لاس و خەزاڵ ٢

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 12 خولەک  1030 بینین

لاس دەڵێ:

«پیاوێکی نادرم،

ئەمن ماڵی ئەو عێلەی بە زامن هەڵدەگرم

دەبێ لەسەر گیسکێکی ئەو عێلەی ئەمن بمرم.

ئێستا بە ئیزنی خوڵای، سوورچی و زرارانیشت لە بۆ دەگرم.

بە شاهید بن کەیخودا و ڕدێندارە:

بزانن یای خەزاڵ چەند ماچ بە من قەرزدارە

ئێستا بزانە چلۆن دەیکەمە کوشتن و هاوارە،

ئێستا تاڵانی سورچی و زراران دەگرم بەیەکجارە،

ئێستا مەڕی یای خەزاڵێ دێنمە خوارە.

لاس ئەگەر ڕکێفی لە ماینێ شێ خز داوە،

لەنێو عێلی وەدەرکەوت، چوو، لەوێ ڕاوەستاوە.

لاس بانگ دەکا دەڵێ: «داخوا، لە چ تەرەفان ماڵ نەماوە».

ئەگەر بڕێکی دی لە زینوێی چوو بەولاوە،

ئەگەر تەماشا دەکا، لەشکری میربداغ و میرحەمەخانی ڕاوەستاوە.

لاس کوتی: «یای خەزاڵ! کەس دەگەڵم نەیێتە دەعوایێ،

ئەما هەرچی ژنە سەر و بەرگی ڕەش بێ، ئەتوو بۆخۆت بەرگی سپی دەبەر بکە؛

ئەگەر ئاوڕم داوە، بزانم لە کوێی». ئینجا ئەگەر لاس دەستی بە جڵەوێ دادەهێنا، چۆ خوارێ بۆ مەیدانێ.

لەشکری سوورچی و زراران دەڵێ: «قاسیدی عێلی مامودینان ئەوەتانێ».

هێندێک دەڵێن: خوڵا ماڵێو بکا وێرانە،

ئەنگۆ بۆ نایناسن کەڵەگایە، ئەوە لاسی باڵەکیانە.

لاس بانگ دێڵێ:

«هۆی میربداغ، میرحەمەخان گیانە!

تاڵانی خەزاڵو بردووە، لە بژوێنی نەلەوەڕێ، یای خەزاڵ لێم دەکا گلەیییانە،

بۆخۆو تاڵان دەکەم، لێو دەکەمە ئێخسیر ماڵ و خێزانە».

میرحەمەدخان دەڵێ:

«لاسی باڵەکی! نەمرم، بژیم، بمێنم.

بە گۆڕی ئەحمەد ئاغای باڵەکیدا دەڕیێنم.

ئەگەر نەمرم، دەچم وڵاتی باڵەکیان تاڵان دەکەم، خانزاد خانێ بە ئێخسیر دێنم».

لاس دەڵێ:

میربداغ، بە لاسی بزانە،

شەڕی کاوڕان نییە شەڕی بەرانە.

ژنانو دەکەمە ئێخسیر، جێ ماڵو دەکەمە سەبزیخانە.

ئەنگۆ چ هونەرێکوو کردووە، هاتوونە نێو ماموودینان، دەبەن ئەو ماڵ و تاڵانە؟

مەڕی خەزاڵێ، ئەگەر لە بژوێنێ نەلەوەڕێ لێم دەکا گلەیییانە،

دەبێ لە سەرینچاوەی کانیان ئاو بدرێ، حاجز نەبن بێرێ و شوانە،

ئەوە هاتمە مەیدانێ، جا حاڵی خۆت بزانە».

ئەگەر میربداغ وادەزانێ،

دەستی دەدا ڕمبی خۆی، ڕای دەکێشا مەیدانێ.

لاس دەڵێ:

«ئەمن لە مەیدانی خۆم دەبینم کاوێ؛

ئەتۆ وەرە، دەستی ماینێ شێ خز بگرە، لێم بکە سەڵاوێ،

بڵێ لاسەشۆڕ، میوانی خەزاڵێم، لە دڵم دەرماوێ».

میر حەمەدخان دەڵێ:

«نازانی وەک پڵینگی چەنگ بەخوێنم؟

باڵدار بە ئاسمانێدا بڕوا، باڵانی دەوەرێنم؛

نازانی خەزاڵێ دەکەم بە ئێخسیر، ئەتۆش بە گۆڕی ئەحمەد ئاغای باڵەکیدا

دەڕێنم».

