لاس و خەزاڵ ٣

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 10 خولەک  850 بینین

لاس سێ شەو و سێ ڕۆژان لەنێو عێلی باڵەکیان بوو پیاوە،

قەول و قەراری دەگەڵ عێل و کەیخودای خۆی ڕۆناوە.

لاس دەڵێ: «ئەو قەراری دەگەڵ خەزاڵم کرد، جا بووە تەواوە،

کەیخودای عێلی باڵەکیان ئەوا دەڕۆم دەوڵەت زیاد و ماڵ ئاوا».

پیاوێک دەڵێ: «لاسەشۆڕ! ئاخر تەدارەکت بۆ لەکن خانزادخانێ گیراوە؛

ئاخر وەرە بچینە کن ئەوی لێ بکە سڵاوە؛

ئاخر دایک و بابی نین لە توو زیاتر کەسی نەماوە،

هەزار و حەوسەد ماڵی هەیە، لە سوێی توو لێی شێواوە».

لاس دەڵێ: «کەیخودا، ڕدێنسپیانە!

سوێندم بەسەری خەزاڵێ خواردووە، چی دی گیر نابم لێرانە.

ئەگەر درەنگ بچمەوە، خەزاڵ لێم دەکا گلەیییانە»

کێ بوو لە لاسی گەرم کۆڵاوە،

ماینێ شێ خزیان بۆ هێنا، پێی دە ڕکێفێ ناوە؛

ئەگەر وەنێو زینی کەوت، ئاغایەکی تەواوە،

دەیگوت: «عێلی باڵەکیان! دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا»

خەبەر بە خانزادخانی حەریرێ دراوە.

خانزادخان دەڵێ: «هاوار وەبەر ئەو خوڵایەی دونیا و قیامەتی کردووە ڕاوەستاوە

بانگم وەبەر ئەو خوڵایەی حەزرەتی مووسای لە نوورێ خلقەت کردووە و ڕۆژێ هەزار و یەک کەلیمەی لە بارەگای وی دەکرد تەواوە.

یاڕەبی لاسەشۆڕ، هەڕۆ، بڕۆ، سەر نەیێنیەوە دواوە

بزانە دەگەڵ ئەو عێل و مەخلووقەی چم لێ قەوماوە:

هەزار و حەوسەد ماڵی باڵەکان بەسەر ئەمندا بەجێ ماوە».

لاس دەنێو عێلی باڵەکیان بۆ نێو ماموودینان گەڕاوە،

ئێڵچی و چەپەر مزگێنییان بۆ یای خەزاڵێ هێناوە.

قاسید دەیگوت: «یای خەزاڵ! بەسەری توو، لاس دەهاتەوە، خانزادخانی نەدی بە چاوە؛

ئەگەر خەیاڵی بکەی لەبزی دە لەبزی نەگەڕاوە».

خەزاڵ دەڵێ:

«یا خوڵا! بەخێرێتەوە تەدارەکێکی چاکی بۆ گیراوە».

لاس لە زینوو و بانووانی دەکرد ڕەشەڕاوە.

کەروێشکێکی گەرمەلانێی دەگرت بەدیاری و سەوقاتی بۆ یای خەزاڵێ هێناوە.

لاس گەیییە جێ، لە دەرکی چادرێ دەبوو پیاوە،

دەچوو لە یای خەزاڵی دەکرد سەلام و سەڵاوە.

یای خەزاڵ دەڵێ:

«عەلەیکوموسەلام و ڕەحمەتوڵڵاهی، سەرچاوی من شۆڕەلاوە،

وەرە دانیشە، بزانم، لە وڵاتی باڵەکیان چت داوە، چت لێ قەوماوە؟»

دەڵێ: «یای خەزاڵ بەسەری توو لەبزم دە لەبزی خانزادخانێ نەگەڕاوە؛

گەلێک گەلێکم دڵخۆشی عێلەکەی داوە.

یای خەزاڵ، زۆرت لێ خەجاڵەتم، پێشکێش و ئەنعامم بۆ توو نەهێناوە.

لە عەیبەت خانزادەخانێ هەر وەدەرکەوتم، هاتمەوە بەدواوە».

یای خەزاڵ دەڵێ:

«هیچم پێ ناوێ لاسەشۆڕ وەکازی دەستانم.

ئەمن خانەخوێ، بووی بە میوانم.

ئینجا تەرخان بە لە مەمکانم».

لاس لەوێ دەبێ هەتا سبحەیانێ،

ئەوێ شەوێ خۆش ڕادەبرێ دەگەڵ گوزەرانێ.

سبحەینێ خەزاڵ زویر و زگار داما. لاس لێی پرسی: «یای خەزاڵ ئەو حاجزییەت بۆ چییە؟»

یای خەزاڵ دەڵێ:

«لاسەشۆڕ! خۆ من لەبەر ئەتووم نییە،

ئەوە لە لایەکی دییە، کارێکی دییە».

