برایمۆک ١

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 11 خولەک  932 بینین

برایمۆک کوڕی مەلا زێندینی بوو؛ بەنۆکەری هاتە کن میرشێخی. میرشێخ و میرحەج برا بوون. برایمۆک هات خزمەتی کردن هەتا حەوت ساڵان. لە پاشێ میرشێخ گول بوو. برایمۆک حەزی لە خاتوون پەریخانێ کرد. خاتوون پەریخان خوشکی میرشێخ و میرحەجی بوو. خاتوون پەریخان گوتی: «برایم! ئەتوو دەس لە مێرشێخی هەڵنەگرە. بیبە فەرەنگستانی سەر حەکیمی، ئینشاڵڵا چاکی بکەوە؛ ئەمن هەر ئی تۆم». هێنای، کەرێک و تێڕێکی دایە. هەرچەندی موخاریجی پێ هەڵگیرا، زێڕی دایە. چادرێکی دایە، لە سەر کەرێ بۆی کردە سێبەر. هەڵی گرت

ڕۆی. سێ ساڵان سواڵی پێ کرد. لە پاشێ بەقسەی خاتوون پەریخانی نەکرد. هەڵی گرت بردیە ئەستەمبووڵێ. ساڵێکی لە ئەستەمبووڵێ بوو. ڕۆژێکی سوڵتان تەشریفی چووە نوێژی جومعەی. نەخۆش زۆر هەبوون؛ سوڵتان ئەنعامی دانێ. میرشێخ گوتی: «برایم! ئەتوو هیچ وەرمەگرە». هیچی وەرنەگرت. عەرزی سوڵتانیان کرد:

«ئەو نەخۆشە چی نەویست».

برایم دەڵێ:

«بەقوربانت بم سوڵتانی کارخانێ!

تەمانایەکەم بۆ بکە لە خوڵای، لە پێغەمبەری ئاخرزەمانێ؛

یانە بمرم، یانە خەلاس ببم لە تەنگانێ».

ماشەڵڵا سوڵتان ڕوحی وایە:

لە سەر بەرماڵێ بۆی دەکرد دوعایە،

بۆی لە خوڵای دەپاڕاوە؛ فاتیحای دەخوێند بۆ ڕوحی حەزرەتی ڕەسووڵڵڵایە،

نوێژی جومعەیان دەکرد، مەخلووق هەمووی دەیکرد دەور و دوعایە.

سوڵتان تەشریفی هەڵستا، دەگەڕاوە ماڵە بۆ دوایە.

دەگەیییە ڕاس میرشێخی؛ میرشێخ هاواری دەکردێ.

برایمۆک دەڵێ: «ئامانە! ئەوە ئەمینی خوڵایە،

سوڵتانی ئەستەمبووڵێیە، تەنگانەیە، شفاعەتێ دەکا، ڕۆژی قات و بەڵایە».

میر دەڵێ: «برایمۆک! دامێنی سوڵتانم بۆ بگرە، دەشقەمێ بۆم بکا تکایە».

سوڵتان فەرمووی: «برایم! هەڵستە، وەرە دەرکێ، تا بۆ میرت بدەمێ دەوایە».

برایم هەڕای کرد دەرکێ سوڵتانی ئەستەمبووڵێ. ڕاوەستا لەوێ، سوڵتان

ئیلتیفاتی کرد لە بۆ میرشێخی نارد دەوایە.

میرشێخ فەرمووی: «برایم خزمەتی توو، بە من چارەی نایە؛

ئاغایەتیم بەچەنگ نەماوە دەگەڵ ماڵی دنیایە،

لەبەر میرحەجی برام، چم لە دەس نایە.

خاتوون پەریخان بنپشکی خۆمە ئەوە بە کۆشک و باڵەخانە و جێ و مەکانەوەم دایە».

برایم گوتی: «ئاغای من خوڵا خەلاست بکا دەگەڵ پێغەمبەری ئاخرەت زەمانێ؛

ئیلتیفاتت دەگەڵ ئەمن کرد، لە ڕێی گوزەرانێ.

