دیناری مووەزەفین
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
2 خولەک
707 بینین
بەبۆنەی دەستکورتی و مانگانە کەمیی زەمانی جارانی مووچەخۆرەوە وتراوە
هەر خار و خەسی شوومییە، گوڵزاری مووەزەف
کاوول بووە، جێی کوندەبووە شاری مووەزەف
خوێنی جگەرە بۆتە شەراب و مەیی مەئموور
دەنگی دڵە، ئاوازی نەی و تاری مووەزەف
مەئموور وەکوو «شێخ هۆمەر»و وەزعیش بەمەسەل مار
خۆڕایی نییە، ناڵە و هاواری مووەزەف
ناکا بەشی قاوەڵتیی ڕۆژێکی من ئەمساڵ
سەد خۆزگە بە دینارێکی پێراری مووەزەف
هێند عاجزی قەرزارییە، هەر گەیییە سەری مانگ
کافر بێ بە جەستەی دڵی غەمباری مووەزەف
سەد درهەمە، نۆتێکی ئەم و ئەو لە ڕەواجا
پارە، یەک و پێنجیش نییە، دیناری مووەزەف
ئەستێرەی سەرشانی من و تۆ بوو وەزیفە
دوێنێ، کەچی ئەمڕۆ بووەتە باری مووەزەف
وا پاییزی غەم، باخی بەهاری فەرەحی کوشت
غونچەی گڵەزەردە، گوڵی گوڵناری مووەزەف
وەزعی دڵی ئەمساڵی مەعاشم کە ئەبینم
سەد خۆزگە ئەخوازم بە دڵی پاری مووەزەف
یاڕەبی ئەوەی دوژمنە بەم میللەت و خاکە
بێ حورمەتی کەی، هەر وەکوو دیناری مووەزەف