کوتی: «بەسەری من، پێم بڵێ، بزانە ئەوە چییە».

یای خەزاڵ دەڵێ:

«بەسەری خۆت سوێنت داوم، چ بکەم، چارەم چییە؟

ئەگەر بێتو پێت نەڵێم، دەبێ بە غەیانەتییە،

ئەگەر درۆشت دەگەڵ بکەم، ئەوەش دەبێ بە ڕووڕەشییە،

ئەگەر لەو قسەی بگەڕێی، دەنگکردنی چاک نییە».

لاس دەڵێ:

«یای خەزاڵ! بەسەری توو هەر دەبێ پێم بڵێی چارە نییە».

یای خەزاڵ دەڵێ:

«چ بکەم ئەوەیش بۆ من دەبێتە خەم، ئەمن بابان وێرانێ

پێیان کوتم: گوڵی شۆڕانێ هەن لە چل پلەی عومانێ

چرا و لالەت ناوێ سەربەخۆ، دایسێ هەتا سبحەیانێ».

لاس دەڵێ:

«یای خەزاڵ! بزانە چۆن کارانت بۆ پێک دێنم.

یان سەری خۆم نایێنمەوە، یان گوڵی شۆڕانێت بۆ دەیێنم».

لاس دەڵێ:

«ماینێ شێ خزم بۆ دەرێنن بەیەکجاری،

ڕمبی نەزەریم بۆ بێنن دەگەڵ جووتە زەرگی خوندکاری،

خۆم دەسپێرم بە خوڵا و بە جەباری.

یا سەری خۆم دادەنێم یا گوڵی شۆڕانێ دێنم بە دیاری».

یای خەزاڵ دەڵێ:

«چ بکەم ئەمن سەر بەتاڵ و مل بەکوێنە»

ماینی شێخزیان بۆ لە بەهاربەندێ دەرهێنا،

دە پشتێیان دەکردەوە زینە،

هەگبەیان بۆ دەهێنا،

پڕیان کرد لە نانی شەکرینە.

لاس دەڵێ:

«یای خەزاڵ! ئەتوو ئەو هەگبەت بۆ چییە؟

ئەنگۆ بۆم بێنن ڕمبێکی نەزەری، کەوایەکی دوولایییە.

زەواد ناچێتە سەر زاری هەتا گوڵی شۆڕانێت بۆ نەهێنم بە دیارییە».

لاس ماڵئاواییی کرد، ڕۆی. خانزادخان پێی زانی هەزار و حەوسەد ماڵی عێل بوو، بردی لەسەر ڕێی لاسی چادریان هەڵدا. خانزادخان کوتی: «دەیگێڕمەوە ئەوە دەینێرن بە کوشتی بدەن».

لاس ئاژوای هەتا گەیشتە عێلی خۆی، بەکن چادری خانزادخانێدا ڕۆیی کوتی: «ماڵە! چۆڕێکم ئاو بدەنێ». خانزادەخان کوتی: «سوار پیاو بە». لاس کوتی: «ناتوانم، دەبێ بڕۆم، سوێنددراوم». لاس خانزادخانی نەناسییەوە؛

جا خانزاد دەڵێ:

«ئەتوو، عەمرم، بۆچی نابی پیاوە؟

ئاخر نازانی ئەوە عێلی تۆیە بەبێ ئاغای بەجێ ماوە؟

بەقسەی ئەو قاعبەی دەتنێرنە چل پلەی عومانێ هەتا سەر نەیێنیەوە دواوە».

لاس دەڵێ:

«قاعبە! بۆچ جنێوت بە خەزاڵێ دا، وات نە کرد پیاو بم، نە نانت بخۆم نە ئاوە

نازانی، سوێندخۆری خەزاڵێم هەتا گوڵی چل پلەی عومانێ نەیێنم لە هیچ کوێ نابم پیاوە».

لە چادران دەردەچوو جا ڕکێفی لێ داوە.

خانزاد دەڵێ: «جا قوڕی کوێ وەسەری خۆ بکەم؛ ئەوجار نایێتەوە بەدواوە».

لاس ڕکێفی لێ دا تا چووە چل پلەی عومانێ.

تەماشا دەکا چوار پاڵەوان دەگەڕێن دەکەن سەیرانێ.

ئەگەر لاسەشۆڕیان دی لە زەمانی،

هەریەکە گورزێکی گەورەیان دانا لە سەر شانی

لاس دەستی دا ڕمبی نەزەری، کوتی: «بڵان ئەوانە بکوژم بڵا سەرکردە پێ بزانێ،

سێیانی سەر بڕی، ئەوی دی گوێ پچڕی: «خەبەرێ بۆ سەرکردە بەرە بڵا پێ بزانێ

ئەگەر لێی پرسی، ئەوە کێ بوو، بڵێ: ئەوە لاسەشۆڕی باڵەکییە؛

بە قسەی خەزاڵێ هاتووە بۆ گوڵی عومانێ،

خەبەرێ بدە بە سەرکردەکانی دی، بڵا هەموو پێ بزانێ».

