شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی ٣

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 13 خولەک  645 بینین

شێخاڵ دەڵێ: نازانم بڵێم چییە؟

حەقی من بەکێ تەواو دەبییە؟

هەتا کەنگێ بەخۆڕایی ئەمن بچمە مەڕییە؟

ئەگەر حەقم دەدەنێ ئیحتیاجم بەدراوی نییە،

ئەگەر دەشیڵێم عەیب و شوورەیییە،

ئەمن بۆ دراوی نەهاتووم مەتڵەبم شتێکی دییە،

گوتیان: پێمان بڵێ بزانین چییە؟

گوتی: «قوربان! لە گەرمێنێ لە خزمەت سوڵتانی قەت پیاوی وەک ئەمن موحتەبەر نییە؛

هیچ ئیحتیاجم بەماڵی دنیا نییە».

گوتیان: «ئاخر پێمان بڵێ بزانین جیهەتی چییە؟»

گوتی: «بابە ئەگەر حەزێ دەکەن بچمە مەڕی بمدەنێ خاتوون ئەستییە،

ئەمنیش دەچمە مەڕی بە گۆڕەمەرگییە».

گوتیان: «قسێکی ساغە؛ بڵا بچینە خزمەت غەڵیفەی بزانین فەرمایشی چییە».

کێ بوو؟ لە کوڕی غەڵیفەی تازە لاوە،

سەری جڵەوی خۆیان بەردەداوە،

سەبرسەبر، لە دەشتی گەرمێنێ دەیانکردەوە ڕاوە؛

هەتا ڕۆژ لە هەموو شارێکی دەبوو ئاوا

دەهاتنەوە ماڵێ خۆیان دەبوون پیاوە،

دەچوونە خزمەت مام غەڵیفەی ئیکلامیان کێشاوە،

دەیانگوت: «قوربان! شوانەکەن دەڕوا. مەڕەکەن بێ ساحب ماوە».

دەیگوت: «شوانەکە چی لێ هات گەلێکی بدەنێ ماڵ و دراوە،

بچێتە بەر مەڕی خۆی ئەو شێخاڵە کەچەڵە تەواوە».

کوڕی مام غەڵیفەی گوتیان: «قوربان نایەوێ ماڵ و دراوە».

گوتی: ئەدی دەڵێ چی؟ دەڵێ: «خاتوون ئەستیم دەوێ، کێل گەردن و بەڵەک چاوە».

میر دەڵێ: «ڕۆڵە! یاخوڵا لەمنو نەکەوێ،

قەت کچی من ڕە شێخاڵە کەچەڵی دەکەوێ».

دەڵێن: «بابە چ بکەین ئەوە پاپەی گرتووە،

مەڕەکەی خۆڕایی کردووە».

دەڵێ: «ڕۆڵە! وەنەبی؛

مەڕی خۆڕایی کرد بەکونێ بابی.

ئەمن میری شاری داودییەی بم قەت کچی من بۆ پیاوی وا نابی».

هەڵستان کوڕەکان لەکن بابیان گەڕانەوە بەدواوە،

دەچوون لە دایکی خۆیان دەکرد سەڵاوە،

دەیانگوت: «دایە کارێکی خراپ قەوماوە،

مەڕەکان بەرهەڵدایە پاپەی لە خاتوون ئەستی گرتووە ئەو پیاوە».

دایکی دەڵێ: «ڕۆڵە! لە ڕووم هەڵمەگرن پەردەی حیجابێ»

دەبێ خاتوون ئەستی قوڕبەسەر بەختی هەروابێ،

هەتیوباری تووشی ئەستۆی بووە، جەرگی دایکی خەرا بێ؛

قەت کچی من بۆ شوانێ نابێ».

لەوێ قسەیان نەبوو تەواوە،

کوڕەکان هەستان هەرکەس بۆ مەنزڵی خۆی گەڕاوە.

سبحەینێ خەبەریان بەشێخاڵی داوە:

«سەبر بگرە هێشتا کارەکە نەبووە تەواوە:

خاتوون ئەستی قایلە، دایکمان ڕەزا نەکراوە،

ئەو مزگێنییە بەشێخاڵە کەچەڵە دراوە،

گوتی: ئەلحەمدولیللا کارم ڕاستی هێناوە».