ئەگەر ئەتوو ئەمنت خەڵات کردووە، دەبێ سوڵتانی ئەستەمبووڵێ بەو کارەی

بزانێ».

برایم لە خۆشیان دەفڕی دەیگوت:

«مەخسوودم حاسڵ بوو لە کارخانێ».

ئەگەر برایم ئەو قسەی لە میری دەبیست تەواوە،

جێبەجێ عەریزێکی نووسی، مۆری میرشێخی پێوە ناوە،

بردیە دەرکێ، بە ئەمینداریدا؛ بە خزمەت سوڵتانیان گەیاند تەواوە.

سوڵتان جێبەجێ جوابی ئەو عەریزەی داوە،

بۆی نووسییەوە دوو کەلیمە: «خوڵا داویەتێ لێی مارە کراوە».

سوڵتان فەرمووی: «دوعام بۆ میری کرد و لێم قەبووڵ کراوە».

برایمۆک موژدە و مزگێنی بۆ میری هێناوە:

ئاغای من هەر کەسێکی بێتە ئەو دەرکەی، ئیمانی هێناوە.

میر فەرمووی: «برایم ئەمن چاوم نابینێ؛ ئەتوو فەرمانی سوڵتانم بۆ بخوێنەوە، بزانم چ نووسراوە؟»

عەرزی کرد: لە ڕووی تۆم قسە پێ ناکرێ تەواوە؛

فەرموویە دوعام بۆ میری کردووە؛ لێم قبووڵ کراوە.

ئەوی دی نازانم چییە». تەماشایان کرد ڕۆمییەک هات لەولاوە.

برایم گوتی: «قوربانت بم، ڕۆمی! ئەو قاقەزەی بۆ ئاغای من بخوێنەوە تەواوە».

ڕۆمی عەرزی کرد: «ئەوە خاتوون پەریخانە بە برایمی دراوە».

میر وەری گرت، ماچی کرد، لە سەر سەری خۆی ڕۆناوە،

دەڵێ: برایم ئەلحەمدولیللا مەخسوود و مرادی تووش بوو تەواوە.

سوڵتان ئیلتیفاتی دەگەڵ کردووی، چ کارمان لێرە نەماوە.

تەدارەکی خۆیان لێ نا، گەڕانەوە بەدواوە.

ساڵەوەختێک دەیانئاژوا، نەیاندی ڕووی زستانێ،

بەخێر و بە سەڵامەت گەینەوە کوێستانێ.

ئەگەر گەینەوە وڵاتی تەواوە،

ڕۆژێکی لە سەرینچاوەی کانیە چادری بۆ میرشێخی هەڵداوە.

چادریان هەڵدا؛ دەستی دا کەشکۆڵی چووە کن شوانی؛ گوتی: «بڕێکم شیر بدەیە بۆو نەخۆشەی، نانمان ئیشکە پێی ناخورێ». هێنای بۆی تێ گوشی. کەڵەبەردێ لەوێ بوو، بردی لەوێ لەبەر تاوێ داینا. مارێک لە بەردەکەی هاتە دەرێ، شیرەکەی دەم پێوەنا، شیرەکەی خواردەوە. لە پاشێ مارەکە دە شیرەکەی ڕشاوە؛ سەربەخۆ ئەو شیرە دەستی بە کوڵانی کرد. برایم چاوی لێ بوو گوتی: «لێی گەڕێ ئەوهە دەمرێ، لەکۆڵم دەبێتەوە؛ حەوت ساڵە ئەمن زەحمەتێ دەگەڵ ئەوەی دەکێشم. خۆ من خاتوون پەریخانم لێ مارە کراوە، هەر لێیان دەستێنم».