لاس دەڵێ:

«های دادوبێداد، زەمانێکی ڕاگوزارە،

ئەتوو خۆت باوێ کن خەزاڵێ، حیزب باب دەشقەمێ بۆت ببێ بە تکاکارە.

ئەی میرحەمەدخان، چی دیم لێ ڕامەمێنە،

ڕۆژ ئەوە وەرگەڕا، درەنگە، زەبری خۆت بوەشێنە».

ئەگەر میربداغ دەستی دەدا زەرگی خۆی، لە تەنیشتی خۆی هەڵکێشاوە،

زەرگێکی حەواڵەی لاسی دەکرد، لاس خۆی لەبەر لاداوە

ئەگەر لە قەڵبووزی پێشەوەی داوە، لە پاشەوەی قەڵتاغ شکاوە.

لاس دەستی دەدا ڕمبی خۆی، ڕمبێکی لە میربداغی دا، لەسەر ئەسپی فڕێ داوە؛

ڕمبی لاسی دەسەر دڵی میربداغیدا ماوە.

لاس بانگ دێڵێ:

«یای خەزاڵ، بووی بە دەزبێنم.

لە میربداغ و میرحەمەدخانی دەگەڵ کێهەیان سوێندخۆری تا بە دەستی بەستەت بۆ بێنم؟

هەر کی قسەی دەگەڵ ئەتوو یەک بێ، حەمرێکەم، بەخوڵای! نایڕەنجێنم.

ئەوی ئەتووی دەگەڵ یەک نەبی، بەخوڵای! سەرت بە پێشکێش بۆ دێنم».

یای خەزاڵ بانگ دێڵێ:

«هۆی لاسەشۆڕی باڵەکیانە،

ئەزت بم بە قوربانی قمبەڵی دە پەڕانە،

هەرچی ئەتوو کەیفت دێنێ، وەکیلی منی بۆ من خۆشگوزەرانە».

ئەگەر لاس ئەو قسەی لە خەزاڵێ دەبیستەوە تەواوە.

ڕکێفی لە ماینی شێ خز دەدا، ڕمبی لە سینگی میربداغی هەڵدەکێشاوە.

ئەگەر میرحەمەدخان وا دەزانێ،

ڕکێفی لێ دەدا دەهاتە گۆشەی مەیدانێ.

میرحەمەدخان دەڵێ: «نەمرم، بژیم، بمێنم،

«ئەگەر نەمرم، ئینشاڵڵا، وڵاتی باڵەکیان و ماموودینانت ڕاست و چەپ بۆت تێک دەپەڕێنم،

یای خەزاڵ دەکەم بە جاریە، خانزادیش بە ئێخسیری دێنم».

لاس دەڵێ:

«میرحەمەدخان، گیانە!

ئەگەر نەمرم سەرت لە مەیدانێ دەبڕم، ژنانیشو دەکەم بەقابەخانە.

ڕمبی خۆت باوێ، زەبری خۆت لێ دە؛ شەڕی بەرانی بەسەر چوو، نازانی شەری کەڵانە،

ئەگەر مەڕی خەزاڵێ چاک نەلەوەڕێ، کەم شیر دەبێ، بێری شکایەتم لێ دەکەن،

یای خەزاڵ لێم دەکا گلەیییانە:

درەنگە زەبری خۆت باوێ ئەوڕۆ مەیدانە!»

میرحەمەدخان ڕقی هەڵستاوە،

ئەگەر ڕمبی هەڵدەکێشا، حەواڵەی لاسی باڵەکیی داوە.

لاس سەرەزەرگێکی لە ڕمبی میرحەمەدخانی دا، لە خۆی لاداوە.

ئەگەر لاس ڕمبێکی لێ دەدا، لەو شانی چەپەی داوە.

لاس بانگ دێڵێ:

«هۆی خەزاڵێ، کێل گەردنێ بەڵەک چاوە!

ئەگەر سوێندخۆری میرحەمەدخانی، بەخوڵای لە جێی خەتەرێم نەداوە.

بنێرم ئەرەسوو و لوقمانی بێنمە سەرێ بۆت بگێڕمەوە بەدواوە.

هۆی خەزاڵی بنێرە کن میربداغ و میرحەمەدخانی، بزانە ئەو عێلە بۆچی تاڵان کراوە».

