قانع و شوان
از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
3 دقیقه
1768 مشاهده
ڕۆژێ ڕێم کەوتە سەر بەندی شاخێ
کێوێکی دارسان بەرزە دەماخێ
کاتیش چ کاتە؟ کاتی بەهارە
کوردستان هەمووی چەشنی گوڵزارە
کاتی ئازادی دیلی زستانە
سەیر و تەماشای دیدە مەستانە
نزار پڕ لە گوڵ، گوڵی فراوان
سەوز و سوور و شین وەک دڵی لاوان
کەرەس لەسەر چووز، مەنێ بە خەروار
هەڵەکۆک زۆر کۆک، کاشمە لە ناو غار
ڕێواس سپی و ساف، وێنەی شووشەی زیو
شەماڵ لێی ئەدا، ئەم دیو بۆ ئەو دیو
پیچک بە یەک چڵ، وەک من تەنیا و تاک
ئەو لە سای سێبەر من ئامێتەی خاک
خوژە گەڵا لوول، قومام کڵاو لار
تریشکە و تەڕلە، هەزاران هەزار
وەنەوشە لە چەم، لە پای بەفراوان
هەڵاڵە برمە، فرمێسک لە چاوان
بەرزەلنگ سەربەرز، گاگۆراڵ بە تەوق
بۆی ئەدابابا گەش و پڕ لە شەوق
کە زانیم دنیا تەواو گوڵ گەشتە
چەپکەی نزاران چەشنی بەهەشتە
***
پاڵم دا بە پاڵ دارمازوو دارێ
ڕوانیم کە تک تک عەتری ئەبارێ
نواڕیم لە لاما هەندێ حەیوانە
پڕمەی مێگەل و تەقەی گۆچانە
دیم نەوجوانێک کەپەنک لە بەر
گاڵۆک لە مەچەک، کڵاو لە لای سەر
شمشاڵێکی زەرد لە تۆی پشتێنی
مەر چاک تێفکری، ئەرنا نایبینی
مەرحەبا خاڵۆ، چۆنی کاکە گیان؟
لەویا کەوتە بەین، قانع و شوان
مامە بە خێر بێی، خەڵک کام خێڵی
چیت لە ون بووە، بەم جۆرە وێڵی؟
وتم بابە گیان دڵم ون بووە!
ئەی تۆ نازانی کە بۆ کوێ چووە؟
پێکەنی وتی: مامە دڵ گشتمان
ئەسووڕێتەوە بۆ دەوای نیشتمان
تۆزێ ڕاوەستە، بانگی بکەم بۆت
بیخەمەوە ناو سینەی تەنگی خۆت
نەوی لە شمشاڵ لە هەوای هەی دڵ
هەی دڵ! هەی نامەرد، هەی نازک وەک گوڵ!
کە پەنجەی جووڵان، هەر یەک هەوایێ
هەر یەکە دەنگێ، هەر یەک نەوایێ
گوێم گرت کەوتە سەر بەزم و شۆری نەی
چۆپی، چەمەری مقامی «وەی وەی»
گا «مینا مینا»، تاوێ «تەل و بەل»
گا «لەیلی لەیلی» هەوای لای مێگەل
تاوێ «خرنگەکە»، تاوێ «ئای نەخشان»
گا «چاوە ڕەشێ»، بەزمی «شانەوشان»
تاوێ «سێ پێیی»، گا هەوای «لای ڕان»
گا «هەی سوار هەی سوار» بەزمی ڕووی مەیدان
گا «سەوزە سەوزە»، تاو تاوێ «حەیران»
گا «بووک و خەسوو»، بەزمی «ژن هێنان»
***
خاوی کردەوە کرژی دەمارم
کەوتەوە بیرم، یاری دڵدارم
کز کز بۆی گریام، تا تەواوی کرد
زانی پەشێوم، شمشاڵی لابرد