ناسر و ماڵ ماڵ ٤

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 13 خولەک  794 بینین

ناسر دەڵێ:

«خوشکێ! خاتوونی! وای خاتوون تەورێزییە!

لە وەزیری زیاتر کەس لە ماڵ ماڵی ماقووڵتر نییە،

ئەما ڕقی هەڵستاوە دەڵێ: «نایەمەوە کوێستانێ جارێکی دییە».

خاتوون تەورێزی دەڵێ:

«برالە ناسر بەقوربانت بم! هەرچەندی خشڵ و گوارەی منە بۆی بەرە بەدیارییە؛

بەرگی شایانم لە خۆم حەرام کردووە، خەنەم لەسەری خۆم نەدییە؛

نەچوومە ماڵە چ کافر و موسڵمانی بەبووکییە،

خوڵاکەی، برالە، چارەی من چییە؟

چلۆن ماڵ ماڵی دێنیەوە کوێستانێ بەیەکجارەکییە؟

ئەمن دەزانم ماڵ ماڵ تەمای بەمن نییە.

برالە بەسەدەقەی سەرت بم! بزانە لەوێ ئەو کارەی چلۆن پێک دێنییە».

ئەگەر ناسر ئەو قسانەی دەبیست تەواوە،

دەیگوت: «درەنگە ناگەمەوە بەدواوە».

خاتوون پەروەریان دەنارد تەدارەکی بۆ ناسری دەگرت، دەیهێناوە،

لە پێشی دادەنا، دەیگوت: «برالە! ئەوە خۆراکی ڕێیەت، ئەوەش کولێرەی

بەشەکری دروس کراوە؛

خوڵاکەی ئەوانە بۆ کاک ماڵ ماڵی بەرە چونکە لە وڵاتی غوربەتە، هێندەی جەفا بەتوو داوە».

ناسر دەڵێ:

«خوشکێ! دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا».

سوار دەبوو ڕکێفی لێ دەدا، دەگەڕاوە بەدواوە،

هەتا هەندە هەندی بەیانی ئاژواوە،

لەبەر خەوێ ڕێی سەرەدەر نەکرد لەوێندەرێ بوو پیاوە.

خەوی بەسەردا باری سەعاتێکی لەوێ ماتەڵ ماوە.

هەهوو! کە تەماشای کرد بەیانی بەردا، ڕۆژ هەڵکشاوە،

پێی دەڕکێفی دەنا: یا ئەڵڵاهی! دەیکرد تەواوە،

سەربەرەژێر دەهاتە خوارێ، بۆ خەندەقی خەلیفەی دەگەیییە و بوو پیاوە.

تەماشا دەکا: «ماڵ ماڵ لەوێ نەماوە،

ماینێ شێ دەلەوەڕێ هەموو، ئەسپابی لێ بەستراوە.

دەڵێ: «قوڕم بەسەری کرا، ئەمەگی حەوت ساڵانم بەهیچێ دراوە».

ئەگەر وای زانی خۆی لە ماینێ شێ خزێدا تێر گریاوە؛

دەڵێ: «خوڵایە! بزانم چم لێ قەوماوە

لە خۆم هەژارێ

جا بەکوێدا بڕۆمە خوار، لە ماڵ ماڵی بکەم پرسیارێ؛

خۆی ڕووت دەکردەوە و بەڕەڵمی بەغدایەدا دەچووە خوارێ».

دوور تەماشای کرد، ئەوا کاکە ماڵ ماڵ دیارە؛

زۆر بەپەلە دەڕۆیی ئەو هەژارە،

هەتا دەگەیییە ماڵ ماڵ دەیگوت: «برالە قەت ئەوەش قەول و قەرارە؟

ئەمن دەنێری کوێستانێ، بۆ خۆت بەڕەڵمی بەغدایەدا دەچیە خوارە؟

ئەمن شکایەتت لێ دەکەم لە بارەگای جەبارە».