هەر جارێک لاس ئاوڕی وەخەزاڵێ دەداوە،

یای خەزاڵ دەتگوت سپیاسییە ڕاوەستاوە.

هەرچەند عێلی سوورچی و زراری بوو، هەمووی لە بانگەی دەدا، دەگەڕاوە بەدواوە.

ئەوجار کێ بوو لاسەشۆڕی باڵەکییە.

هەڵی دەگرت میربداغ و حەمەدخانی سوورچی و زرارییە،

بەدیاری و پێشکێش دەیبردن بۆ یای خەزاڵێ مەلانەبییە.

ئەگەر لاس دەهاتە خزمەتی یای خەزاڵێ دووبارە،

سەلامی لە خەزاڵێ دەکرد ئەوجارە،

دەیگوت: «یای خەزاڵ! عەمرم، کێ لەسەر وڵاتی سوورچی و زراران دەکەیە سوورباش و ئیختیاردارە،

ئەی ئەهلی ئەو شارەی، بزانن یای خەزاڵ، چەند ماچ بەمن قەرزدارە!»

لاس دەڵێ: «بڵا بچم، ماڵ و تاڵانی خەزاڵێ بگێڕمەوە».

لاس ڕکێفی لێ دەدا، گەیییە لەشکری سوورچی و زراران. گوتی:

«ئەی خەڵقی سوورچی و زرارانە!

بۆ خاتری بینای چاوانە

شوان و مەڕی یای خەزاڵێ کیهەیە لەوانە لە هەمووانە؟»

پێیان نیشان دەدان ئەو فەقیر و بەستەزمانە.

لاس لینگی دەدا نێو ئەوانە،

پێی شاد و شوکر دەبوونەوە ئەو شوانانە.

جا بەپیر لاسی دەهاتن ئەو خانم و خاتوونانە.

خاتوونان هەردووکیان دەڵێن: «لاسەشۆڕ؛ بتبین بەقوربانە

برا، بمانکە قەرەواشی یای خەزاڵی مەلانەبییانە.

بڵا دژمن پێمان نەکەن بێ حورمەتییانە،

پیاوێکی بنێرە سوورچی و زراران بڵا ڕۆنیشێ لەسەر جێی میربداغ و میرحەمەد خانە».

لاس دەڵێ:

«خاتوونێ، خاتوونێ نەوجوانە!

جارێ مەڕی خەزاڵێ لە کوێیە؟ نەلەوەڕاوە، نەکوو لێمان بکا گلەیییانە».

لاس بانگی کرد: «ئەی شوانی یای خەزاڵێ مەڕی خۆت هەڵاوێرە».

مەڕی خەزاڵێیان هەڵاوارد؛ هەرچەندی خەڵقی سوورچی و زراران بوو، ڕەگەڵ مەڕی خەزاڵێ کەوت. هەموو باوەشێنیان دەکرد، هەتا تۆزی لێ نەکەوێ، هەتا هاتنەوە نێو عێلی ماموودینان. ئەگەر هاتنەوە میر حەمەدخان ڕمبی لە شانی درابوو. ناردیان حەکیمیان هێنا سەرێ.

حەکیم حەکیمێکی تەواوە،

میرحەمەدخانی دەرمان کرد، تا برینەکەی ساغ کراوە.

میربداغ مرد، وڵاتی سوورچی و زراران بێ ئاغا ماوە.

سێ ساڵان میرحەمەدخان لە خزمەتی لاسی ڕاوەستاوە،

یای خەزاڵ دەڵێ: لاسەشۆڕ ئەتوو نەتزانی ئەوە بەباب و برای من لە قەڵەم دراوە؟

«مەسڵەحەت ئەوەیە، میرحەمەدخانی بگێڕینەوە بەدواوە،

وڵاتی سوورچی و زراران بێ سوورباش و ئاغا ماوە».

میرحەمەدخان دەڵێ:

«لاسەشۆڕ، لاسەشۆڕی باڵەکییە!

ئەمن ولایەتی سوورچی و زراریانم بۆ چییە؟

لێرە ڕۆدەنیشم لە خزمەت تۆ و یای خەزاڵێ بەخوشک و برایەتییە،

قەت ناچمە ولایەتی سوورچی و زراران بە ئاغایەتییە».

ڕۆژێکی لاس گوتی: «ماینی شێ خزم بۆ دەرێنن، دەچمە ڕاوێ، خەزاڵ دەگەڵ ئەمن غەیانە، بڵا لێی زیزبم، بزانم حەزێ لە کێ دەکا.

