مەم و زین

Fragmente von Liedern aus dem Epos Mäm ü zin
لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 2 خولەک  1650 بینین
کاکە مەم نۆکەری میری ڕەواندز بوو. خاتوو زین خوشکی میری ڕەواندز بوو. کاکە مەم دڵی لێ چوو؛ ئاشق بوو لە خاتوو زین. میر مەم ئاغای نەخۆش کەوت؛ پێنج ساڵ تەواو. کاکە مەم ئاغای بە کۆڵ گێڕا. لە دوای ئەم پێنج ساڵە شەرتی کرد کە خوشکی خۆی بداتێ. پیاو ماقووڵان جەم بوون قبووڵیان نەکرد. ئاقیبەت زین و مەم ئاشق بوون بە یەکتر. خاتوو زین کاسەی ئاوی دا بە کاکە مەم، میر پێی زانی. زستان بوو حوکمی کرد: «ئەسپێکم بۆ بێنن، کاکە مەمی سوار کەن، وە گۆزەی ئاوی پیا بکەن با بیبەستێ. دەری کەن با بڕوا بۆخۆی؛ دەریان کرد. بەو شەوە ڕۆیی بەنێو بەفر و سەرما تا نیزیک بەیانی داغل بە شاری کۆیە بوو. ئەسپەکەی بەڵەد بوو، لەبەر دەروازەی میری ڕاوەستا؛ حیلاندی. میر بەخەبەر بوو. بانگی کردە غوڵامان دەروازەی بکەنەوە بزانن ئەوە کێیە؟ کە چوون دەروازەیان کردەوە دایانبەزاند، هاوردیانە ژوورەوە. میر کە تەماشای کرد هەموو گیانی بەستووگیە . لێی پرسی گوتی: «چی کردووە بەم شەوە ساردە توویان دەرکردووە؟» عەرزی کرد: «لە بری چاکەی کە لەگەڵ برای تووم کرد، ئەمە جەزای بوو». میری کۆیە گوتی: «سبەیانێ سەد سوار دەنێرم خاتوو زینت بە زۆر بۆ بێننە ئێرە». زۆر حەمدی خودای کرد.
بەیت
جوابێ بنێرن بۆ شەمزینان
سوار بن لە ئەسپ و زینان
بۆ شەوقی مەم و زینان.
 
جانان! بکەین تەگبیر و ڕایە
جوابێ بنێرن بۆ زازایە
سوار بن لەبۆ ئەم سەفایە!
 
دڵم دەڵێی بەحری وانە،
لەنگەریان تێ بەردان گەمەی وانە.
 
جوابێ بنێرن بۆ باڵەکان
سوار بن لە کوێت و هەڵەشان
لە بۆ سەفای کیژ چاو ڕەشان.
 
کوێستان لە من داغان داغان
سوورگوڵ پشکوت لە چوارباغان.
 
کاکە زین و برالە زین و کیژە ڕێحانە!
ئاورێکم بەربۆتەوە لە دەروونێ
نە بە بایە دەکوژێتەوە نە بە بارانێ
نە بە پاچ و پێمەڕان نە بە گڵ پیادانێ
نە بە شێخەسووری کریوە، نە بە چاکەسواری تاژیانێ
نە بە سەید ئەحمەدی ساوانێ
نە بە تیپی سوارانی دەشتی کاولە حەریرێ
نە بە گوڵنگە و قویتاسەی کاری مووسڵێ.