جا ئەگەر پاڵەوان خەبەری بە سەرکردەی داوە،

سەرکردە دەڵێ: «ئەی پاڵەوانی من، ئەوە چ بووە؟ چوو لێ قەوماوە؟»

دەڵێ: پاڵەوانێکە هاتووە لەولاوە،

دەڵێ: ئەمن لاسی باڵەکیم، موژدەی بدە بە پاڵەوانان تەواوە،

ئەمن لاسی باڵەکیم بۆ گوڵی شۆڕانی هاتووم تەواوە.

ئەگەر خەبەر بە هەموو سەرکردان دراوە،

هەمووی خڕبۆوە، هاتەوە لەولاوە،

هەمووی ئیکلامی لاسەشۆڕی باڵەکیان کێشاوە،

هەمووی لەبەر دەستی ڕاوەستان دەتگوت ئێخسیرن، لێیان قەوماوە.

دەیگوت: یان دەبێ شەڕێم دەگەڵ بکەن، یا دەبێ چل پلەی عومانێ بکەن بڵاوە.

دەیگوت: هەموو پاڵەوان و بەناوین،

هەر چی ئەتوو دەفەرمووی نۆکەرین ڕاوەستاوین.

دەیگوت: دەنا دە بڕۆن، ڕامەمێنن،

حوکمە دەبێ چل گوڵی شۆڕانێ بۆ بێنن.

گوڵی جسن بن خەزاڵێ نەڕەنجێنن!

بنێرن حاجی و مەلای شاری عومانێ بێنن،

حوکمە دەبێ ئەو چل پلانە هەموو بڕووخێنن».

کێ بوو لەو پاڵەوانانە تەواوە،

بەو شەوەی چل گوڵیان گوڵی شۆڕانی هێناوە،

دەسک بەدەسکیان کرد، دە هەگبەی لاسیان ناوە،

بە ئاوریشمی دووکانێ پێچراوە،

فەعلەیان هێنا چل پلە هەمووی ڕووخاوە،

خەڵکی شاری عومانێ هەموو دەستەودوعا بۆ لاسی باڵەکی ڕاوەستاوە.

لاس دەڵێ:

«خزمینە! دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا»

گوڵی شۆڕانی هێنای و گەڕاوە بەدواوە،

هەتا گەیییە چادری خانزادخانێ، جا لەوێندەرێ، لە چادرێی لاداوە،

خانزادخان دەڵێ:

«ئامۆزا بەقوربانت بم وەرە، ببە پیاوە

وەرە، لەکن ئەمن بخۆ پاروێک نان و چۆڕێک ئاوە.

چەند ڕۆژە، دە زەحمەت دای، گەلێکت کوێرەوەری کێشاوە».

لاس دەڵێ:

«خانزادە! ناتەواوە

وات نەکرد؛ نە نانت بخۆم نە ئاوە،

«ئەتوو بۆچی جنێوت بە خەزاڵێ بەڵەک چاو داوە؟

سوێندم بە سەری خەزاڵێ خواردووە، لە هیچ کوێ نابم پیاوە».

خانزادەخان دەڵێ:

«لاسی بەڵەک چاوە!

بە قسەی ئەو قاعبەی جارێکی سەر نایێنیەوە دواوە.

هەڕۆ، بڕۆ، بە خوڵام بە زامن نەدای تەواوە

ڕەبی، لەو مەخسوودەی نەبینی مراد و کاوە»

خانزاد دەڵێ:

«لاس ئەتوو بۆ وا بێ فکری؟

نازانی، عێلاتی خۆت ئەوا لە دووت دەگری؟

هەڕۆ، بڕۆ، ڕەبی تیری چڵکنان بتگری

جەدی پێغەمبەری نەفەسی پیرخدری

یای خەزاڵ ئەو گوڵانەت بەساغ و سەلامەتی لی وەرنەگری».