دڵم لە جۆشە، دەروونم گەلێک بیابانە،

ماینێ شێ خزم بۆ بێنن، زینی مورسەتی باوێنە سەرێ، بۆم بکێشن هەردووک تەنگانە،

ڕمبی نەزەریم بۆ بێنن، بیگرم بە هەموو پەنجانە،

زرێی ئاڵقەوردم بۆ بێنن، قۆڵی خۆمی تێ هەڵکێشم، ئاڵقەی بکەوێتە سەری هەردووک ملانە.

مەتاڵی حەوت قوببەییم بۆ بێنن، تا ڕشتەی باوێمە هەرتک شانانە،

تاژی و توڵانم بۆ بانگ کەن، قەڵادەم بۆ بێنن، دەستۆی هەڵکێشم، بەند و ڕستەی ئاوریشمینم بۆ بێنن سەرێکی لە قۆڵی خۆم ببەستم، سەری دیکەی بکەم شان بەشانە،

پێ دە ڕکێفێ نێم، بکەومە سەری خوانی زینی، بە ئیزنی خوڵا و ڕەسووڵانە،

ڕاوی خۆم باوێمە پانکە پانکەی خان تاوسی، وە نێو عێلی ماموودینانە،

کەروێشکێکی گەرمەلانێ ببینمەوە، بیدەمە شەقەی ڕکێفان، ناسکەی تووڵە و تاژییان، بیگرم بە هەموو دەستانە،

دەعبایەکی بەدقەدەمە، جانەوەرێکی ناسک و نەرم و جوانە؛ بێنمەوە بۆ خەزاڵی کێل گەردن، خەمی خۆی پێ بکا گوزەرانە».

یای خەزاڵ دەڵێ:

«دیوتە، چەند سەرم بە قوڕە، بابانم وێرانە

دیوتە چلۆن ئابڕووم چوو لەنێو عێلانە

نایێڵم بۆت بێنن دگدگ و دەمەرقۆپانە

نایێڵم بۆت دانێن جووتێک کەوشی میرزایانە

نایێڵم زرێی ئاڵقەوردت بۆ بێنن، قۆڵی خۆتی تێ هەڵکێشی، ئاڵقەی بکەویتە سەر ملانە

نایێڵم مەتاڵی حەوت قوببەت بۆ بێنن، ڕشتەی دە ستۆت کەی قوببەی بکەوێتە نێوانی هەرتک شانانە

نایێڵم ڕەمبی نەزەریت بۆ بێنن، بیگری بە دەستانە،

نایێڵم تاژی کەللەزەردت بۆ بێنن، قەلێدەی ئاوریشمت بۆ بێنن، دەئەستۆی تاژیەی هەڵکێشن، پێ ببێ جوانە.

نایێڵم بەن ڕستەی ئاوریشمینت بۆ بێنن سەری ڕستەی دەئاڵقەی قەلێدەی هەڵێنن لە قۆڵی خۆی ببەستی، بیگری بە هەموو پەنجانە،

نایێڵم پێ دە ڕکێفێ نێی، بکەویە سەر خوانی زینی، بەئیزنی خوڵا و ڕەسوولانە،

نایێڵم ڕاوی خۆت باوێیە بەڕیە و بیابانی لە دووی کەروێشکی گەرمەلانە،

دەعبایەکی ترسەنۆکە، خۆشبەزە، گەلێک بێ ئیمانە،

پشتی خۆی دە ئاوەدانییان دەکا، بەری خۆی دەکاتە چڕی سەخت و بڵند و بێ سامانە

سواری ڕاوێ ئەگەر کەروێشکی چاو پێ کەوت، بەری دەداتێ تووڵە و تاژییانە،

خوڵا و پێغەمبەری لە فکر دەچێ هەر چاوی لە تووڵە و تاژیانە،

هەر جڵەوێ شل دەکا، ڕکێفێ دەکوشێ، نە هەورازی دەپارێزێ نە بەردانە،

دەترسم دەودەمیدا بگلێ، زەرەرێ بێنێ، بابانی خەزاڵێ بکا وێرانە.

دەودەمیدا ئەرەسوو وا دەس ناکەوێ دەگەڵ حەکیمێکی وەکی لوقمانە،

بێنمە سەر لاسی باڵەکی، دەشقەمی چا بکاتەوە ئەو برینانە،

لاسەشۆڕ! وەرە دەس باوێ گەردنی زەرد، ڕاو هەر ڕاوی ماچانە».