کاکە ماڵ ماڵ دەڵێتە ناسرییە:

«خاتوون تەورێزی مێردی کردووە بەکوردییە.

جا ئەمن دونیام وەلاناوە؛ ئاغایەتیی کوێستانێم بۆ چییە».

ناسر دەڵێ:

«ماڵ ماڵ دڵم سووتاوە،

هێندەم خەم و خەفەتی تۆ کێشاوە؛

ئەمن دەکەیە چەپەر دەمنێری بەولاوە،

خاتوون تەورێزی فەقیر مێردی بەکوردی نەکردووە، بوختانە پێی کراوە،

هەرچەند خشڵ و کرمەک و گوارەی خاتوون تەورێزییە هەمووم بۆ توو هێناوە،

ئەوساڵ حەوت ساڵە چووینە بەغدایە، خاتوون تەورێزی خەنەی شارانی لێ حەرام کراوە؛

درۆیە دەکەن، مێردی بەهیچ کەس نەکردووە، ئەوە لەوێندەرێ؛ لەسەر ئەتوو مەحتەل ماوە،

برالە مزگێنییەکی دیم بۆ هێناوی: هەموو کارێکمان تەواوە،

ئەلحەملای، بابی خاتوون تەورێزی مردووە، مەزن باوۆمەر نەماوە.

ئەگەر حەزێ دەکەی قەت مەگەڕێوە بەدواوە».

کاکە ماڵ ماڵ دەڵێ بەناسرییە:

«ناگەڕێمەوە دوایە جارێکی دییە.

ئەگەر تەورێزیم نەبێ دنیای ڕوونم بۆ چییە؟»

ناسر دەڵێ:

«ماڵ ماڵ وات نەکرد، دەنگم ببێ دلێرە،

وات نەکرد، کاو و مرادێ لە خۆم ببینم، دژمنان بکەم کوێرە.

کاک ماڵ ماڵ، حەوت ساڵان لە توو زیاتر دەڕۆم سەربەرەژێرە،

هۆردک چاوی ناسری، دەبڵا لەپاش ماڵ ماڵی ببنەوە کوێرە».

ئینجا کاک ماڵ ماڵ دەگەڵ کاک ناسری گەڕانەوە بەدواوە، سواربوون و ڕۆینەوە بۆ کوێستانێ.

کێ بوو لە ناسر و ماڵ ماڵی بەڵەک چاوە،

هەتاوەکو بەیانیان داژواوە

وەسەر وڵاتی کوێستانێ کەوتن، ڕۆژ شەبەقی کێشاوە؛

تەماشایان دەکرد، جووتە مێگەلێک لە حەوشەی لەوەڕاوە،

ناسر دەڵێتەوە ماڵ ماڵییە:

«برالە! ئەوە مەڕی مەیە، لاوازە؛ چونکە ئاغای نییە؛

ئەوەش مەڕی مەزن باوۆمەریە، لە بژوێنی لەوەڕاوە، ئاوی خواردۆتەوە لە

سەرینچاوەی کانییە.

برالە چی دی بەتوو نادەم ئەو گەورەیییە،

شەو و ڕۆژێکی بۆخۆم گەورە دەبم، لەپاش شەو و ڕۆژێکی بۆخۆم دێمەوە بە نۆکەرییە؛

گوێلکی کوردیم کەوتۆتەوە زگییە».

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«ئەمن نۆکەرم تا ئاخر زەمانێ

ئەما حەزێ دەکەم، نێوی ئاغایەتی لەسەری خۆت دانێ.

ناسر دەڵێ ماڵ ماڵ!

«نێوی خۆم ئەوا کرد بەئاغالەی ڕۆمییە.

ئەگەر لێیان پرسی: بۆ کوێ دەچێ؟ بڵێ: لە بەغدایەدا هاتووە بۆتە ئێڵچی دەڕوا

بۆ نێو عرووس و ئینگلیسییە.

بزانە ئینشاڵڵا چت بۆ دەکەم لە کوردییە!»