شەو و ڕۆژ هەراسی بە مەڕی هەڵگرتبوو، لە بژوێنی دەلەوەڕاند، لە سەرینچاوەی دەدا ئاوە.

خاتوون ئەستی فەرخی بەخێو دەکرد تا شەش ساڵی دەبوو تەواوە.

خاتوون ئەستی بەبابی ڕادەگەیەنێ:

«خوڵا هەڵناگرێ بە منداڵی هەتا کەنگێی دەمرێنێ؛

فەرخۆڵە گەورە بووە دەفامێنێ.

مەسڵەعەت ئەوییە بیبەنە مەدرەسەی خزمەت مامۆستای بڵا بخوێنێ».

مام غەڵیفە وای جواب داوە:

«بە خاتوون ئەستی بڵێن ئەمن شاری داودییەم بەوی داوە،

جارێ فەرخۆڵەم بۆ بکا گەورە و تەواوە.

هێشتا بۆ خوێندنێ یەک دوو ساڵی ماوە».

خاتوون ئەستی گوتی: «تەماشای بابم کە، چەند فەقیر و بەستەزمانە

ئەتوو فەرخت نەناسیوە دەڵێی شەیتانە.

بەبێ مامۆستاش دەرسی ڕەوانە».

مام غەڵیفە گوتی: «ئەگەر وایە تەدارەکی بۆ بگرێ، بۆی بکاتە چراخانە،

ڕۆژی جومعەی دەیبەینە خزمەت مامۆستای ئینشاڵلا تا دەرسی ببێ ڕەوانە».

خاتوون ئەستی، ئەگەر وادەزانێ لەسەر یەک دەبژێرێ شوکرانێ، دەڵێ:

«ئەلحەمدولیللا، کوڕە فەقێکە دەچێتە قوتابخانێ».

سبحەینێ بەیانی دەنوێنێ،

پیاو دەنێرێ مامۆستا فەقێیان تێ دەگەیەنێ:

«بە مامۆستای عەرز بکەن، ئینشاڵلا فەرخ دێتەوە دەرسێ دەخوێنێ».

مامۆستا دەڵێ ئەلحەملای خۆش ڕادەبرێ گوزەرانە

گوتی بە فەقێکانە

«دەبێتە شیرنی خواردن لەو زەمانە؛

مزگێنیو لێ بێ فەرخی کوڕی مامادی دێتە ئێرەکانە،

دەگەڵی دەبێ خاتوون ئەستی کێل گەردنێ چاو جوانە.

جا فەقێینە هەموو مەبژێرنەوە شوکرانە»

سبحەینێ، ڕۆژ سەری دەرهێناوە،

تەدارەکی خاتوون ئەستی بۆ فەرخۆڵەی گیراوە،

لە هەموو ڕدێنسپی و پیاوماقووڵانی دەگێڕاوە:

«ئەلحەملای شوێنی مامادی نەکوژاوە

ئەوە فەرخۆڵە دەبەینە بەر خوێندنێ و سبحەینێ بەیانی دەنوێنێ، پیاوێکی زۆر زەریفە، عەدووان بەشەیتان و شمرییان لە قەڵەم داوە».

ئەوی خەڵق دەیگوت: «ئەلحەملای درۆیە پیاوێکی زۆر زەریف و تەواوە».

ناردیان چەندیان سەید و مەلا هێناوە،

لە مام غەڵیفەشیان دەگێڕاوە،

شیرنی و تەدارەک بۆ مەدرەسەی ڕەوانە کراوە،

چەند سیپارە بۆ فەرخی تەواوکراوە.

مام غەڵیفە هات؛ ڕەپێش کەوت. خاتوون ئەستی فەرخۆڵەی هەڵگرت، شاری داودییەی بەجێوە تەواوە،

هەمووی ڕووی دە مەدرەسەی مامۆستای دەکرد، وەژوورکەوتن، لێیان کرد سەڵاوە،

مامۆستا یەک پێ لەبەر مام غەڵیفەی و ئەو عالەمەی هەڵستاوە،

مامۆستا وا ئاوڕێکی داوە،

گوتی: «خاتوون ئەستی! یاخوڵا بەخێرێی ئەوە فەرخۆڵەت هێناوە،

سەیری خەڵقی چ شێتە، دەیانگوت: فەرخ بەخێو ناکرێ دایک و بابی نەماوە».

