هەناسەی ساردی، شەوی ژینی تاڵ
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
4 خولەک
796 بینین
بەهۆی ئەوەی کە «شێخ لەتیفکەس» لە بەسرا، لە بەندیخانە بوو ئەم قەسیدەیە وتراوە
هەناسەی ساردی، شەوی ژینی تاڵ
خۆ تۆ تیژتری، لە سروەی شەماڵ
هەڵسە و داوێنت، بکە بەلادا
وەک تەتەر بڕۆ، بەڕێی هەوادا
بە ئەرزا مەڕۆ، ڕێگەت لێ بەسرا
بە ئاسمانا، بڕۆ بۆ بەسراشوێن
بگەڕێ بەناو، شاری بەسرادا
بپرسە سجن، وا لە کام لادا
تۆ نەبی هیچ کەس، ناگاتە ئەوێ
تۆی بە ڕۆژ و شەو، سروەت ناسرەوێ
لە درز و کونی قفڵ و دەرگاوە
بچۆرە ژووری بە شنەی باوە
ئەچی بەدرزا، باریکی و زەعیف
بکە بە ژوورا، بۆ لای شێخ لەتیف
باوەشێنی کە فێنک بێتەوە
عارەقی لەشی دامرکێتەوە
ئەمجا بڵێ ئەی، دوو چاوی «نووریناسناوی ئەدەبی»
وا نووری ئەمرێ، بە دەردی دووری
ئەناڵێ و ئەڵێ، بەدەم دەردەوە
بەچاوی سوور و ڕەنگی زەردەوە
شەرت بێ هەتاکوو، جێی تۆ بەسرا بێ
تا دەرگای خۆشیی، لە تۆ بەسرا بێ
تا بەندیخانە، بۆ تۆ مەئوا بێ
خۆشی و پێکەنین، لام تەوەللا بێ
تا شنەی شەماڵ، نەشنێتەوە
نەدا لە پەڕەی، نەپشکووتووی گوڵ
دەم نەداتەوە، غونچەی تەنگی دڵ
ساوای ناو بێشکەی دڵ نەخنێتەوە
ڕۆژی ڕووناکم، با شەوەزەنگ بێ
دڵەی ڕاهاتووم، بە خەم با تەنگ بێ
نەیماوە لە تاو، دووری تۆ نووری
تەرانەی خۆش و شیعری مەشهووری
ئێستا بەهاری، خۆشیم خەزانە
ئیشم لەباتی، سەیران گریانە
فرمێسکی چاو و دوودی هەناسەم
برووسکەی هەوری، تامەزرۆ و تاسەم
ئەدەن بەیەکدا، وەک هەوری بەهار
خوێناو بەلافاو، لە چاو دێتە خوار
ئەڕژێ بەسەر، بیر و خەیاڵا
بە زەوی و زاری، ژیانی تاڵا
دڕک و داڵی خەم، دێنێتە بەرهەم
شایی و سروورم، ئەکا بە ماتەم
گلەیی مەکە، نووری چاوانم
نەماوە بیر و هۆشی جارانم
ئێستا بولبولی، خۆشخوانی فیکرم
لەگەڵ نیگاری، ڕازاوەی شیعرم
دەس لە ملانی یەک نابن وەک جاران
بەخۆشی بچن بۆ سەیر و سەیران
ئەو بەدەنگی خۆش، بڵێ گۆرانی
ئەم شیعر بڵێ، بەکامەرانی
خۆ نەخوازەڵا، دنیاش وەهابێ
بەدەوام ترسی، گرتنت لا بێ
چاوەڕێ بێ کەی، تووشی بەڵا بی
تووشی لێدان و جەور و سزا بی
شاری چی، بێ دەنگ، وەکو وێرانە
کوندەبوو بە شەو، تەرانە خوانە
شادی و پێکەنین، لای کەس نەماوە
بەسەریا خۆڵی، مردوو بێژراوە
زوبان لاڵ، گوێ کەڕ، دیدە نابینا
عالەم دێ و ئەچێ، وەکو مقەبا
کام زوبان تۆزێ، تەڕ و پاراوە
سەد پشکۆی سووری، پیا چزێنراوە
کام گوێ ببیسێ، خراپەی وەزیر
خاوەنی ئەدرێ، لە کۆتە و زنجیر
کام چاو کردەوەی، ناڕێکی دیوە
گلێنەی بەدار، زوو دەرپۆقیوە
لە ترسا لە ماڵ، نایەمە دەرێ
ئەگەر لافاوی، خوێن بێ و سەر بەرێ
ئەستێرەی گەشی، سەمای هۆش و بیر
لە هەور و هەڵای، تەمی ماتەما
گیرۆدە و داماو، زەبوون و ئەسیر
لە دەریا هەوای، بێ بنی خەما
نوقمە و پڕشنگی، چاوی نەماوە
ڕەنگی ڕووناکی، لە ڕوو بڕاوە
ئەپاڕێمەوە، لە قاپی یەزدان
لەلات دانیشم، نەختێ وەک جاران
بەڵام ئەترسم، بەئاوات نەگەم
ئاواتی دڵم، لەگەڵ خۆم ببەم
لە قەبریشا دڵ، تۆزێ نەسرەوێ
خەوێکی خۆشی، هەر لێ نەکەوێ
بە ئازارەوە، هەر بتلێتەوە
ڕۆژی ڕووناکی، لێ نەبێتەوە
ئەی نووری دیدە، من تکام وایە
هەر ڕزگار ئەبی، ئەمە دونیایە
کە هاتیتەوە «نووری» نەما بوو
خۆی و ئاواتی، هەردوو نێژرا بوو
ڕۆژێ بە هەوەس، وەرە سەر قەبران
بن ئەرخەوانێ، لە گردی سەیوان
بەدووکەڵی ڕەش، دڵەی سووتاوم
بەڕەنگی سووری، خوێناوی چاوم
کێلی قەبرەکەم، سوور هەڵگەڕاوە
ڕەنگی خۆڵەکەی، ڕەش داگیرساوە
هەر تاقە تۆزێ، ورد ببیتەوە
قەبرەکەی «نووریناسناوی ئەدەبی»، ئەناسیتەوە
لەناو سەد قەبرا، قەبری من دیارە
خاک و خۆڵەکەی، مات و غەمبارە
خۆی هاوار ئەکا، من قەبری نووریم
کوژراوی ئێشی، زامی ڕەنجووریم