II

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 2 خولەک  662 بینین

لە دێیەک لە دێهاتی لاجانێ دوو ئامۆزا تفەنگیان دە شانی کرد، چوونە ڕاوی گا کێوی. ئەوێ ڕۆژێ پێنج گا کێویان کوشت. شەویان بەسەردا هات؛ چوونە ئەشکەوتێکی ئاوریان کردەوە؛ کەبابیان کرد. دەستیان کرد بەخواردنێ. یەکیان گوتی: «ئامۆزا! ئەمن ئەوە دەنووم؛ ئەتۆ کێشکیێ بکێشە. خەوت لێ نەکەوێ، ئێرە بەترسە». خەوی لێ کەوت: ئەوی دیکە زۆری خەو دەهات؛ نووست. نیوەشەوێ وەخەبەر هات. تەماشای کرد ئامۆزای نەماوە. ئاوری خۆش کرد، تەماشای کرد خوێن زۆر ڕژاوە. لە ئەشکەوتەکەیدا کونێکی دییەوە ڕووناکاییی دەدا. چوو دە کونەکەیەوە، تەماشای کرد لە بنەبانێ جانەورێک دانیشتووە؛ ئاوری کردۆتەوە، کەبابی دەکا. کێردێکی بەدەستەوەیە، کەلاکی ئامۆزای لە تەنیشتێتی، بە کێردەکە دەیبڕێ، لەسەر ئاوری دادەنێ؛ نیوەبریشتوو دەیخوارد. کابرا سەرسام بوو. تفەنگی خۆی پڕ کرد؛ ڕووی لە سینگی وی کرد؛ لێی ئاوردا. دەعباکە گوللەکەی بەدەستی گرتەوە. بۆڵژنێکی لێ هات، گوللەکەی بۆ هاویشت. کابرا زۆر ترسا. چوو تفەنگی ئامۆزاکەی هێنا، پڕی کرد؛ دوو گوللەی تێ هاویشت، لە پشتی ئاور دا جانەوەرەکە بۆڵژنێکی لێ هات کەوتە سەر عەرزی. کابرا چووە سەری، دوازدە خەنجەری لێ دا. جانەوەرەکەی کوشت ئەوێ شەوێ لەوێ بوو؛ سبحەینێ هەڵستا چۆوە دێی؛ ڕدێنی سپی ببوو، خەڵقی نەیانناسیەوە. گوتی: «بابە، حیکایەتێکی وام بەسەرهاتووە، ڕدێنم بۆیە سپی بووە؛ وەرن، بچین، مەیتەکەی بهێنینەوە». چوون هێنایانەوە.