شۆڕشی سەرکەوتوو

از کتاب:
پاشمەرگەی قانع
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  737 مشاهده
ئەی کوردە، بەسە قوڕبەسەری و گریە و ناڵین
تا کەی بە کزی و لارەملی، عاجز و غەمگین!؟
سوودێکی نییە بتپەرسی و خزمەتی چرچیل
ڕاستۆ بە دەسا ڕوو کەرە دەرباری ستالین
چەن ساڵە کە تۆ فێڵ و درۆی چرچیل ئەبینی
نەتناسیوە هێشتاکوو کە ئەو خێڵە لە سەر چین
ئەو دەسبڕە چەن ساڵە بڕی دەستی من و تۆ
ڕەببی لە بنا دەستی بڕن، کافری بێ دین!
گشت زاڵم و زۆردار و، هەموو خوێنمژ و دەسبڕ
دوژمن بە گەلی کورد و، هەموو قابلی نەفرین
ئەو کۆمەڵە بەدکارە لەبۆ نەفعی خسووسی
پاماڵی ئەکا حەققی هەموو میللەتی بێ تین
ئەتکا بە کەری باری عەجەم، گاهێ بە ناحەق
یا حوشتری ژێر باری عەرەب، تاوێ بە سەد قین
کوردە، وەرە بنواڕە دەوای دەردت لە کوێیە
هەر پەیڕەویی لینینە دەوا و چاری نەخۆشین
نابی بە کەر و عەبدی هەموو بەگلەر و توججاڕ
لۆرد نابێ بە باخات و، گەدا نابێ بە پەرژین
سواڵ ناکا لە کەس سواڵکەرێ یا بەچکەگەدایێ
کوڕ ئاغا لە سەر تەخت و لە ناو دۆشەکی زێڕین
خوێنی من و تۆ ناکەنە پیاڵە لەبۆ ئاغا
بیخواتەوە ئاغات وەکوو شەربەتی شیرین
ماڵ و سەر و ڕۆحم بە فیدای ئاگری سوورە
ئەو ئاگرە پڕ جۆشە ئەکا ڕەجمی شەیاتین
چەن خۆشە کە ئەو ڕۆژە بڵێسەی گڕی ئاگر
وەک بەرقی غەزەب دێت و دەچێ، لێرەوە تا چین
تۆڵەی من و تۆ وەرئەگرێ کوردە لە چرچیل
ئەو ڕۆژە کە وا خەتمی ئەکا شۆڕشی بەرلین