یای خەزاڵ لاسی گێڕاوە لەو سەفەری گەورە و گرانە،

لەکنە خۆی ڕۆدەنا شان بەشانە،

باسکی خۆی دەکردە سەرین، پێکەوە دەبوون دەستەملانە.

یای خەزاڵ دەڵێ:

«لاسەشۆڕە! لاسێکی نەوجوانە،

ئەزت ببم بە قوربانە،

ڕاوی کەروێشکێ خۆشترە یانە ئەو ماچانە؟

ئینجا ئەوشەو بنوو هەتاوەکوو سبحەیانێ، مەلا دەڵێ ئەڵڵاهوئەکبەر، سۆفی دێنیوە شادەت و ئیمانە».

جا سبحەیانێ کاکە لاس دەڵێ:

«یای خەزاڵێ نەوجوانە،

جا دەبێ مەرەخەس بفەرمووی، جارێکی بچمەوە نێو عێلی باڵەکیانە».

یای خەزاڵ دەڵێ:

«بەسەر ئەو هۆرتوک چاوانە!»

کێ بوو لەو خەزاڵی نەوجوانە،

تەدارەکی دەگرت بۆ لاسی باڵەکیانە،

دەیگوت: «دەینێرمەوە نێو عێلی خۆی بە وادەی چوار ڕۆژانە.

بنێرم بۆی بێنن حدوودێکی بێ نیشانە،

تەدارەکی بۆ بگرم بەدڵ و بەجانە،

بۆی خەڵات بکەم ئەو نۆکەرانە،

نەبا خانزادخان لێم بکا گلەیییانە».

لاس دەڵێ:

«یای خەزاڵ لەمن مەدە ئەوان تانانە،

خانزادخان لە توو ناکا ئەوان گلەیییانە،

یای خەزاڵ گیانە!

ئەتوو دڵت نەترسێ بەو قسانە.

هەمووم هەروەکوو دایک و خوشکانە».

یای خەزاڵ وەکوو کەللەی شەکری،

تەدارەکێکی لە بۆ لاسی باڵەکی دەگری،

ئەگەر لاس دە ئەسپابی خۆی دەفکری،

دەڵێ: «یاڕەبی، یای خەزاڵ لە چاوی منت کەوێ و نەمری!»

کێ بوو لە لاسی نەوجوانە،

تەدارەکی بۆ گرت بڕوا بۆ نێو عێلی باڵەکیانە،

خانزادخان دەڵێ: «ئەلحەمدولیلا شوکرانە،

لاسی باڵەکیم دێ میوانە.

ئامۆزای خۆمە سەرکردەی هەموو عێلانە

ئینجا تەدارەکی بۆ لاسی بگرن، دەیکەم بە زێڕوەشانە.

چل شەکم بۆ بێننەوە ئەویشی بۆ دەکەم بە خێر و قوربانە.

بەس نییە دژمن دەڵێن: لاسی باڵەکی هاتەوە ئێرەکانە.

دەبێنن سوارە و تفەنگچییان، بدەن لە سانە

ئەلحەمدولیللا لاس هاتەوە لەنێو عێلەکەی ماموودینانە.

خەبەری یای خەزاڵم بۆ بێنن، دەگەڵم وەکوو خوشکانە.

لاسی ناردۆتەوە ئێرەکانە،

پێڵاوی لەسەر ئەو چاوانە

بۆم بەتاڵ بکەن مدبەق و چادر و باڵەخانە،

لاس تەشریفی هاتۆتەوە هەموو دێنە کنی ئەو عێلانە».

ئینجا ئەگەر ئەو تەدارەکەی بۆ لاسی دەگیرێ خانزادخانی حەریرێ؛ لاس ناگاتە ماڵێ خانزادێ، لەوسەری هۆبەی جڵەوی دەگیرێ.

خانزادخان دەڵێ: «لاسەشۆڕی باڵەکی! پێناودارم بی، ئەوێ ڕۆژێ دیوانی خوڵای دەگیرێ.

وای لە خۆم بێ باب و ئێخسیرێ،

لاسەشۆڕ! نابێ ئەتوو ئەمەگی دایکە قەلەندەرەکەی منت وەبیرێ،

یاڕەبی ئەتوو وەک کاکەمەمی جوانەمەرگ بی، ئەگەر بەجێ ما لە شاری جزیرێ».