پێنجخشتەکی قانع لەسەر شیعری خەنجەری کوڕی لەبارەی بۆمبای زەڕییەوە

از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
 3 دقیقه  694 مشاهده
دڵ هێندە پەرۆشە هەر ئەڵێم من ئەبێ چی بکەم
ئایا بە چ جۆرێ خەفەت و دەرد بە با دەم
وا چاکە هەمیشە کە بڵێم تا وەکوو من هەم
«ئەی بۆمی زەڕی دوژمنی گیانی هەموو عالەم
ئەی ئاڵەتی ئەسبابی خەم و گریە وو ماتەم»
ئەی کردەوەیی پیاوی بەد و خوێنمژ و ناکەس
بەسیە زەرەری کۆڕی بەشەر، بەسیە ئیتر بەس
هەر شارێ کە تۆی تێ چێ ئەسووتێ وەکوو قەقنەس
«ئەی قاتڵی ئەڕواحی گەلانی کز و بێ دەس
ئەی چۆڵکەری شاران و دێهاتان و کەژ و چەم»
ئەی بۆمی زەڕی پیس و چەپەڵ، پیاوکوژ و خونخوار
قەت ڕووت نەیێ لەم دەورە کە سەر بێنیە بازار
پیسیت! وەکوو پیسی، لە نەزەر پیاوی خەبەردار
«ئەو عیلمە کە تۆی دۆزیۆ، خوا بیبڕێ سەد جار
کەی عیلمە ئەوە جەهلە کە تۆی هانیە بەرهەم»
باست بکرێ فەرقی نییە، شارە، چ دێیە
کەس ناڵێ ئەمە ئیشی جوانی دەسی کێیە
هەر تف ئەکەنو لەم هونەرە بێ سەر و پێیە
«لات وا نەبێ ئەو عیلمە، کە عیلمێکی بەجێیە
دەستی ئەجەل و مێحنەت و وێرانەیە سەرجەم»
دەک بۆمی زەڕی تۆوت لە ڕووی گێتی نەمێنێ
خوا تۆڵەیی ئەو لاشە کوژاوانە بسێنێ
بە زیاد نەبێ ئەو بیرە کە ئەو تۆوە ئەچێنێ
«چاوی نەبوو ئەو بیرە کەوا ڕێیێ ببینێ
ئازادی بکا کۆمەڵی بێ بەرگ و بەبێ ژەم؟»
ئەو قەیسە چ قەیسێکە کەوا جەنگ بڕ بە لەیلی
مەیدانی شەڕ و شۆڕشە بۆ کێوی دوجەیلی
دەک بەرقی غەزەب لەتلەتی کا زوو دڵی کەیلی
«خوێن ڕشتنە، چۆڵ کردنە، پیاو کوشتنە مەیلی
دەک مەیلی بە ئاواتی نەگا کز ببێ کەم کەم»
چەن خۆشە برا ئەو دەمە،‌ ئەو ڕۆژە کە زوو بوو
میللەت وەکوو باوک، کچ و کوڕ، وەک بوک و شوو بوو
جل چەرمی نەدورواو و خورش پووس و بەڕوو بوو
«سەد خۆزگە بە ئەو ڕۆژە عیلم پەست و نەبوو بوو
عالەم هەموو دڵشاد و بەبێ ترس و بەبێ خەم»
بۆ هەموو خوێندەوارەکانمان تکا ئەکەم نەفەرموون قانع چونکو خۆی بێ عیلمە، عیلم بە چاک نازانێت. برا شیرینەکانم! بە چاوێکی تێبینی تماشا بکەن. هەر وەکوو من چاکی عیلمم وتوە وە خراپیشم هەر وتوە. ئێوە ئیشی چاکی ئەبینن وە خراپیش هەر ئەبینن، بەڵێ عیلم ئەگەر ئاسنی نەدۆزیایەتەوە، گاسن و ئەسبابی زەوی کێڵان نەبوو، ئەبوا گژ و گیامان بخواردایە وەکوو دەوری بەرد. بەڵام خەنجەر نەبوو، تۆپ نەبوو بمانکوژێت، بە ئوتومبیل نەبوایێ بە پێ ئەڕۆیشتین وە مانوو ئەبوین بەڵام مُدَرَع نەبوو، دەبابە نەبوو تەیارە نەبوو بمانکوژن وە بمان سووتێنن. کەوابوو چاکە و خراپەی عیلم وەکوو من وتومە بەرابەرن.