هێنایان سیپارەیان دە مست فەرخی ناوە،

بەو دەستی سیپارەی گرت، ئەو دەستیش قەڵەمەکەیان دە مست ناوە.

گوتی: «ڕۆڵە بخوێنە». گوتی: «بەڵێ مامۆستا دەخوێنم».

فەرخ دەڵێ: «مامۆستا، ئەلف، دەڵێ بێمە، دەڵێ جیم دەڵێ هێمە،

ئەتوو کەلاموڵلای خوار و سەرو بێنە،

هەتا مەعنای هەمانت پێ بڵێمە».

ئەگەر فەرخ ئەو قسەی کرد تەواوە،

شەقەزلێکی لە گوێی مامۆستای داوە،

گوتی: «تەماشای ئەرزێ بکە»؛ مامۆستا ئەو دنیای دی بەچاوە،

گوتی: «فەرخۆڵە زلێکی دیشم لێ دە». گوتی: «مامۆستا هێشتا حیسابت نەبووە تەواوە».

مامۆستای فەرمووی: «منداڵە؛ خاتوون ئەستی. ئێستا ئەگەر پێی بخوێنی

سەفی دەبێ؛ هێشتا دوو ساڵی دیی ماوە».

خاتوون ئەستی فەرخۆڵەی بەئامێزی گرت، بۆ ماڵێ گەڕاوە بەدواوە؛

فەرخ دەگەڵ کاری خۆی مەشغووڵە و دەگەڵ خاتوون ئەستیێ بەڵەک چاوە.

لەوێ بمێنێ گێچەڵی شێخاڵە کەچەڵی ژیاوە.

شێخاڵ دەڵێ: «چی دی ناچمە مەڕی؛ حەقم قەرار نەکراوە».

وێڵداش شوانی هاتەوە لەولاوە،

هاتۆتە خزمەت مام غەڵیفەی، ئیکلامی لێ کێشاوە،

دەڵێ: «شوانەکەمان ڕۆیی؛ بەتەنێ ئەو مەڕە بۆ من نەدەحاواوە».

میر فەرمووی: «ئەدی شێخاڵ چی لێ هات؟» گوتی: «قوربان! نایەتە مەڕی دەڵێ حەقم بۆ قەرار نەکراوە».

گوتی: «چەندی دەوێ بیدەنێ؛ چونکە شوانێکی چاکە» گوتی: «قوربان! دەڵێ حەقی من هەر خاتوون ئەستیی بەڵەک چاوە».

مام غەڵیفە ناردی؛ هەر چوار کوڕەکانی هاتن لەولاوە.

گوتی: «ئەوە چ قەرار و مەداریکو دەگەڵ ئەو شوانە حیزبابەی ڕۆناوە؟»

دەڵێن: «دیسان مانی گرتووە، مەڕەکە بەرهەڵدا کراوە.

لە دووی بنێرن بێتەوە، دا لێرە کاروباری بکەین تەواوە».

لە دووی شێخاڵیان نارد تەتەر و ئێڵچییە:

«بێتە ئێرە؛ بزانین کاری وی چییە».

دەیاننارد لە دووی شێخاڵیان دەهێناوە.

دەهاتە خزمەت مام غەڵیفەی، لێی دەکرد سەڵاوە،

مام غەڵیفە گوتی: «دەڵێن دوو ڕۆژە مەڕت بەرهەڵدا کراوە؟»

دەڵێ: «قوربان! هەتا کەنگێ بچمە مەڕی بەقسەی ناتەواوە؟»

دەڵێ: «مەتڵەبت چییە؟» دەڵێ: «قوربان! ئابڕووم لێ هەڵگیراوە،

مەتڵەبی من هەر خاتوون ئەستییە.