سوار دەبوون ئەو جووتە سوارە،

سەبرسەبر، نەرم نەرم، لە بۆ کوێستانێ دەهاتنە خوارە.

کێ بوو لەو جووتە سوارەی تەواوە،

ڕوویان دە کانییەکەی خۆیان کرد، بوون پیاوە،

حەوت ساڵ بوو ئیشک ببوو؛ ئەگەر ناسر و ماڵ ماڵ گەینە سەری جێبەجێ کراوە.

شوانی ناسر و ماڵ ماڵان هاتن لەولاوە،

دەڵێن: «ڕەبی! میوان بەخێرێن سەری ئەو دوو چاوە

ئەو ساڵ حەوت ساڵە، دەرکی ئەو کانییەی بەستراوە،

دەستی منو دامێن بێ، ئەنگۆ خەبەری ناسر و ماڵ ماڵان دەزانن. کیهەیان مردووە، کیهە ماوە؟»

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«شوانەکەی، جندییە!

ئەو ناسر و ماڵ ماڵی ئەتوو لێیان دەپرسی لە بەغدایەم نەدییە.

ئەگەر لەوەی دەپرسی، ئەمن نۆکەرم، ئەوەش ئاغالەی ڕۆمییە؛

ئەوە دەچێتە نێو عرووس و ئینگلیسی بەئێڵچیگەرییە».

ئینجا دەستیان دەستۆی ئەو سوارانە دەکرد، دەیانکردەوە گرییە،

دەڵێ: «ئەوە ناسر و ماڵ ماڵن؛ ئەدی بۆچ ئەو ساڵ حەوت ساڵە ئەو کانییە ئاوی نییە؟»

یەکیان بەیەکیان گوت:

«بەخوڵای! ئەوە بۆ مەزن و میرزاغایان دەبەمەوە مزگێنییە».

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«حیزباب بۆ هیچ کوێ نەچی؛ ئەوە ناسر و ماڵ ماڵ نییە!»

ناسر و ماڵ ماڵی بەڵەک چاوە،

نێوی خوڵایان دەهێنا، پێیان دە ڕکێفێ ناوە.

ناسر و ماڵ ماڵی نازدارە،

ناسر ئاغالەی ڕۆمییە، ماڵ ماڵ نۆکەرێکی بەرقەرارە،

بۆ سەر عێلی مەزن باوۆمەری دەهاتنەخوارە؛

هیچ کەسیان، نەدەناسی هەر لە ماڵە مەزن باوۆمەریان دەکرد پرسیارە.

ناسر و ماڵ ماڵ گەینە نێو عێلییە، لێیان دەپرسی:

«ئەی ڕێبوار ئەوە کێیە؟»

ماڵ ماڵ دەڵێ:

ماڵ خرانەبوو ئەوە ئاغالەی ڕۆمییە،

بەئێڵچی گەری دەچێتە نێو عرووس و ئینگلیزییە،

«لە ماڵە مەزن باوۆمەری دەپرسێ، وڵاغی چەپەرێ وەرگرییە».

بەنێو هۆبەیدا دەهات هەر سووڕنی سووڕنییە،

هەتا گەیییە دەرکی مەزن باوۆمەرییە،

مەزن باوۆمەر بەپیریەوە دەهات و بەپێخاوسییە.

ئینجا وەرگەڕا مەزن باوۆمەری لێی دا بەقەمچییە،

مەزن باوۆمەر گوتی:

«قوربان! سەبرێکت ببێ، بزانم، حاجەتت چییە».

گوتی: «وڵاغی چەپەرێم بۆ بێنەوە؛ ئەمن ئێڵچیم دەڕۆمە نێو عرووس و ئینگلیسییە».

گوتی: «ئاغالەی ڕۆمی، پیاوێکی بێ فکری؛

دەبێ تاوێکی دابەزی، سەبرێکی بگری،

هەتا بەخێر نەهارێ دەکەی، ئەمنیش دەنێرمە، نێو ڕەوەی وڵاغی چەپەرێت بۆ دەگری».

