I

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 4 خولەک  873 بینین

ئەحمەد خان لەبزێڕین جێگای قەڵای دمدمی بوو؛ لە زەمانی شاهـ عەباسیدا بوو. لە دێیەک لە دێهاتیورمێشوێن ساحبی عێل بوو. یاغی بوو لە شاهـ عەباسی. قەڵایەکی دروس کرد. لە پاشان شاهـ عەباس لە ئیسفەهانێ لەشکری نارد بۆ سەر خان ئەحمەد خانی؛ شەڕێکیان کرد. خان ئەحمەد خان شکا. چوو بۆ ئەستەمبووڵشوێنێ؛ چووە کن خونکاری. شەڕێک بوو لەگەڵ عرووسی. خان ئەحمەد خان لەو شەڕەیدا سەری سەرکردەی عرووسی بڕی. وەدەستیان پەڕان لەو شەڕەیدا. خونکار خەڵاتی کرد، دەستی زێڕی تێ گرت، ناردیە وەڵاتی خۆی، کردیە حاکمی وەڵاتی خۆی. کە هاتەوە وەڵاتی، عێلاتی وێی لێ خڕبوونەوە. دیسان یاغی بوو؛ دەستی کرد بەقەڵات دروسکردنێ؛ شارێکی بینا نا. خەریک بەتاڵانی دەورەی خۆ بوو، فەعلەیان دەگرت ڕۆژێ بەپێنج قڕانان؛ نەیدێشت فەعلەکان بچنە دەرێ. شاهـ عەباس لە ئیسفەهانشوێنێ بەرگی دەروێشییەی لەبەرکرد؛ گوتی: «بزانم ئەوە چ ئەحمەدخانێکە یاغی بووە». بە کوردستانێدا هات؛ تا هاتە لاجانێ. شەوێ میوانی دەروێشێکی بوو. بە دەروێشی گوت: خانەخوێ! شوغڵت چییە؟» گوتی: «شوغڵم کەو گرتنە»؛ گوتی: «سێ ڕۆژە هیچم نەگرتووە». شاهـ عەباس گوتی: «ئەمشۆکە بچۆ بەبەختی شاهـ عەباسی». دەروێش گوتی: «شاهـ عەباسێکی لە ئیسفەهانێ، ئەمنێکی لێرە چلۆن بە بەختی وی بچم؟» گوتی: «قەیدی نییە، بچۆ». دەروێش ڕۆی؛ ئەوێ شەوێ پێنج کەوی گرت. هاتەوە گوتی: «خزم! بەخوڵات سوێند دەدەم، ئەتوو خەڵقی کوێی؟ بەختی توو زۆر لە زیادیەدایە. ئەمشۆ بەبەختی توو پێنج کەوم گرتووە. ئەتو شاهـ عەباس نی؟» گوتی: «دەروێش چت لێ بشێرمەوە، ئەمن شاهـ عەباسم. دەچمە قەڵای دمدمی». گوتی: «دەروێش! زۆرت چاکە دەگەڵ دەکەم، ئەتوو ئەگەر ئەمن بشێریەوە». دەروێش گوتی: (چاک). شەوێ هاتنە سەر دەروێشی؛ گوتیان «فەعلەت سبحەینێ بێ بۆ قەڵایە». شاهـ عەباس گوتی: «دەروێش ئەمن بنێرە لەجیاتی خۆت». دەروێش گوتی: «چاکە». سبحەینێ شاهـ عەباس ڕۆی بۆ قەڵاتێ، دەستی کرد بە کارکردنێ. خان ئەحمەد خان هاتە سەر فەعلان؛ تەماشای کرد: پیاوێکی جوانچاک لەنێو فەعلاندایە؛ بەسەرکاری فەعلانی گوت: «ئێوارێ بیهێنە کنە خۆم؛ بۆخۆم حەقی دەدەمێ». ئێوارێ شاهـ عەباس بەدزی ڕۆی. سبحەینێ هاتەوە. دیسان خان چاوی پێ کەوت، ناسییەوە؛ گوتی: «ئێوارێ ئەو فەعلەی بێننە کنە خۆم». دیسان ئێوارێ شاهـ عەباس خۆی دزیەوە. سبحەینێ نەهاتەوە کارێ. خان ئەحمەد خان هاتەدەر؛ فەعلەکەی نەدی. پرسی: «چی لێ هات؟» عەرزیان کرد: «ئەمڕۆ نەهاتۆتەوە». خان ترسا. پیاوی لە دەروازان دانا: هەرکەسێ بچێتەدەر لە قەڵایە بیگرن. شاهـ عەباس چووە ماڵەکی میوان بوو؛ زۆر پاڕاوە؛ گوتی «ئاشکرام مەکەن، ئەمن شاهـ عەباسم؛ زۆرم چاکە بۆتان دەبێ». ئەوێ شەوێ لەوێ بوو. سبحەینێ هەڵستا؛ ناڵی کەوشی ئاوەژوو لێ دا، بۆ خاتر ئەوکو کێشکچی بزانن لە دەرێ هاتۆتە ژوورێ؛ کەس لە ژوورێ نەچۆتەدەر. بەدزی سبحەینێ وەدەرکەوت. کێشکچییان تەماشایان کرد، کەس لە قەڵایە نەچۆتەدەر؛ بەڵا یەکێک هاتۆتە ژوور؛ وەدووی نەکەوتن. شاهـ عەباس ڕۆیەوە ئیسفەهانێ، لەشکری خڕکردەوە ناردی بۆ سەر خانێ. شەڕیان کرد. لەشکری خانی شکا چوو دە قەڵایەوە؛ قەڵابەندی بوون. قاسیدێکی نارد بۆ ئەستەمبووڵێ؛ نووسی بۆ خونکاری «کۆمەکم بۆ بنێرە». خونکار جوابی نووسییەوە: «مانگێکی دی لەشکری دەگاتێ». قاسد گەڕاوە؛ هاتەوە. هەتا گەیشتەوە قەڵایە، ماندووبوو لەوێ خەوی لێ کەوت؛ لەشکری شاهـ عەباسی هاتنە سەری. کاغەزەکەیان لە باغەڵی دەرهێنا؛ خوێندیانەوە. نووسرابوو: مانگێکی دی لەشکرت بۆ دەنێرم کاغەزەکەیان گۆڕی لەجیاتی مانگێکی کردیانە حەوت ساڵ. قاسد سبحەینێ هەڵستا. دەرکیان لێ کردەوە چووەکن خانی، کاغەزی دا بە خانی. نووسرابوو: حەوت ساڵی دی لەشکرت بۆ دەنێرم. خان گوتی «تا حەوت ساڵی دی ئەمن لێرە لە برسان دەمرم؛ مەسڵەحەتە وەدەرکەوم بۆ شەڕێ». دەرکی قەڵایەی کردەوە، بە لەشکرەوە دەرکەوت. لەشکری شاهـ عەباسی پێیان زانی، هاتنە پێشێ، دەستیان کرد بە شەڕێ. لە شەڕێی دا خان ئەحمەد خان گەیشت بە سەرکردەی شاهـ عەباسی کوشتی. یەکێکی دی لە سەرکردان گەیشتە خانی، شیرێکی لە دەستی دا دەستی پەڕان، ئاخری خانیان کوشت. لەشکری خانیان شکان هەموویان قەتڵوعام کردن. ژن و مناڵیان بە یەخسیر بردن. قەڵایان وێران کرد. لەشکر گەڕاوە بۆ ئیسفەهانێ.