ئەگەر ئەویم دەدەنێ، دەچمە مەڕییە؛

ئەگەر ئەویم نادەنێ ماڵی دنیایەم بۆ چییە؟»

ئەگەر ئەو قسەی دەکرد و دەگەڕاوە بەدواوە،

لە دووی کوڕ و ژنی خۆی دەنارد، دەیهێناوە،

میر گوتی: «بەڵان ئەو مەڕەی بفرۆشین؛ ئەتوو بزانە چ پەڵپێکم لێ گیراوە».

دەڵێ: «خاتوون ئەستیم نەدەیەی ناچمە مەڕی؛ قەت بووە پیاوی وەک شێخاڵم ببێ بەزاوا؟

ئەو مەڕەی نەفرۆشم، چارەم بڕاوە.

فەرخۆڵە لە جێی دایک و بابانی ڕاوەستاوە؛

ئەمن برام نییە، ئەو تاقە فرزەندەی لە پاش بەجێ ماوە».

کوڕەکان گوتیان: «بڵا بیدەینێ؛ وەک سەگی هار بچێتە مەڕییە.

بڵا دایکم بچێ، قایل بکا خاتوون ئەستییە».

مام غەڵیفە گوتی: «کوڕە! خوڵا هەڵناگرێ؛ ئەوە شانی من نییە.

خاتوون ئەستی بزانێ، خۆی دەخنکێنێ دیسان تووشی من دەبێتەوە هەتیوبارییە».

کوڕەکانی گوتیان: «قوربان، بڵا دایکم بچێ بزانێ، سوال و جوابیان چییە».

دایکیان ناردە کن شێخەڵ و خاتوون ئەستییە.

گوتی: «شێخاڵ! بزانم ئەتوو مەتڵەبت چییە؟»

گوتی: «ڕۆڵە خاتوون ئەستی! ئەتوو جوابت چییە؟»

خاتوون ئەستی دەڵێ: «دایە! بەخوڵای خۆم دەکوژم. ئەوهە مێردی من نییە.»

گوتی: «شێخاڵ! ئەوە مێردت پێ ناکا. ئەتوو جوابت چییە؟»

گوتی: «خانم! ئەگەر دەمدەنێ ئەمن دەچمە مەڕی بەگۆڕەمەرگییە؛

ئەمن تەمام نییە، لێرەی بەرم بۆ جێیەکی دییە».

دایکی خاتوون ئەستی ئەو خەبەرەی هێناوە بۆ میرییە:

«دەڵێ حاشا و مادوڵلا؛ ئەوە مێردی من نییە.

دەڵێم شێخاڵ، ئەوهە بۆ توو نابێ؛ ئەو سەگبابە دەڵێ: ئەمن دەچمە مەڕی بە گۆڕەمەرگییە».

ناردییە کن کوڕەکانی: «چ بکەم، چارە چییە؟»

کوڕەکانی گوتیان: «بابم قابیل بێ و قایل نەبێ، خاتوون ئەستی هەر ئی شێخاڵییە.

داومانەتێ چارە نییە».

حوکمیان کردە سەر خاتوون ئەستییە،

دەبێ هەر مێردی بکا بەشێخاڵییە.

گوتی: «خۆم دەکوژم؛ قبووڵم نییە.

دەچمە شکایەتی سوڵتانی ئەستەمبووڵێ، دەبم بەعەرزچییە».

حوکمیان لێ کرد دەبێ هەر مارەت بکەین بەیەکجارەکییە،

دەیانناردنە کن مەلا و سۆفییە،

خاتوون ئەستی هەموو ڕووی خۆی پچڕییە:

«خوڵا هەڵدەگرێ؛ بەزۆرم دەدەن بەشێخاڵە کەچەڵییە».

خاتوون ئەستی هەڵات، خۆی ئاویتە کن بابییە:

«بابە! خوڵا هەڵناگرێ؛ ئەو گێچەڵە بۆ من چییە؟

بابە دیوتە بەقسەی تۆم کرد دەکێشم هەتیوبارییە»

بابی گوتی: «ڕۆڵە! چ بکەم، هیچ دەسەڵات بەچەنگی من نییە».

گوتی: «بابە! دەنا ئەوە خۆتو هەتیوی خۆت؛ لەو شارەی دەچمە شارێکی دییە».

