شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی ٢

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 12 خولەک  837 بینین

فەرخی هەڵگرت دراوەکەی دەباغەڵێ ناوە،

فەرخ دەتگوت دووپشکی ڕەش پێوەی داوە،

هەرچەندی کووچە و کۆڵان بوو، پێوە خولاوە؛

چارەی نەدەکرا، هەر چاتر گریاوە.

بڕێکی لە زێڕەکان هەڵگرت، هێنای، لەوێی ڕۆناوە؛

گوتی: «بابە! ئەوە عیلاجی بەمن ناکرێ، شەیتانە وەسەرێ عەرزێ نراوە، بۆیەکی وا بەهەتیوی بەجێ ماوە».

ناردیان لە مام غەڵیفەی لە دیوانێ گێڕاوە.

مام غەڵیفە هاتە ماڵێ، گەلێک گەلێک گریاوە؛

دەڵێ: «دیوانم چۆڵ بوو، مزگەوتم نەماوە،

ئاورم تێ بەربوو، جەرگم سووتاوە،

جواب دە دژمنان دەگەڕێ، دەڵێن: مام غەڵیفەی برای نەماوە؛

ئەمن چ بکەم لە فەرخۆڵەی و لەو تولفی ساوە».

بانگی دەکرد: «نازێ، نازدار! خاتوو ئەستی! وەرن لەولاوە»

دەیگوت: «ڕۆڵە! نازانن، ئەنگۆمامو مردووە، بابو پشتی شکاوە؟

وەرن تەگبیرێ بکەن لە بۆ فەرخۆڵەی دایک و بابی نین؛ چلۆنی گوزەرانی بدەین تەواوە؟»

نازدار دەڵێ «بابە! چ بکەین، منداڵێکە بەنادری.

هەرچەند دەکەی، مەمکی چ کافر و موسڵمانێ ناگری».

مام غەڵیفە دەڵێ: «فرزەندی من، گیانە!

وەرن تەگبیرێ بکەین بەهەمووانە،

بەخێو بکەین فەرخۆڵەی بەستەزمانە.

ڕۆڵە نازدار! ئەگەر بۆم بەخێو بکەی لە دنیایە،

شاری داودییەی بەشی خۆمت دەدەمێ گەردنت دەکەم ئازایە.

ڕۆڵە! حەزێ دەکەی، جا ڕۆنیشە، بۆ من ببە بەپەنهایە».

دەڵێ: «بابە! بۆ لە من دەکەی فکرێ؟

بابە ئەوە لێم لە بیانووی؛ چونکە نانت گەلێک دەخورێ.

بابە ئەگەر بچمە کۆڵانان، نان نانەم پێ پەیدا دەکرێ،

ئەمن مێردم نەکردووە ئەو شەیتان و ڕمووزنەم پێ بەخێو ناکرێ».

ئەوجار ڕووی دە نازێ کرد تەواوە،

دەڵێ: «ڕۆڵە! چلۆن تەگبیرێ بکەین لەو کۆرپەی ساوە،

تووشی ئەستۆم بووە، چارەم بڕاوە.

کەسێک بۆم بەخێوبکا، شاری داودییەم بۆ وی داناوە؛

دەیدەمێ بەیەکجارەکی بۆ خۆی ببێتە ئاغایەکی تەواوە».

نازێ دەڵێ: «بابم بزانە، چ پەڵپێکی لە من گرتووە، بەو خوڵا، ئەوە بەمن ناکرێ. هەرچەند دەکەی مەمکی هیچ کەسێکی ناگرێ.

بابە هەتیوی بێ دایک و باب بەمن بەخێو ناکرێ»

ئەگەر مام غەڵیفەی وای لە کچەکانی خۆی بیستییە،

دەڵێ: لە دنیای ڕوون فرزەند چ نییە،

ئەوجار وەرگەڕاوە، ڕووی کردە خاتوون ئەستییە،

دەڵێ: «ڕۆڵە! کچەکان جوابیان دام ئەتوو قسەت چییە؟»

دەڵێ: بابە ئەمن چ مێردیم نەکردووە چ مەمکم نییە؛

«بابە! ئەتوو دایەنێکی پەیدا بکە مەمکی بداتێ، ئەمنیش بۆ خاتری توو لەکنی ڕۆدەنیشم بەلانکەژێنییە»

دەڵێ: «ڕۆڵە! گەردنت ئازابێ لە بەشی خۆم لە شاری داودییە،

چونکە تووشی ئەستۆت دەبێ هەتیوبارییە».

