IV

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 2 خولەک  675 بینین

لە وڵاتی دارستانێ کچێک دەگەڵ منداڵان چووە گێلاخان. هەتا ئێوارێ لە دەشتی بوون. ئێوارێ کچەکە لە ئاواڵان هەڵبڕا. ورچێک تووشی بوو هاویشتیە سەر قەڵاندۆشی. بردیە کونی خۆی. چوونە نێوێ. ورچ هاتەدەرێ. بەردێکی زەلامی بەکونەکەیەوە نا. بۆ خۆی ڕۆیییە گەڕانێ. شەوێ منداڵەکان چوونەوە؛ خەبەریان دا بە دایک و بابی کچەکەی. خەڵقی دێ وەدەرکەوتن، زۆر گەڕان نەیاندییەوە؛ هاتنەوە. ورچەکە هەموو ڕۆژێ دەچوو میوەی دەدزی دەرخواردی وی دەدا. بە سێ چوار ڕۆژان مەڕێکی بۆ دەدزی. بۆی دەهێناوە؛ سەری دەبڕی، کەوڵی دەکرد، دەیشتەوە؛ بۆی دەکردە کەباب. کچەکەش دەیخوارد. ورچەکە بە دەست و بەچاو دڵخۆشیی دەداوە. قەدەر ئەییامێکی دەگەڵی بوو لە پاشان دەستی دەگەڵ تێکەڵ کرد. ساڵێکی لەکن بوو منداڵێکی بوو؛ نیوەی لەشی ورچ بوو نیوەشی ئینسان بوو. هەموو ڕۆژێ ورچ بۆ خۆی دەچووە ڕاوێ بۆ مەڕ دزینێ، بەردێکی زەلامی بەدەرکی کونەکەیەوە دەنا، هەتا ژنەکە نەتوانێ بڕوا. ژنەکەش هەموو ڕۆژێ خەریک بوو، بەردەکەی پێ لانەدەچوو؛ تا ورچ دەهاتەوە. ئەگەر ئەو دەهاتەوە، بەردەکەی لادەبرد، دەچووە ژوورێ؛ ژنەکە لە ترسان نەیدەوێرا بڕوا. سێ ساڵان پێکەوە بوون سێ منداڵیان بوون. ورچەکە زۆری خۆش دەویستن هەموو ڕۆژێ لە کۆڵی دەکردن. ڕۆژێکی ورچەکە چووە دەشتێ، لەبیری نەبوو دەرکی کونەکەی بگرێ. ژنەکە پاش ڕۆینی ورچی لە کونەکەی وەدەرکەوت، ڕۆیەوە بۆ دێی خۆی؛ بێچووە ورچەکان ڕەدووی کەوتن، هەرچی حەولی دا، نەگەڕانەوە. هەتا گەیشتنەوە ماڵان خەڵقی نەیانناسیەوە. حیکایەتی خۆی گێڕاوە؛ گوتی: «بابە، ورچەکە لە دوام دێ، بچن بیکوژن». تفەنگچی وەدەرکەوتن تەماشایان کرد. ورچ بە هەڵینگدان هات، بەردی زەلامی هەڵدەگرت، بەخەڵقەکەی دادەدا. هەرسێک بێچووەکانی لەوێ دین؛ هەرسێکی بەباوەشی هەڵگرتن، لەسەر ڕا بە عەرزێی دادان. هەرسێکیان مردن. ورچەکە هەڵات، تفەنگچییان وەدووی کەوتن، ورچەکەشیان کوشت.