ئەگەر مەزن باوۆمەر ئەو قسەی کرد تەواوە،

جڵەوی ئاغالەی ڕۆمیان گرت، کردیان پیاوە،

بردیان ڕۆیان نا، لەلامێردانێ پاڵی داوە؛

دیاربوو خەوی دەهات، سەرینیان بۆ داناوە،

مەزن باوۆمەر گوتی:

«تاوێکی ویستراعەتێ بکە، هەتاوەکو وڵاغی چەپەرێ دێتەوە لەولاوە».

کەس نەیناسییەوە ئەوە ناسر و ماڵ ماڵە، هەر لەوان وایە ئاغالەی ڕۆمییە تەواوە.

مەزن باوۆمەر چووە نێو مەڕێ بەڕەوانە،

ئەگەر پێشکێشی بۆ ئاغالەی ڕۆمی بێنێ چل شەکی جووت ددانە،

کوێخادەرکێکی ڕیش سپیدی بوو ئی پیر و زۆرهانە،

ئاغالەی ڕۆمی گوتی:

«خەوم دێ چۆڵ بکەن ئێرەکانە»

ئەو پیاوی ڕدێن سپی ناسی ناسر و ماڵ ماڵانە،

چووە پشت چادرێ؛ گوتی: «ئەوە خۆیان کردۆتە ئاغالەی ڕۆمی ئەو سەگبابانە».

جا کە چۆڵیان کرد چادر و لامێردانە،

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«بڵا دەگەڵ خاتوون تەورێزی بکەم دوو قسانە».

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«خاتوون وای خاتوون تەورێزییە!

ئەمە دوو برالە هەبووین لەوانی دە کوێستانییە،

ئەوە حەوت ساڵە لەسەر ئەنگۆ بووین گەرمیانییە.

ناوەڵڵا، بەقای ژنان بۆ کەس نەبووە، بۆمەش نییە.

مێردیت کردووە بەکوردێکی کەڵاش درێژی شارەزوورییە،

کوردە بووە بەشوان ئەتوو بووی بەناسکەبێرییە،

بەدەستانت پێ دەڕێسن تەشییە،

بەحوکمت پێ دەکەنەوە لایلایەی کوڕی کوردی شارەزوورییە،

وە دەزانی، ناسر و ماڵ ماڵ لەسەر دنیایێ نییە».

خاتوون تەورێزی دەڵێ:

«خوڵاکەی! بزانە سووچ و تاوانی من چییە؟

ئەمن بابم لێ ڕاوەستابوو بەخەنجەرێ، برام بەشیری ڕووتییە،

کوشتن و مردنم قبووڵ دەکرد، نەمدەداوە وەکیلییە؛

بۆیەکم وەکیلی داوە، تا دەگەڵ ناسر و ماڵ ماڵان نەبێتەوە دیدار ئاخرەتییە،

دەگەڵ ئەتوو نا، ماڵ ماڵ ئەما دەگەڵ ناسری ئی من و ناسری خوشک و برایەتییە،

چ بکەم ئەتوو ئەمنت ناوێ، کاری خوڵای ڕەببییە».

کە گوێی لێ بوو لە پشت چادرێ ئەو پیاوی ڕدێن سپییە،

دەرپەڕی هاواری کردە مەزن باوۆمەرییە،

مەزن باوۆمەر بەلینگدان هات گوتی: «ئەوە وەخەبەر هاتووە ئاغالەی ڕۆمییە؟

ئەوە تەماحم بوو چل شەکی جووت ددانی بۆ بێنم بەدیارییە».

پیاوی ڕدێن سپی دەڵێ:

«ماڵ خرا! ئەوە ئاغالەی ڕۆمی نییە،

ئەوە ناسر و ماڵ ماڵن، ئەوا دەگەڵ کچی دە توو قسان دەکەن بەدزییە؛

یەکیان لە مدبەقێ، یەکیان لەودیوی چیغییە.