گوتی: «ڕۆڵە! کەیفی خۆتە؛ ئیختیار بە چەنگی من نییە».

دایکیشی حەزی دەکرد بیدەن بە شێخاڵییە،

دا فەرخۆڵە بێ دایک و باب ببێتەوە خۆڕایییە.

کوڕی غەڵیفەی حوکمیان کرد تەواوە:

«مەڕ و ماڵمان خۆڕایییە، بووین بۆسۆ و بەنناوە».

حوکمە خاتوون ئەستی لە شێخاڵی مارەکراوە؛

قەول و قەراری گۆڕەمەرگییە داندراوە.

قەراری ئەوهەش کرا: ئەگەر خاتوون ئەستی بەڕازی خۆی نەبێ، دەستی لێ نەدراوە.

ئەوێ شەوێ خاتوون ئەستییان مارەکرد، شێخاڵ لە خۆشییان داوەتی کرد،

گەلێکی موخاریج کێشاوە.

سبحەینێ کەپەنکی خۆی بەشانی دا بۆ نێو مەڕی گەڕاوە،

خاتوون ئەستی دەگریا، فرمێسکی چاوانی دەتگوت بەحر و ئاوە،

فەرخ دەیگوت: «ئەو گریانەی مەکە تەواوە.

ئەلحەمدولیللا، ئەو کارە کراوە،

هەرچەندی موشتەری دنیایە بوو، لێت کشاوە؛

ئەوجار ئەمن و توو لێک دەبینین مراد و مەخسوودمان دەبێ تەواوە».

دەستی دەستۆی خاتوون ئەستیێ دەکرد گەلێکی دڵخۆشی داوە.

سبحەینێ کە ڕۆژ مەعلوومی کرد کوڕی دە مام غەڵیفەی تەگبیریان کرد: بچنە کن خاتوون ئەستی، بەو کارەی ناڕازییە، گەلێک شێواوە؛

ژنێکی چاکە، کوێرەوەریی گەلێک دەگەڵ فەرخۆڵەی کێشاوە.

ئەگەر نەهاریان دەکرد، هەڵدەستان لەجێی خۆیان، پیاوێکیان دەناردە کن

دایکییە:

«دایکم! تەدارەکی بگرە دێین، دەچینە خزمەت خاتوون ئەستییە.

لێمان زیزبووە، چونکە بەحوکممان داوە بەشێخاڵییە».

کوڕی مام غەڵیفەی کە لەوێ هاتن واوە،

چەندیان کەیخودا و سەید دەگەڵە خۆیان هێناوە،

دەهاتنە خزمەت دایکیان، ئەویشیان ڕەگەڵە خۆیان خست، دەچوونە خزمەت

خاتوون ئەستیێ لێیان دەکرد سەڵاوە،

دەیگوت: «بەخێرێن، سەرچاوی من، برای دەتەواوە»

«ئەگەر ئەمن هێندە خەرابووم، بۆ نەودەکوشتم، ئەمنو بەشوانێکی کەچەڵی حیزباب داوە»

دەیانگوت: «خوشکێ! کاری خوڵایە و وا قەوماوە».

دایکی زۆری دڵخۆشی و دەڵاڵەت داوە.

ئەگەر وای دەزانی خاتوون ئەستییە،

دەڵێ: «برالە! هیچ لەنگۆم نییە گلەیییە،

بۆخۆم بەدبەختم لەکن خوڵای چارەم نییە،

مام و ئامۆژنم دەمرن، تووشی ئەستۆم دەبێ هەتیوبارییە.

دێم جحێڵ دەبم، برای خۆم حوکمێم لێ دەکەن، مارەم دەکەن لە شوانێکی کەچەڵی خوێڕییە.

براڵە ئەنگۆ خۆش بن، ئەمن دنیای فانیم بۆ چییە؟

چی دیم هەتیوباری پێ ناکرێ، هۆوەتا. فەرخۆڵەی خۆتان بەرنە کن کەسێکی دییە.

چی دی ئەمەگێ ناکێشم بەخۆڕایی دەگەڵ هەتیوی خەڵقییە.

