازادی لە داوێن بکەوێ
کوڕەکان بێن و لە دەستا گوڵی ئاڵ
کیژەکان تێکەڵی کەن بسک و خاڵ
لەبن ئاڵای تۆ هەموو دەس بگرین
پاکی سارێژ بنەوە کۆنە برین
دەنگ بەرز کاتەوە ڕۆڵەی دڵسۆز:
نیشتمان، جێژنی کوڕانت پیرۆز