نازدار دەڵێ: «بابم، شەڕی ئەوەیەتی، ئەگەر شاری داودییەی بدا بەخاتوون ئەستییە؟

تەماحی هەیە، دەگەڵ براکان و خوشکەکان هەمان بکا بێبەرییە؛

تەماحی هەیە، ماڵەکەی هەموو بدا بەفەرخۆڵە و بەخاتوون ئەستییە.

نازدار لەولاڕا هات پڕی دا فەرخۆڵەی گرت و بردییە،

پێی گڕا هەموو کووچە و کۆڵانی شارییە،

فەرخۆڵەی هەر زیڕاندی زمانی نەچۆوە دەزارییە.

هێنایەوە گوتی: «بابە بەقوربانت بم ئەمن چارەم چییە؟»

ئەوجار نازێ هەڵی گرت ڕفاندی،

بردیە وەتاغێ باڵەخانێ، بەدایانی ئەسپاردی؛

عیلاجی نەکرا؛ بردیەوە کن بابی بەڕووساردی.

ئەگەر لەوێ دایدەنێ، لە دەورەی داوری،

خاتوون ئەستی پڕی دەداتێ و هەڵی دەگری.

فەرخ دمی بەسینگیەوە دەنێ، بێدەنگ دەبێ، لەوێندەرێ هیچ ناگری.

ئەگەر لەوێ کاری فەرخی بوو تەواوە،

میر لە دیوانێ بانگ کراوە،

دەیانگوت: «ئەوە برای مردووە، سەرەخۆشیی لێ کراوە».

خەبەر بەسوڵتانی ئەستەمبووڵێ دراوە.

دەڵێن: «مام غەڵیفەی شاری داودییەی برای مردووە، پشتی شکاوە؛

هەر تاقە فرزەندێکی لە پاش بەجێ ماوە».

سوڵتان خەڵاتی بۆ قەرار کرد، ئەنقابی میرایەتیی لێ ناوە.

وەکیل و وەزیران لێیان پرسی: «فەرخۆڵەت چ لێ کرد؟» گوتی: «ئەوە لە ماڵێ تەسلیم بەخاتوون ئەستێ کراوە».

لەوێندەرێ ئەو قەرار و مەداری دنیایێ دەبوو تەواوە،

نێوبانگی جوانیی خاتوون ئەستێ دە هەموو دنیایێ گەڕاوە.

خەبەری بەشێخاڵی کەچەڵی دراوە.

شێخاڵ مەنسەبی دانا، سەر و بەرگی شوانانی دەبەر کرد، کەڕکێکی کوردانی بەشانی خۆی داداوە،

بەسەیاحی لە خاتوون ئەستیێ گەڕاوە

شاری داودییەی دیوە، هات و لە دەرکی میری بوو پیاوە.

کەڕکی خۆی ڕاخست، لەسەری دانیشت، گوتی: «دەشقەم خاتوون ئەستێم بەوێ بەچاوە».

ئەگەر نازدار هاتەدەرێ، هات، ماندوونەبوونی شێخاڵی کرد، گوتی: «مامە ماندوو نەبی بەخێرێی سەر ئەو دوو چاوە.

بۆ کوێ دەچی، بۆ لێرە ڕۆنیشتووی؟ هەستە بچۆ مەنزڵی بابم دیوان گیراوە».

گوتی: «دیوانی بابی تووم بۆ چییە؟

ئەمن بۆخۆم دەگەڕێم لە فەقیری و لە کاسبییە».

دەڵێ: «خوڵا ماڵت خرانەکا، ئەگەر ئەتوو فەقیر بی ئەمە شوانمان نییە؛

ئەدی برسیت نەبووە، بۆت بێنم نانییە».

گوتی: «ناوەڵڵا، جارێ برسی نیم فەسڵی نەهارێم نییە».

گوتی: «خاڵە! بەقوربانت بم! ئەگەر دەبیە شوانی مە، ئەتوو نێوت چییە؟»

گوتی: «کیژێ باریکەڵڵە!

ئەتوو نازانی، نێوم شێخاڵە کەچەڵە؟»

نازدار ئەگەر ئەو قسەی لە شێخاڵی بیست تەواوە،

لە ڕاستە خۆی بۆ ماڵێ گەڕاوە،

خەبەری بەدایکێ و بەنازێ و خاتوون ئەستیێ داوە،

گوتی: «شوانێک هاتووە لە دەرکێ مەحتەل ماوە».