خواردنەکەی هێنا، دە پێش میری نا. میر خواردی، گوتی: «برایم، حەوت ساڵە، ئەمن نەخۆشم، قەت خواردنی وام نەخواردووە». گوتی: «میر نۆشی گیانت بێ!» هەڵستا، بۆ شەوێ چووە ئاوەدانییە. حەوتووێکی لەوێ ڕۆنیشت؛ ئەگەر سبحەینێ تەماشای کرد میر هەموو گۆشتی لە بەدەنێ هاتبووە دەرێ. پیاوی ناردە خزمەت میر حەجی گوتی: «هەموو گۆشتی لە بەدەنێ بۆوە؛ ئەمن چی لێ بکەم؟» ناردی بیست باتمانی پەمبۆی بۆ کڕی. میرشێخیان دە نێونا، هەتا چل شەوی. پاشی چل شەوی هەموو بەدەنی چاک بۆوە. میر حەج تەماشای برای خۆی کرد؛ لە خۆشییان هێنای داوەتی بۆ کرد. حەوت ڕۆژان هەڵپەڕین، حەوت شەوانیش چراخان کرد. هێنای سەدەقێکی زۆری کرد دە ڕێی خوڵای و تەسەدوقی سەری سوڵتانی ئەستەمبووڵێ. بە گوشادی ڕۆنیشت؛ هەتا ساڵێکی. لە پاشان میرشێخ

هەڵستا چووە کوێستانێ؛ برایم لەکن میرحەجی بەجێ ما، هەتا ساڵێکی دی؛ زستانیان بەسەردا هات.

ڕۆژێکی برایم، چلووی زستانێ بوو؛ ژووانی دەگەڵ خاتوون پەریخانێ کرد سەر بەردی کانییە. خاتوون پەریخان چووە سەر کانییە، برایمۆکیش کەوڵی بەخۆی دادا چوو. دەستی دەستۆی خاتوون پەریخانێ کرد. لایەکی کەوڵەکەی بۆ ڕاخست، لایەکی بە سەر هەڵکێشا. باسکی بۆ کردە سەرین. دەمی بەدەمیەوە نا. برایم و خاتوون پەریخان خەویان لێ کەوت. میرحەج هەرچەند بانگی کرد: «برایم لە کوێیە؟» گوتیان: «قوربان دیار نییە». میر چووە سەر کۆشک و تالاران تەماشای قووچی قەزەنی کرد، تەماشای ڕەندۆڵی زەرزایانی کرد، تەماشای سەری تەشوێلەی کرد؛ هیچی وەپێش چاوی نەهات گوتی:

«خوڵایە چ بکەم لەو زەمانە؟

برایم دیار نییە دەگەڵی بکەم دوو قسانە».

بانگی کردە ئەو هەموو نۆکەرانە:

«سۆراخی برایمم بۆ بزانن، بۆچ دیار نییە لێرانە؟

هەڵبەتە زیز بووە بۆ کن میرشێخی ڕۆیوە جا ئەوا خۆ لەبەر بەفرێ دەرناچێ ئەو بەستەزمانە»

میر ئەگەر زێنی خۆی دەداوە دنیایەی ئەوجار ئەو بەستەزمانە، ئەگەر تەماشای ڕازی کانییەی دەکرد، ئەوا پێکەوە نووستوون برایمۆک و خاتوون پەریخانە.

میر دەڵێ: «وەک بەسەری من هات، بەسەری قەت کەسی نەهاتی»

میر پیاوێکی تەعین کرد: «برایمم بۆ بێنە، بۆ وا شێت و هەرزە دەردەهاتی؟»

قاسید هاتووە، دوور بە دوور بانگ دێڵێ: «برایم وەرە میر گازت دەکاتی؛

ڕۆژی ڕووناکت بچن، شەوی تاریکت ببن قاتی»

برایم دەڵێ: «قاسید وای برادەرە، میر دەمکوژێ، دەمبڕێ، یان لە چاو دۆست و دوژمنان دەمداتێ خەڵاتی؟»

قاسید دەڵێ: «برالە نازانم، نە دەتکوژێ، نە دەتبڕێ، نە دەتداتێ خەڵاتی، نە دەتداتێ بەراتی».

