هەتیو لە ڕۆژی جەژنا

از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
 1 دقیقه  1015 مشاهده
جەژن، ڕۆژێکە ڕۆژی شادییە
ڕۆژی سەیران و دڵ ئازادییە
ڕۆژی نیشات و کەیف و دەماخە
ڕۆژی سەیران و سەیرانی باخە
گشت کەس بە دڵخۆش لەناو مناڵی
هەموو بە مەرام حاڵ و ئەحواڵی
هەموو لیباسی تازە لە بەردا
هەموو مێزەری شیرین لە سەردا
ئەم بۆ ماڵی ئەو، ئەو بۆ ماڵی ئەم
ئەسووڕێنەوە بەبێ دەرد و خەم
دەم بە پێکەنین، دڵ پڕ لە سروور
لیباسی بەریان زەرد و سەوز و سوور
ئەمما بۆ هەتیو، ڕۆژی زارییە
ڕۆژی گریان و بێ قەرارییە
نە دایک سەر و جلی ئەشۆرێ
نە باوکی هەیە، بەرگی بگۆڕێ
نە پارەی هەیە، بیبا بۆ سەیران
هەر وەکوو باقی دەستەی هاوسەران
بەبێ خەمخۆر و بێ پشت و پەنا
بێ پێکەنین و بێ هەرا و زەنا
سەر کز و پەشێو، لەبن دیواران
عاجز و مەلوول، وەک ئازێتباران
دڵسۆزی نییە دەس خاتە شانی
خەرجی ئەو ڕۆژە کاتە گیرفانی