گوتیان: «خوڵاکەی چۆن پیاوێکە؟» گوتی: «ئەستۆی ئەهێندە ئەستوورە، دەڵێی کەڵە دابەستراوە».

نازێ گوتی: بڵا بیبینم، بەچاوە.

هات ماندوونەبوونی لێ کرد، گوتی: «بەخێرێی سەر عەمری من، مەڕمان بێ ساحێب ماوە».

شێخاڵ گوتی: «یەکیان لە یەکی جوانترن، بەمنیان گوتووە، خاتوون ئەستییان یەکجار کۆڵاوە».

لە قەرەواشێی پرسی، گوتی: «ئەوە کێ و کێیە؟ گوتیان: «ئەوە ناز و نازدارن تەواوە».

گوتی: «ئەدی خاتوون ئەستی لە کوێیە، نایەتە پێش چاوە؟»

قەرەواشەکە دەڵێ: «بەسەرینیی شلکی هەتیوباری تووشی ئەستۆی کراوە.

لەسەر شەیتان و ڕمووزنێکی تەعین کراوە».

نازێ چوو ئەو قسەی بۆ خاتوون ئەستی گێڕاوە،

خاتوون ئەستی بڵندبوو، فەرخۆڵەی بەئامێزی گرت، ئەویش چوو شێخاڵی بکەوێ بەچاوە؛

بەخێراتنی شێخاڵی دەکرد؛ دەیگوت: «بۆ لێرە مەحتەلی؟ بچۆ مەنزڵی بابم. ئەوە چێشتانە نەهار دروست کراوە».

گوتی: «پیاو ئەه! چم لە مەنزڵی بابی توو داوە؟

ئەمن کاسبم دەگەڕێم، کە کاری خۆم ببێ تەواوە».

خاتوون ئەستی دەڵێ: «خاڵە مەڕی مە بێ شوان ماوە».

خاتوون ئەستی لە ڕاستە خۆی گەڕاوە.

دایکی خاتوون ئەستیێ خەبەری بەهەر چوار کوڕان داوە:

«شوانێکی زۆر قابیل هاتووە لەولاوە».

دایکی خاتوون ئەستی هاتە کنی، گوتی: «بابەکەم، دەبیە شوان؟»

گوتی: «بەڵێ لە کاسبییە دەگەڕێم» گوتی: «برالە ئەدی چت ناوە؟»

گوتی: «خانم نۆکەر ناگیرێ، بەو حاڵە؛

پیاوێک خۆم تێ ناگەینێ هەر ژنانم دەکەن حەواڵە.

ئەگەر لە من دەپرسی، نێوم شێخاڵە».

گوتی: «مام شێخاڵ بەخێرێی سەر ئەو چاوە.

جوابم ناردۆتە کوڕەکان، ئێستا دێن لەولاوە»،

نەهاریان بۆ دروس کرد، سفرەیان بۆ هێناوە،

نانەکەی خوارد هەر چوار کوڕەکانی مام غەڵیفەی هاتن لەولاوە،

گوتیان: «خاڵە ماندوونەبی». بڵندبوو لە پێشیان ڕاوەستاوە،

قسەیان دەگەڵ کرد، قەرار و مەداریان بۆ ڕۆناوە،

گوتیان: «مامە بچینە نێو مەڕی، تەسلیمت بکەین تەواوە».

بەڵان ئاخ! شێخاڵە کەچەڵ لە سوێی خاتوون ئەستیێ جەرگی بڕاوە،

کوڕان ئەسپیان بۆ زین کرا و تاژییان دە ڕستەی کراوە؛

شێخاڵ کەڕکی خۆی بەشانی داداوە،

دەستی دا گۆچانی، ملی لە بیابانێ ناوە،

گەینە نێو مەڕی، مەڕیان ئەژمارد، تەسلیم بە وێڵداشی کراوە.

گوتیان: «ئەمە حەزێ دەکەین، مام شێخاڵ حەقی مانگێت ببێ تەواوە».

شێخاڵ گوتی: ئاغای من، ئەمن هەتا چل شەوی حەقم نییە،

«ئەگەر شوانێکی چاک و پسپۆڕ بووم حەقم بۆ قەرار بکەن؛ دەنا دەرم بکەن، دەڕۆم بەیەکجارەکییە».

کێ بوو؟ لە کوڕی دە مام غەڵیفەی، ئەو شوانەیان لەسەر مەڕی تەعین کردییە،

بۆ خۆیان ڕەشەڕاوێ دەکەن، ڕوویان کردەوە شارییە.

