دەمەتەقەی نێوان هاوار و بایز
از کتاب:
ئاڵەکۆک
اثر:
هژار (1921-1991)
2 دقیقه
1183 مشاهده
هاوار:
من ڕەنجبەرێکم بە ڕەنجی بازوو
ئارەق ئەڕێژم ڕۆژ و شەو، ماندوو
زستان دارکەر و بەهار شوا نم
پایز جوتیار و هاوین سەپانم
سانەوەم نیە لە ساڵێک ساتێ
نەک ئاغام زویر بێ و نانم نەداتێ
حەڵقەی غوڵامی، ئاغام لە گوێیە
چی ئەو بفەرموێ بەرێ و جێیە
زۆر جار، لە مەلای گوندم بیستیە
ناحەزی ئاغا، تەڵاقی نییە!
بایز:
هاوار! نازانم کە تۆ ڕەنجبەری
کوڕێکی ئازاو ژیر و ئیشکەری
لە ساردی و گەرمی ئارەق ئەڕێژی
لە شیرینیا تاڵی ئەچێژی
کەوایە، بۆچی، ڕوو ت و هەژاری
مەگەر گیرۆدەی دەستی زۆرداری
ڕزگاریت نیە لە دیلی و بەندی
کەوابێ بۆچی؟ تۆ هونەرمەندی
هاوار:
بایز گیانەکەم، گوێ بگرە برات
من ڕەنجبەرێکم ماندوو بێ ئاوات
چی لە ڕۆژاوا، چی لە ڕۆژهەڵات
چی فێر کراوم، عەزمم بێ و سوبات
چیم پێ ببێژن، فەرمانڕەوا بم
هەر چۆ نی بڵێن ئەبێ وەهابم
خاوەنی فەرمان ئەو ئەمژێینێ
ئیشی بۆ ئەکەم خوێنم ئەرژێنێ
بایز:
هاوار! ئەزانم زۆر بەختیاری
لە جێی ئیش کردن، یەکجار بە کاری
ئینتاجی زەوی تۆ دەینێی بەرهەم
کەچی حەرامە، لە تۆ زۆرو کەم
تۆ لە بەر هەتاو زەحمەت دەکێشی
ئەو لە سێبەرا بە کەیف و خۆشی
خاوەنی ئاوو زەوی درۆیە
کە تۆ ڕەنج بدەی حەڵاڵێ تۆیە
هاوار:
بایز! ئەڵێی کەی دەبم بەختیار
کەی ڕزگار دەبم لە ئەرک و ئازار
ئەبێ هەتاکەی هەر خزمەتکار بم
هەر ڕەنجەڕۆبم، برسی و هەژار بم
ئەبێ تا ماوم هەروا بێ حاڵم
هەر ڕووت و قووت بین، خۆم و مناڵم
هەر کردەوەی من، بردەی ئاغابێ
هەتاکەی ئەبێ، ئەم کارە وابێ
بایز:
هاوار! هەمیشە تۆ بەختیاری
چونکە دوچاری ئەرک و ئازاری
تۆ کە ڕەنجبەری بۆ خزمەتکاری
کە خاوەند ئیش ی، بۆ چی هەژاری
گەر ئارەزووکەی، وانابێ حاڵت
ڕووت و قووت نابێ، ماڵ و مناڵت
کەی هەستت پێکرد، زۆر لێکراوی
بەختیار ئەژی، ئیتر، تا ماوی