ئەگەر لە خزمەت خانزادەخانێ بەڕێ بوو، تووشی دوو ڕێیان بوو یەکی ڕێی چوار ڕۆژان بوو یەکیان ڕێی شەو و ڕۆژێک بوو. ئەو ڕێی یەک ڕۆژەکەی زۆر بەترس بوو، ڕێی چوار ڕۆژەکە زۆر ئەمین بوو. لاس لە ڕێی یەک ڕۆژەی ڕۆیی، ئەو ڕێیەش وڵاتی چڵکنان بوو، کەس نەیدەوێرا بەو ڕێیەیدا بڕوا. لاس هەر ئەوەندەی زانی تیرێکیان ئاوێتێ. ئەگەر ئاوڕی داوە لە بڵندی بوو. لاس لە ژێرڵا زەرگێکی پێدادا کوشتی. لە سەرڕا هاتە خوارێ. یەکی دی تیرێکی ئاویت، لە ڕانی لاسی دا، زینی دەگەڵ بڕی. کوتی: «وەڵڵاهی! دەری نایێنمەوە، هەتا بەدەستی خەزاڵێ دەرنەیێ».

ئاژوای و هاتە خوارە.

هەتا دەگەیییەوە عێلی ماموودینان ئەوجارە.

بەپیریەوە دەهات مەخلووق و یای خەزاڵێ نازدارە.

یای خەزاڵ دەڵێ:

«بەخێرێیەوە، سەر چاوی من، شۆڕەسوارە»

لاس دەڵێ:

«سەلامونعەلەیکوم دووبارە».

خەزاڵ دەڵێ:

«ئەتوو پێم بڵێ جارێ گوڵی شۆڕانێت بەبێ کوێرەوەری هێناوە؟»

دەڵێ: «بەبێ کوێرەوەری هاتم، ئەمما تیرێکیان لە ڕانی من داوە:

سوێندم خوارد، کوتم: دەری نایێنم، هەتا نەیبینێ خەزاڵێ بەڵەک چاوە».

خەزاڵ دەستی دا تیرەکە؛ هەرچەندی کرد بۆی هەڵنەکشاوە.

خەزاڵ دەڵێ:

«چ بکەم، چاوم کوێر بوو، سەرم دە قوڕێ نراوە».

خەزاڵ حوکمی کرد، تیرەکەی هەڵکێشاوە،

لاس بێ هۆش بوو، زمانی شکاوە.

ناردی، حەکیم و عەتاری بۆ وی هێناوە؛

حەکیمی لەسەر برینی وی داناوە؛

خەبەری بەخانزادەخانی حەریرێ داوە.

کوتی: «وەڵڵاهی! نایێمە سەری، بەقسەی ئەو قەعبەی وای لێ قەوماوە.

جەهندەم! با لەوێش بڕوا بەولاوە».

کێ بوو لە لاسی بەناز و ئەرجوو،

ئەلحەمدولیللاهـ! برینەکانی پێکەوە خۆش بوو،

لاس لەو دەردەش ئەوا ڕزگار بوو.

لاس هەڵستا بەپێی خۆی دەگەڕاوە.

ڕۆژێکی سواربوو، دەیکرد ڕەشەڕاوە،

برینەکانی چاک نەبوونەوە، سەرلەنوێ دەکولاوە.

هەرچەند حەکیمی هاتە سەرێ عیلاجی نەکراوە،

بێ هۆش بوو، زمانی شکاوە.

خەزاڵ دەنگی خەڵقی دەدا، دووبارە لە خانزادەخانێ گێڕاوە؛

خانزادەخان بە عێلەوە خۆی دە قوڕێ ناوە،

گەیییە وڵاتی ماموودینان، دەیگوت: «ئەوە چ لە لاسی قەوماوە؟»

دەیانگوت: «نەخۆشێکی گەلێک تەواوە».

خەزاڵ و خانزاد دەچوونە سەر لاسی ڕۆدەنیشتن تەواوە.

خانزاد دەڵێ:

«مەلایان بانگ بکەن، بخوێنن یاسینێ

کوڕە کوڕەی باڵەکیان بانگ بکەن؛ بکەنەوە گەرمەشینێ؛

فەقێ و سۆفییان بانگ بکەن، لە خوڵای بپاڕێنەوە، بکەنەوە ئامین ئامینێ،

دەشقەم لاسی باڵەکی ئەوجار نەمرێ بەوێ برینێ».

خوڵایە! کەرەمدار و قادری!

میوانی خوڵای دێ، ڕووحێ لە لاسی وەردەگری،

ئەوجار بەجارێکی لاس دەمری و ڕادەبری

خانزاد و خەزاڵ قوڕێ لە خۆی دەگری.

لاسیان هەڵگرت و بردیان لە بۆ قەبری.

دە قەبریان نا، لەوێ بەجێ ماوە،

خانزادەخان بەدڵشکستی بۆ نێو عێلی باڵەکیان گەڕارە؟

خەزاڵ لەوێندەرێ بەجێ ماوە.

خوڵایە! ئەتوو گەورە و نادری

بڕوانە ئەقڵی «ڕەحمان بەکری»

قەدری «ساحێبی ئاڵمانی»چلۆن ڕادەگری،

ڕەببی، «ساحیبی ئاڵمانی» بۆ خاتری دایک و خوشکی خۆت نەمری.