بێینەوە سەروکاری فەرخۆڵە و خاتوون ئەستییە.

ئەوڕۆ نۆ ڕۆژە دایک و بابی وی مردییە،

فەرخ دەڵێ: «ئەمن بۆیەم دوعا کرد دایک و بابی من بمرێ، ئەگەر کامڕەوابم لە خاتوون ئەستییە؛

توند توند ئەمن بە دوو بەنان لە دوو داران دەبەستن و خاتوون ئەستیش لەوێ دەنوێ و جا ئەو دنیایە کەڵکی بۆمە چییە؟»

تەمەنای دەکرد لە ڕەبییە.

هەموو کەس خەوی گران بییە.

«وەڵلاهی چی دی دەو لانکەدا نابم ئەوشەو دەچمە باڵ خاتوون ئەستییە».

فەرخ هاواری دەکردە خوڵای جەباری،

ئەو مەخلووقە هەموو خەوی بەسەردا باری،

دەسرازەی بەسەری خۆیدا فڕێ دەدا، لە لانکێ دەهاتە خوارێ بەیەکجاری، بەسەرینی خاتوون ئەستێ هەڵدەگەڕا، دەرزی لە بەرۆکی دەرهێنا، پێی دە یەخەی کێشا بۆخۆی چووە نێو سینگ و مەمکانی بەیەکجاری. سبحەینێ کە دایکی خاتوون ئەستی لە خەوێ هەڵستا، چوو تەماشای لانکێی کرد، فەرخۆڵە دەوێدا نەماوە.

دەڵێ: ئەلحەمدولیللا! ئەوە شەیتان بوو مەفح کراوە.

ئێخەی کچەکەم بەرهەڵدا کراوە،

تەماشا دەکا دەنێو سینگی خۆی ناوە.

دایکی گەلێکی لە خاتوون ئەستی داوە،

دەڵێ: «ئەو شەیتان و ڕەمووزنە چییە، دەباغەڵی خۆت ناوە؟»

خاتوون ئەستی دەڵێ: «ئەمن هیچ ئاگام لێ نییە ئەو ئەتکەم پێ کراوە،

ئەوە وا دەکەن بمرێ لەکن بابم ببم بۆسۆ و بەنناوە».

خاتوون ئەستی هەڵستا ڕووی خۆی هەموو ڕنی، گەلێکی لە خۆی داوە،

بۆ کن بابی چوو بۆ شکایەتێ بەهەموو مەخلووقی وێی دەکەوتن خاتوون

ئەستییان گێڕاوە.

ئەوێ ڕۆژێ ڕۆنیشت گریا تا ئێوارێ

دایانیش نەیدووان، دەگەڵ کەس ناکا گوفتارێ.

هەمان بەقەراری شەوێ دی دەگرێ قەرارێ.

قەرارێ دەگرێ بەڕەوانی،

فەرخۆڵە، ئەتوو دەڵێی شەیتانی؛

دیسان هاتە خوارێ نێو سینگ و مەمکانی؛

ئەگەر دەستی دەباغەڵێ نا، ماچ دەکا هەردک کوڵمانی.

خاتوون ئەستی لە خەوێ وەخەبەر هات، پێی زانی؛

گوتی: «بابانم بەقوڕێ گیرا، ئینجا بەقایە دەکەم ئەتوو شەیتانی».

گوتی: «گولە، ئەتوو دێیە کن ئەمن چت پێ دەکرێ؟»

گوتی: «ئامۆزا بۆ لە توو وایە، ئەمن منداڵم؟» گوتی: «کوڕە ئەتوو چی؟ ئەرێ وەڵڵا منداڵی». گوتی: «ئامۆزا حەزێ بکەم، لە تووش کەڵەگەتترم». گوتی «کوا؟» ئەگەر فەرخ خۆی لێک کێشاوە،

بەقەدەر خاتوون ئەستی درێژ بوو. خاتوون ئەستی ترسا گوتی: «وەڵڵاهی شەیتان و ڕمووزنە؛ ئەمن بەدەستی ئەوهەی دەچم».

فەرخ گوتی: «ئامۆزا! خۆ توو هێشتا ئەمنت نەدیوە». خاتوون جێبەجێ ئاشق بوو بەفەرخۆڵەی. فەرخ جێبەجێ لە قسەی خۆی پەشیمان بۆوە. خاتوون ئەستی حوکمی کرد گوتی: «دەبێ بتبینم».

