V

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 5 خولەک  748 بینین

دەگێڕنەوە ڕێویێک شەوێکی چوو بۆ مریشک خواردنێ. چووە سەربانی خمخانێکی، لە ڕۆچنێڕا دە خمی کەوت. هەموو گیانی شین بوو. بە گونگەیدا وەدەرکەوت. تەماشای کرد هەموو گیانی شین بووە، چووە کن کەڵەبابی. کەڵەباب کوتی: «مام ڕێوی، بۆ کوێ دەچی؟» کوتی: «مەڵێ مام ڕێوی؛ بڵێ حاجی. تۆبەم کردووە؛ دەچمە حەجێ. ئەتۆش دەگەڵ خۆم دەبەم». کەڵەباب کوتی: «ئەمن حەجم لێ نەکەوتووە؛ نایەم». ڕێوی کوتی: «خێر؛ دەبێ بێی. خەرجت بۆخۆم دەکێشم». کەڵەباب لە ترسان نەیوێرا بڵێ نایەم، ڕەگەڵی کەوت. لە دڵی خۆیدا ددانی لە کەڵەباب تیژ کردبوو؛ بە زاهیری دوعای دەخوێند، زیکری دەکرد، تا کەڵەباب بزانێ ڕێوی تۆبەی کردووە. کەڵەباب لە ترسان هەر پێ دزیلکەی بوو؛ ڕۆین هەتا گەیشتنە مێشێکی تەماشایان کرد پەپوسڵەمانکەیەک لەسەر دارێیە. ماندوونەبوونی لە ڕێوی کرد. کوتی: «مام ڕێوی! ئۆغربێ». کەڵەباب کوتی: «مەڵێ مام ڕێوی بڵێ حاجی، ڕێوی تۆبەی کردووە، دەچێتە حەجێ. ئەمنیش دەگەڵ خۆی دەبا. ئەتۆش وەرە بچین». پەپووسڵەمانکە کوتی: «ڕاوەستن، دەچم خوڵا حافیزیێ لە ماڵێ دەکەم، زوو دەگەڕێمەوە». لەسەری ڕاوەستان هەتا دێتەوە. ڕێوی لە دڵی خۆیدا خۆشی خۆشیی بوو، دەیگوت: «دوو نێچیرم وەدەست کەوتووە». پەپووسڵەمانکە زوو گەڕاوە؛ ملی ڕێیان گرت و ڕۆین هەتا گەیشتنە سەر چۆمێکی؛ تەماشایان کرد مراوێک لە ئاوێدا هاتوچووی دەکرد. ماندوونەبوونی لێ کردن، کوتی: «بەخێر! بۆ کوێ دەچن؟» ڕێوی کوتی: «تۆبەم کردووە دەچمە حەجێ». کەڵەباب کوتی: «مراوی! ئەتۆش وەرە نیزیک مردنتە تۆبەیەکی بەحەق بکە، بەڵکی خوڵا بتبەخشێ». کوتی: «زەریفە، ئەمنیش دێم». لە ئاوێ وەدەرکەوت ڕەگەڵیان کەوت. ڕۆین هەتا گەیشتنە دارێکی؛ قشقەڵەیەک لەسەر دارێکی بوو، ماندوو نەبوونی لێ کردن، کوتی: «بۆ کوێ دەچن؟» کوتیان: «دە خزمەت ڕێویدا دەچینە حەجێ». کوتی: «ماڵو شێوێ، ئەنگۆ شێت بوون؛ ڕێوی هەمووتان دەخوا». کوتیان «نا؛ مام ڕێوی تۆبەی کردووە؛ هەموو ڕۆژێ بەڕۆژووە؛ لە ئاوی شەوێ پارێزێ دەکا. دەچێتە حەجێ». زۆریان دەبەر قەڵێ هەڵخوێند؛ ئاخری هاتە خوارێ. ڕەگەڵیان کەوت. ڕێوی لە ڕێیە هەر لەبەر خوڵای دەپاڕاوە. شەوێ گەیشتنە کێوێکی؛ شەوێ لەوێ مەنزڵیان گرت. ڕێوی کونێکی دیوە، هەمووی دەوێ کردن. بۆخۆی لە زارکی کونەکەی دانیشت. نیوەشەوێ زۆری برسی بوو؛ چونکی ئەوێ ڕۆژێ هیچی نەخواردبوو. زۆریش ماندوو ببوو، کوتی: «وێستا وادەی خواردنیانە». قشقەڵە لە ژوورێدا پێی گوتن: «ماڵوێرانینە، دیتان چلۆنو خۆ دەگیر خست؟ وێستا ڕێوی هەموومان بانگ دەکا. یەک یەکی دەمانخوا. هەر کەس مەردە خۆی نەجات بدا». ڕێوی هەوڵێ کەڵەبابی بانگ کرد کوتی: «وەرە، دوو سێ قسان بکە نەزیرێکم بۆ بگێڕەوە». کەڵەباب لە ترسان هاتە زارکی کونەکەی. ڕێوی کوتی: «کەڵەباب، ئەتوو بۆچی خەوت لە خەڵکی حەرام کردووە؛ نیوەشەوێ دەس دەکەی بەقیژەقیژێ؟ مەگەر ئەتوو چی وا دەکەی؟ مەگەر خوڵا ئەتۆی بۆیە دروس کردووە؟» کەڵەباب کوتی: «حاجی ڕێوی، ئەمن قازانجم هەیە بۆ خەڵکی، بۆ نوێژیان وەخەبەر دێنم، بۆ کاسبیان وەخەبەر دێنم». ڕێوی کوتی: «زەریفە، ئەو عوزرەت لێ قەبووڵ دەکەم؛ ئەمما ئەتۆ زۆر بێ شەرمی لەپێش چاوی بەنی ئادەمی سواری مریشکی دەبی شەرمێ لە شای ناکەی.» کەڵەباب دەستی بەقسان کرد؛ ڕێوی توند بەئەستۆی دا نووسا خنکاندی و خواردی دەمولوتی خۆی ئەستڕی، بانگی مراوی کرد. مراوی لە ترسان هاتەپێشێ. ڕێوی کوتی: «مراوی ئەتوو بۆ لە بەحراندا هەر چشتی خۆش دەخۆی، گوێ نادەیە کەس؟» مراوی لە ترسان لەرزی، لەسەرڕا بەعەرزێدا کەوت. ڕێوی ئەویشی گرت خواردی. زاری کونەکەی گرتەوە، نەیەڵێ ئەوانی دیکە بڕۆن. بانگی پەپووسڵەمانکەی کرد، گوتی: «وەرە، سەرگوزەشتێکم لە حیکایەتی سولەیمان پێغەمبەری بۆ بگێڕەوە، ئەتوو زۆر خزمەتی ویت کردووە». پەپووسڵەمانکە لە ترسان هاتەدەرێ. ڕێوی کوتی: «ئەتوو ئەو تاجە چییە لەسەرخۆت ناوە؛ مەگەر ئەتوو پاشای یا وەزیری؟ درۆیان دەکەی؛ دەڵێی ئەمن زۆرم خزمەتی سولەیمان پێغەمبەر کردووە». گورجێکی گرتی و خواردی. بەری بەیانی بوو، ڕێوی زۆری برسی ببۆوە، بانگی قشقەڵەی کرد، گوتی: «وەرە پێشێ». قشقەڵە لە ترسان هاتە پێشێ. ڕێوی کوتی: «ئەتۆ بۆچی زەرعاتی خەڵکی دەخۆی، وە هێلکەی ئەوان دەدزی؟ مەگەر خەڵکی کاسبێ بۆ توو دەکا؟» قشقەڵە کوتی: «ڕاستی گوناهم زۆرە ئەمما لە ڕێی خزمەتییەوە شتێکت پێ دەڵێم؛ لە پاشان کەیفی خۆتە». ڕێوی گوتی: «بڵێ بزانم». قشقەڵە گوتی: «کەڵەباب و مریشکێکم پێ شک دێ لە زەمانی حەزرەتی ئادەمییەوە ماون هەتا ئەوڕۆ. ئەگەر ئیزنم بدەی، دەچم، بۆتیان دێنم؛ لە پێشدا ئەوان بخۆ، لە پاشان ئەمنیش بخۆ». ڕێوی گوتی: «زەریفە زۆرم برسییە، زوو وەرەوە؛ ئەگەر بێی ئەو کارەی بکەی، ناتخۆم». قەڵ ڕۆی چووە دێیەکی. سبحەینەی زوو بوو دوو سەگ لە حەسارێکیدا گەپیان دەدا؛ خۆی بەسەیەکان نیشان دا؛ سەیەکان ڕەدووی کەوتن. بەقەستی زۆر بە قندە قندە دەڕۆیی، هەتا وەدووی کەوتن هێنانی هەتا گەیشتنە ڕێوییێ؛ قەڵ ئیشارەتی کرد لە ڕێوییێ، گوتی: «ئەوەتان». ڕێوی کە سەگەکانی دی، دەستی هەڵوەشاند، گوتی: «قبووڵە، مەیانهێنە پێشێ. قشقەڵە بە قسەی نەکرد، ڕێویی بە سەیەکان نیشان دا؛ سەیەکان وەدووی کەوتن، ڕێویان کوشت. تۆڵەی ئەو دەعبایانەیان لێ کردەوە. بۆیە وێستا ڕێوی ئەگەر سەگی تێ بەردەدەن، دەستی هەڵدەوەشێنێ.