نەخۆشم، چی بکەم!؟

از کتاب:
پاشمەرگەی قانع
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  1035 مشاهده
وەرن یاران لە سەیری چەرخی دەوران
بزانن چۆن ئەژی دەستەی فەقیران
چەم و قۆپی و دەرودەشت مڵکی «خان» ە
خوا داویە بە حاجی ماڵ و دووکان
کەژ و کێو داخڵی ئەوراقی مڵکە
لەسەر ماڵە، بەر و بەردەرک و کۆڵان
شەقامیش ڕێگەیە و نابێ تیا بی
ئەمەش مەعلوومە نابێ چیتە سەربان
لەبۆ تەکیە بڕۆم، دێوانە خێرا
بە شیر و زەرگەوە لێم دێتە مەیدان
بڕۆمە خانەقا، سۆفی بە توندی
بە گژما دێ دەڵێ: لا، شێتی نادان!
***
خوا وا من نەخۆشم، ئێستە چی بکەم!؟
کە بێ جێگەم لە ڕووی ئەرز و لە ئاسمان
لە کوێدا ڕاکشێم هەرتاکوو ئەمرم
بەبێ شۆرباو، بەبێ ئاو و بەبێ نان
***
بەڵام شوکری خوا ئەو ڕۆژە ڕۆیی
فەقیر بەش بەش کرابوون چەشنی حەیوان
لە سایەی [چەکوش] و [داسۆ] هەروەکوو شیر
ئەڕێژم خوێنی دوژمن، سەهل و ئاسان
چ کۆتێ بوو لە پێی باپیری مندا
هەر ئەو کۆتە ئەنێمە لاقی میران
بە ئەو پەتکەی کە خنکانی براکەم
ئەخنکێنم هەزار ئاغا و خانان
بە هێز و کۆششی کاریگەرانم
قەڵای پۆڵا ئەبێتە گەردی بانان
تەواوی ڕێک ئەوەستێ بەرز و نزمی
ئەوی کۆنەپەرست بێ، دێتە ئامان
چ خۆشە دەستی ڕەنجبەر ڕایئەکێشێ
لە قەسرا قاسەیی ئاغا بە تاڵان
***
وەرن کاریگەرانم هەر وەکوو شێر
دەریبێنن خەزێنەی لۆرتی شاران
بە میزانی عەداڵەت بەش بەشی کەن
چ فەرقێکی نەبێ سالار و گاوان
بەسەر چوو دەوری ئیستیعماری بۆگەن
وەکوو سەگ هەڵوەڕێ و ڕوو بکاتە ئاسمان
بژی ئەو بیرە تیژە ئەمیە دانا
کە ڕووخانی قەڵای فیرعەون و هامان
بژی کاکی ستالین بۆ نیهادی
لەگەڵ دەستەی فەقیران و هەژاران
ئەگەر بۆ خۆت نەبوو قانعتخلص، مەترسە
نەوەت سەربەست ئەژی، بێ زەجر و لێدان