بەسەر شانانیدا دەدا کەوڵێکی قاقمی، بەسەر پێیانی دەکرد جووتە کەوشێکی شامی، بەلێوانیەوە دەنا قەننێکی مارپێچ، سەبرسەبر نەرم نەرم بەقسە و گوفتوگۆ دەگەڵ قاسیدی بۆ لای دیوانی میری دەهاتی.

سەلامێکی دەکرد لە دیوانی میران. هێندێکی لەبەر هەڵدەستان بە کەوڵی، هێندێک بە سێ قەڵاتی،

میر دەڵێ: عەلیکوموسەلام و ڕەحمەتوڵلاهی، برایم سەر چاوەی بابی خۆت بەخێر نەهاتی».

دەڵێ: «میر بەقوربانت بم، دەمکوژی؛ دەمبڕی؛ یا دەمدەیەی خەڵاتی؟»

دەڵێ: «نە دەتکوژم، نە دەتبڕم، نە دەتدەمێ خەڵاتی.

هەتا ئێستا ئەمینی ماڵە من بووی، ئێستا بە خوار و غەیان دەرهاتی».

دەڵێ: «بەقسەی شەیتانان دەگەڵ ئەمن لاجەل دەرهاتی».

میر دەڵێ: «بەو مانگی کانوونێ، بەو چلووی زستانێ، دەبێ بڕۆی؛ دەرت بکەم لە وڵاتی».

دەڵێ: «هەڵوێشکی خزمەتی باب و باپیری ئەنگۆ دەکەم، قەت شایەکم نەبووە غەیانەتی».

دەڵێ: «برایم خۆ من بەقسەی شەیتانانم دەگەڵ نەکردی؛ لە ڕازی کانیەم بۆخۆم بەچاو ئەنگاوتی،

لە بۆ خاتوونێت ڕاخستبوو لایەکی کەوڵی، بەسەرت هەڵکێشابوو لای سێ قەڵاتی،

لەلایەکی دە ملێی شەکر و شەربەت و لەلای دیکە نوغل و نەباتی،

سمێڵی برایمی لەسەر کوڵمەی خاتوون پەریخانێ بوو، دەتگوت سۆنەی سەری کەسکە،

هەوەڵی پایزێ فەسڵی شەختەی چووکەڵە، لەسەر شەت و گۆلی مرادانی دەبزاوتی،

خشڵی خاتوونێ دەیدا لە کەمبەرەی برایمی، دەتگوت: داخوڵا، ئەوە قافڵەیە، لە هەوشار و هەشتەرخان و مەکاران دەهاتەوە، ئەوە خواجە حەسەنی بەسرییە دەنگی زەنگ و قۆڕی وی بوو، دایگرت مەملەکەتی وڵاتی.

برایم دەڵێ: «میر، بەقوربانت بم! ئەوە بەقسەی شەیتانانت لە من گرت قینە،

ئەوە خاتوون پەریخان نەبوو، ئەوە کیژێکی حەریرییان بوو، بۆخۆم دەگەوزاندینە.

میر بەقوربانت بم، خۆ پەریخان نەبوو؛ کیژێکی دە بۆتیان بوو بەخوشک و برایەتیم دەست دەئەستۆی کردبوو، لە سوورەتی تۆم، دەدواندینە،

پڕ بەدەسترێکی دەستای دوعا و سەلام بوو، بەمندا بۆ تووی دەناردینە».

میر دەڵێ: «برایم! حوکمە دەبێ بڕۆی لە وڵاتێ».

برایم دەڵێ: میر! لە خۆم بێ ئیختیارێ

لێم بگەڕە هەتا نەورۆزێ و بەهارێ

ئاغا ئیختیباریان بۆ نۆکەری نییە، ئینجا بۆخۆم سەربەخۆم دەکەم چارێ.

دژمنم زۆرن، بۆ وڵاتی بابی خۆم دەچمەوە خوارێ».

میر دەڵێ: «برایم حوکمە دەبێ بڕۆی لێرەکانە.