ئەوە لێک دەکەنەوە ناز و ئەرجوو و گلەیییە».

بابی ناسر و ماڵ ماڵان سەریان دەسوێ ناوە، دەڵێ: «ئێستا دەعوا قەومییە».

بەدزی هەموو خەبەریان دا بەیەکدییە.

ئینجا مەزن باوۆمەر لەولاڕا هات؛ دەڵێ: «ماینێم بۆ بێنن، دەنگ بدەن لەشکرییە».

دەچریکێنی، دەڵێ:

«بۆ کەس دیار نییە،

حیزباب ئەمن لێرەم لە برسان دەرکردن، ئێستا خۆت لێ گۆڕاوە خۆت لێ کردووم بە ئاغالەی ڕۆمییە؛

ئێستا، حیزباب واو لێ دەکەم پاکانو لە کوێستانێ دەردەکەم بەیەکجارەکییە»

ئاغالەی ڕۆمی دەڵێ:

«ماڵ ماڵ ماینی شێ خزم بۆ بێنە دەعوا قەومییە».

ئەگەر سوار دەبوون ئەو جووتە سوارەکەی ڕۆمییە،

مەزن و میرزاغای، بابی ناسر و ماڵ ماڵان دەهاتن بەدزییە،

مەزن ئاغا جڵەوی ماڵ ماڵی گرتییە،

دەڵێ:

«ئەگەر حوکمی وەزیرت پێیە، ئێستا مەزن باوۆمەری دەکوژم بە یەکجارەکییە».

ئەگەر ئەوجار ئاغالەی ڕۆمی ئاوڕی دەداوە، ڕادەمێنی،

مەزن ئاغا جڵەوی ماڵ ماڵی گرتووە دەیدوێنی

ئاغالەی ڕۆمی ڕقی هەڵستا دەچریکێنی

دەڵێ:

«حیزباب، نابێ ڕمبێکم بۆ دە گولەکی مێردان بسرێوێنی».

ئەگەر ماڵ ماڵ ئەو قسەی ئاغالەی ڕۆمیی بیست تەواوە،

ڕمبێکی لێرەی بابی خۆی داوە،

جڵەوی بەردا ڕۆی هەڵات بەلاوە،

مەزن باوۆمەری بۆخۆی سواربوو، لەشکری لە دووی خۆی کێشاوە،

ماڵ ماڵ گەیییە ئاغالەی ڕۆمی گوتی: سەیرێ ئەو لەشکرەی بڵا بگەڕێنەوە

دواوە.

ناسر دەڵێ:

«ماڵ ماڵی ماڵ شێواوە!

ئەمن دەربەند بەمەزن باوۆمەری نیم، ئەگەر دەگەڵم لێ قەوماوە.

ئەمن لە کوردی کەڵاش درێژ ئاوسم، گوێلکی کوردی دەزگمدا ماوە».

دەستیان بە جڵەوی دادەهێنا بەسەرڕەو هاتنەخوارێ لەولاوە، گەینە کوردی سێ

جاریان لێ کرد سەڵاوە،

دەڵێن: «کوردە ڕاستە دەڵێن: گراوی ماڵ ماڵی لە کوردی مارەکراوە؟»

کوردە دەڵێ:

«ئەمنم مێردی خاتوون تەورێزییە.

مارەم کردووە بەکوێراییی چاوی ماڵ ماڵییە،

ئی ناسریش مارە دەکەم بەیەکجارەکییە.

سەگبابە! ئەتوو بڕۆ شاری بەغدایە پەیدا بکە نانییە،

حیزباب! بە درووغ هاتووی، خۆت کردۆتە ئاغالەی ڕۆمییە،

ئەمن کوردەم شوانی مەزن باوۆمەرییە.