«ئامۆزا! هەڵستە ئاوی دەسنوێژێ بێنە، دەسنوێژێ هەڵگرە». خاتوون ئەستی چوو دەسنوێژی خۆی هەڵگرت، هاتەوە گوتی: «ئامۆزا! بێنە دەسنوێژت بشۆم»

فەرخ گوتی: «نا ئامۆزا! ئەمن بۆخۆم دەسنوێژی خۆم دەشۆم».

فەرخ کە دەسنوێژی خۆی گرت تەواوە،

تەمەنای لە خوڵای دەکرد، لە پێغەمبەری دەپاڕاوە،

چارشێوێکی بەسەر خاتوون ئەستێی هەڵکێشاوە.

فەرخ تکای لە خاتوون ئەستی کرد: «وەرە لەو کارەی بگەڕێیەوە بەدواوە»

خاتوون ئەستی گوتی: «بەو قورعانەی خوڵا بۆ پێغەمبەری هێناوە،

مەگەر بمکوژی؛ دەنا دەس هەڵناگرم، هەتا ئەتوو نەبینم بەچاوە.

چونکە خەڵق دەیانگوت شەیتان و شمرە لە مامادی و ئامۆژنت بەجێ ماوە».

گوتی: «خاتوون ئەستی چاو لەسەریەک دانێ» زلێکی لێ دا گوتی:

«چاوهەڵێنە» گا و ماسیی دی بەچاوە.

گوتی: «سەرهەڵێنە.» عەرش و قورشی لەبەر ڕاوەستاوە، تەماشای کرد نووری

خوڵای دەگەڵ فەرخۆڵەیە، جێبەجێ زمانی شکاوە،

لەسەر کۆشی خۆی ڕۆنا، فەرخ خاتوون ئەستیی بەڵەک چاوە،

خاتوون ئەستی دەڵێ:

«ئامۆزا! تۆبە و ئیستیخفار تەواوە

ئەلحەمدولیللا شێخە ڕەحمەتی خوڵای بۆ قەرار کراوە».

دەستیان دەستۆی یەک کرد، دمیان بەدمی یەکەوە ناوە،

خەنجەری قودرەتێ لە بارەگای خوڵای هاتە خوارێ تەواوە،

سەری تیخی دە نێوکی فەرخی دایە، دەسکەکەی لە نێوکی خاتوون ئەستی ڕاوەستاوە.

دەستیان بۆ یەک کرد بەسەرین، دمیان بەدمی یەکەوە نا لەپشتێنە بەژێر بوون بڵاوە،

خەویان بەسەردا باری تەواوە،

سبحەینێ کە لە خەوێ هەڵستان خاتوون ئەستی گوتی: «بابە بڵا ئەو لانکە بەرین بەولاوە،

فەرخ خۆ پیس ناکا، خاوێنە ئیحتیاجی بەلانکێ نەماوە.

فێری کۆشی من بووە دەلانکێدا نابێ ڕاوەستاوە»

پڕیان دا لانکەکەی فڕێیان داوە،

دایانیان مەرەخەس کرد، مواجبی خۆی بۆ قەرار کراوە،

گوتیان: «فەرخ مەمکێ ناخوا و ئیحتیاجی بەکەس نەماوە».

ئەتوو وەرە بەراتی خۆت وەرگرە هەتاکو ساڵ دەبێ تەواوە.

شەش ساڵان فەرخی بەخێوکرد عەمەلی وەهیچ کەس نەداوە،

ئەو بڵا دەگەڵ فەرخی ڕێک کەوێ چل شەوی شێخاڵی بوو تەواوە،

کوڕی مام غەڵیفەی سواری ئەسپی خۆیان بوون، تاژییان دە ڕستەی دەکردن، دەچوون دەیانکرد ڕەشەڕاوە،

دەیگوت: «بڵا سەرێکی شێخاڵی بدەین، بزانین کەیفی چلۆنە، ئەو قەراری چل شەوی بۆخۆی کردی بزانین لەسەر قسەی خۆی ماوە».

دەهاتنە سەر کانییێ لە شێخاڵیان دەکرد سەڵاوە،

دەیانگوت: «مام شێخاڵ ئەوا چل شەوەت تەواو کرد، قەرار و مەداری حەقی خۆت ببڕەوە، بڵا ماڵی مە لە دوای توو بێ، ئەتوو زەحمەتت کێشاوە».