نۆکەرێکی ئەمین بووی ئێستا بووی غەیانە،

لەکن هیچ کەسی نەتماوە متمانە».

دەڵێ: «میر، بۆ خاتری خوڵای لێم گەڕە ئەو زستانە».

میر دەڵێ: «حوکمە دەرت دەکەم نابێ بمێنی لێرەکانە».

دەڵێ: «میر بەقوربانت بم! دەتنێرمە تەکیەی سەید و مەلانە».

میر دەڵێ: «حوکمە دەرت دەکەم لە وڵاتی؛

پیاوێکی بێ حقووق و بێ فەراساتی.

ئەگەر هاتیە کن ئەمن، لە سەرت بوو کڵاوێکی چوار گوێچک، دە پێتدابوو کەڵاشێکی دۆمان، دەملتدا بوو کەڕکێکی کورداتی،

ئێستا قایل نەبووی بەکەوڵی، حەوتوو بەحەوتوو دەبەخشی سێ قەڵاتی،

هێشتا بەوەی ڕازی نەبووی، بەخوار و غەیان دەرهاتی».

دەڵێ: «میر، بەقوربانت بم! خۆ نانی ئاغایان لە بۆ نۆکەران منەتیان نینە،

هەر نانی خۆت بەفکرە، ئەمەگی نۆکەری قەلەندەرت بەفکر نینە.

ئەتوو گولێک بووی لەوانی نفرینە،

حەوت ساڵانم سواڵ بۆ کردی، سێبەرم بۆ دەکردی لە گوێی کەری شینە؛

بەوەش قایل نەبووم، بردمیە ئەستەمبووڵێ خزمەت سوڵتانی ئەمینە،

دەچوومە کن شوان و گاوانان دە قاپێلکی کیسەڵاندا، چۆڕچۆڕە شیرم بۆ توو دەهێنا،

ئێستا دەڵێی: دەرت دەکەم بەدڵ و یەقینە.

میر، بەقوربانت بم، ئەگەر یەقین دەرم دەکەی لە وڵاتی، بسکی خاتوونێ بەمن بمێنی بەئاوریشمی دووکانان، کە لە ڕەواندزێ کوڕە بەزازان بەتەنافیان ڕادەنگاوتی.

میر! هەنیەی خاتوونێ بەمن بمێنێ، بەمانگی چاردە و پازدە؛ هەزار و حەوسەد مەلایکەتی جڵەوکێشە، لە ڕووی پاک و ناپاکی دەردەهاتی.

میرچاوی خاتوونێ بەمن بمێنێ بەو ئەستێرەی گەلاوێژی دە سێ پاری نیوەشەوێدا لە هەوشار و عەجەم و موغەدەمان هەڵدەهاتی. دەمی خاتوونێ بەمن بمێنێ بەو فینجانی فەخفووری، کوڕە بەبان سەبرکە سەبرکە نەرم نەرم بەپەنجەی موبارەکان دەگرت لێویان لێ دەبزاوتی؛ گەردنی خاتوونێ بەمن بمێنێ بەو ماینی شێ کەحلان، کە سوارچاکان سووچی ڕکێفیان پێ نیشاندان لە ڕملی بەغدایە لەدووی پۆلی کارمامزانیان دەبزاوتی.

بەژنی خاتوونێ بەمن بمێنێ بە داری حودێ، کوڕە موفرەدی بە خەنجەری نێرگز دەبان بۆ دیرەگی خیوەتێ هەڵپەرتاوتی.

سینگی خاتوونێ بەمن بمێنێ بەو قاقەزی مەرجانی، ئەگەر مەلای گەورە لێی دەدەن خەتێ، کوڕە فەقێیان قەڵەمێ ئەنگاوتی.

میر! بەقوربانت بم، حەیفی ئەوم ناکوژێ، ئەگەر دەرم دەکەی لە وڵاتی،

بەو حەیفانەوە مردووم، ئەگەر چاوی خاتوون پەریخانێ لە برایمە ڕەبەنەی دەبنەوە قاتی».