گوتیان: «خوشکێ! بەشی خۆمان دا بەتوو شاری داودییە،

مەڵێ ئەمنی داوە بەشوانی، بەشم بەمڵکیەوە نییە،

خوشکێ! ئەگەر لە فەرخۆڵەش دەپرسی، ئەویش ئیختیاری بەمە نییە.

خوشکێ! بڵا بچینە خزمەت مام غەڵیفەی بزانین، فەرمانی چییە».

گەلێکیان داوە دڵخۆشییە،

گوتی: «برالە! بەخێرێن تازە سوال و جوابم چییە؟»

جا لەویان خواست مەرەخەستییە.

هاتنە دیوانی مام غەڵیفەی، ئیکلامیان کێشا ڕاوەستان دەست لەسەر دەستییە.

مام غەڵیفە سەری هەڵنەهێنا چاوی نەکردن لە چاوییە.

نایبێک لەوێ ڕۆنیشتبوو گوتی: «قوربان! بۆچی لە کوڕەکانی ناکەی مەرحەبایییە؟»

گوتی: نایب! جا ئەوهە یەکیان کوڕی من نییە.

ئیختیاری شاری داودییەش بەچەنگی من نییە.

ئەوە ئێرەشیان بۆ بەجێ دێڵم، دەچمە دەرکی سوڵتانی ئەستەمبووڵێ، دەبم بەعەرزچییە.

دەڵێم قوربان! قەت ناحەقیم قبووڵ نییە،

چوار کەسم لێ پەیدابوون، کەس نازانێ، ئەوە کوێندەرییە.

لێم بوونە لۆتی و شەرابخۆر. لێیان داگیرکردووم شاری داودییە.

تاقە کچێکم بوو بەحوکمیان لێ ئەستاندووم، داویانە بەشوانێکی کەچەڵی،

نەگبەتی خوێڕییە.

ئەمن ناچمەوە مەسکەنی خۆم چ جاری دییە.

سوڵتان دەفەرمووێ هەتا بۆخۆت ببی، کەس حەقی نییە.

دەڵێم ئەگەر ئیختیار بەخۆم نەبێ دنیام بۆ چییە؟

ئەگەر وابێ، دەچمە وڵاتی خاریج، خزمەت شاهەنشاهی، مواجبی خۆم

وەردەگرم دەیخۆم بەدنجییە».

جا بڵا بێینە سەر شێخاڵە کەچەڵ. دەڵێ: «خاتوون ئەستی لە من مارەکراوە،

بۆچی نایەتە مەڕییە؟

ئەگەر ئەمن شوانم، ئەویش ببێ بەبێرییە،

ئەگەر ئەو نایەتە مەڕی، ئەمنیش بەرهەڵدای دەکەم ببێ خۆڕایییە،

ئەگەر گوتیان: وەرە بچۆ مەڕی دەڵێم: بۆ دڵی خۆم کێشا ئەو کوێرەوەرییە.

ئەمن لەنگۆ دەوڵەمەندترم. ئاغایەتیی من لە ئینگۆ کەمتر نییە.

ئەمن سەرباز و نیزامم لەنگۆ پترە.

ئەگەر دەڵێن ناینێرینە مەڕی. دەچمە دەرکی سوڵتانی ئەستەمبووڵێ، بەحوکم

ژنی خۆم دەستێنم، ئەوەم لەو کارەی چاکترە».

ئەگەر ئەو خەبەرەی بەکوڕی مام غەڵیفەی داوە،

کوڕی مام غەڵیفەی بۆ دایک و بابیان گێڕاوە.

گوتی: «ئەوە خاسییەتی چییە ببێ بەبێریێکی تەواوە،

خوڵا دەزانێ، لێی مارەکراوە».

ئەگەر ئەو خەبەرەیان دا بە خاتوون ئەستییە.

دەڵێ: «خوڵایە! نەمکوژی چارەم نییە.

قەت بووە شێخاڵ شوان بێ، ئەمن ببم بەبێرییە

ئەمن چلۆن قبووڵ بکەم ئەو ناحەقییە؟

ئەو بێ سوحبەتییانەم بەسەر هاتووە، ئەویش لەسەر فەرخی داودییە».