سەدەی بیستەم

از کتاب:
پاشمەرگەی قانع
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  881 مشاهده
ئەم قەڕنە کە وا خەڵکی ئەڵێن قەڕنی ژیانە
دەورەی هونەر و یەکیەتی و بەرزیی گەلانە
زانین لە بروزدایە، نەزانین لە نەمانە
گۆیا بە درۆ ڕۆژی سەفا و سەیری جیهانە
وەڵڵاهی ئەڵێم ڕۆژی خەم و دەردی گرانە
بڕوانە: یەکێ مەستی مەی و ماتی خومارە
هێندێکیش ئەڵێی خیلقەتەکەی، میچی قومارە
هێندێ بە قەزاگێڕی سەری فلس و دینارە
هێندێ بە ڕەزالەت لە هەموو گێتی دیارە
هێندێکیش ئەڵێی جۆکەری دەورانی زەمانە
سەیری کە: یەکێ مەیلی لەسەر گایینی نێرە
یەک یەک بە پڕوپیرەژنی بێکەسە فێرە
یەک برسی و داماوە، یەکێ پۆشتە و تێرە
یەک دەوڵەمەنی گوونەکەری بێ دڵ و خێرە
ئەم جامیعە سەد ڕەنگە، ئەڵێی کانیی ژنانە
ئوستادی ئەدەب خۆی بە ئەبەد مەستی شەڕابە
بۆ پۆکەر و بۆ دانس، دڵ و جەرگی کەبابە
بۆ هووشە و فیشاڵ، عەجەب عالیجەنابە
شێخ و بەگ و میران و مەلا، پاکی خەرابە
دەک دەستی غەزەب هەڵگرێ ئەم دەور و دووکانە!
کوڕ بابی ئەسووتێنێ لەبۆ تاکە قەرانێ
بابیش کوڕی خۆی سەر ئەبڕێ بۆ لەتە نانێ
ئاغا وەکوو شێرە لەبۆ تاڵانی شوانێ
زانا بە دووسەد حیلە ئەفەوتێنێ نەزانێ
هەی خۆت وەکوو خۆت، چەرخی ستەمکاری زەمانە!
«نادی» کە بە قانوونی ئەدەب شوێنی پیاوە
جێگەی هونەر و فەلسەفە و عیلمی تەواوە
بڕوانە چلۆن ئێستە وەها زەنگی زڕاوە
مەیخانەیی مەخسووسە لە هەر لایێ کراوە
لەو جێگە چ هەرزانە شەرەف! «بیرە» گرانە
ئوستادی [موعەللیم] چ بڵێم ئیشی چلۆنە!؟
بێ خوێندن و زانینە، بە دەم وەک ئەدیسۆنە
ئەو خوێندنە ئەو خوێندی نە ئەحداس و نە کۆنە
عەتر و وەزەنی و ئاوێنە و سابوون و ڕۆنە
بڕوانە، ئەڵێی گەورەکچی خانی کچانە
[مەللا] کە لە لای دەردی ئەڵێن پیاوی خوایە
سەرمێزەری دینداری و شانی بە عەبایە
بۆ دەفعی خەم و خوسسە وەکیلی فوقەرایە
شەرعی نەبەوی هەر لە کن ئەو ڕێک و ڕەوایە
مێبازە، وەیا (...ە)، خەریک کردن و دانە
بڕوانە لە ئەحواڵی مودیرانی ئیداری
بۆ گرتنی بەرتیل وەکوو تانجی شکاری
دانیشتووی سەر مێز و، هەموو مەست و خوماری
سەر بۆز و زگ ئەستوور وەکوو ورچی نزاری
........متن نامشخص م..............................متن نامشخص نە