بزانم ئاخر سوال و جوابت چییە»

ئەگەر پێی چەقاند گۆچانێکی کردە حەواڵەی ماڵ ماڵییە،

ماڵ ماڵ خۆی دەبەر زگی ماینی شێ خزی ئاویت، کوردە لە قەڵپووزیدا زینی

شکاندییە،

ناسر ڕقی هەڵستا زەرگێکی دا لە زارییە،

لە پشتی سەری دەرچوو ڕووی کرد لە عەرزییە،

ماڵ ماڵ زەرگێکی دا لەسەر دڵی ئەویش دەرچوو لە پشتییە،

ئاغالەی ڕۆمی جنێوی بەماڵ ماڵ دا، ئەتوو حەقت بەسەر ئەوی چییە؟

ئەمن ناسۆرم گەلێک هەیە لە کوردییە.

قەت مەردی وەک ناسری نییە،

دابەزی دەستی دا خەنجەرێ دەسک سپییە،

سەری کوردی بڕی وەک بەرخییە؛

لێوی کوردی بڕی گوتی: «خاتوون تەورێزی پێ ماچ کردییە».

دەستی کوردی بڕی گوتی: «پێی گرتووە مەمکی خاتوون تەورێزییە».

سیرمەسیرمەی کرد وەک دۆمییە.

گوتی: برالە ماڵ ماڵ! بڵا بگەڕێینەوە خزمەت مەزن باوۆمەرییە.

ئەوە گەپمان پێ دەدەن دەڵێن ئەوە ئاغالەی ڕۆمی نییە».

حوکمی وەزیرەلئەعزەمی وەدەرخست بۆ عێلییە،

گوتی: «کوێستان ئی منە هەتا حەوت پشت ڕادەبرییە؛

مەزن باوۆمەر ئەگەر دەنگێ نەکا، ئەمن ئیلاقەی ناکەم بۆ خاتری خاتوون

ئەسمەر و خاتوون تەورێزییە».

ئەگەر مەزن باوۆمەر وای بیستییە،

دایەوە دەنگی لەشکرییە.

گوتی: «بیانکوژن لە وڵاتی کوێستانێ دەریان دەکەم بەیەکجارەکییە».

ئەگەر ناسر و ماڵ ماڵ ئەو قسەیان دەبیست تەواوە،

دەستیان دە مەتاڵان کێشا هەتا چێشتانی سوڵتانی خۆیان لە قۆشەنێ نەداوە؛

لە پاشان ڕقیان هەڵستا بۆ مەزن باوۆمەری گەڕانەوە بەدواوە،

چوار تەرەفی مەزن باوۆمەریان دەگرت مۆڵەتیان لێ نەداوە.

ئەگەر ڕمبێکیان لە جگەری دا کاریگەر بوو هۆشی نەماوە،

لەسەر ماینیان فڕێ داوە،

وە ئەولادیان کەوتن ئاساریان بڕاوە،

ناسر و ماڵ ماڵ هاتن لە ماڵە مەزن باوۆمەری بوون پیاوە

حەوت شەو و حەوت ڕۆژانیان داوەت گرت نانیان بۆ خەڵقی داوە.

ماڵ ماڵ قەت هەڵی نەدەهێنا چاوە،

دەڵێ: «ئەو کوڕەی دەبینم لەمن وایە کوردە ماوە».

ناسر گوتی:

«خوڵاکەی! خاتوون تەورێزی ئەو کوڕەم بۆ بێنە واوە»

سواربوو بڕێک ماینی شێ خزی گێڕاوە،

ڕمبێکی لەسەر دڵی کوڕی خاتوون تەورێزی داوە؛

ئەویشی کوشت بردیان لەکن بابیان دە خاکێ ناوە،

خاتوون تەورێزی زۆر گریا، دەڵێ بووم بۆسۆ و بەدناوە.

بابیشم چوو، ماڵی بڵاوبوو، زگم سووتاوە.

هەزار ڕەحمەت لە بابی «ڕەحمان بەکری» ئەو بەندەی ڕۆناوە.

خوڵا دەوامی «ئیمپراتۆری» بدا ئەگەر «ساحیبی ئاڵمانی» ناردۆتە ئەو وڵاتەی عیلمی کوردی بکا تەواوە.