ئینتیباهـ

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 3 خولەک  741 بینین
دلاوەران:
ئەولادی وەتەن ئێمە کەوا میللەتی کوردین
بۆ غایەیی ئاسایشی میللەت هەموو گوردین
شێرانە ئەوا مەعرەکە ئارایی وەغا بووین
بۆ ڕشتنی خوێناوی عەدوو حازری ڕا بووین
لە پێشمانەوە هەروا، بەیداخی زەفەر ئەڕوا
ڕیشەیی عەدوو با دەربێنین، حەق بە دەستی خۆمان بستێنین
بۆ نەمانی مەزالیم، سوارانی جەنگی
تەپڵی بازیان لێدا بە شۆخ و شەنگی
باوک:
لەم وەزعە گەر ئەی دوشمنی کورد ئێوە ئەپرسن
ئەم هەمهەمەیە میللەتە هەڵساوە بترسن
کفن بۆ خۆتان ببڕن، هەر لە ئێستاوە بمرن
لازمە لەبەر غەم و حەسرەت، ببن ئەشک ڕێژی مەزەللەت
ئەی دلاوەرانی وەتەن، وەرنە ئیمداد
باوک بە پەرۆش لێتان ئەکا ئیستیمداد
کوردانی غەزەنفەر شکەنی مەعرەکە ئاغووش
نابێ بکەن ئەم باوکی خۆتانە فەراموش
زێرا کە دوو چاوی ئەبەدیی ئێمە لە گۆڕا
چاوی زەفەرتانە لە حەرب و شەڕ و شۆڕا
باوک بە قوربانتان بێ، ڕۆحەکەی فیداتان بێ
وەختی فرسەت و ئیتیفاقە، ڕۆژی لابردنی نیفاقە
ئارەزوو ئەکەم ئێوە، وەقتی ئیحتیزار
بەشان و زەفەرەوە، بمبەن بۆ مەزار
دایک:
بۆ دەفعی مەزالیم لە مەوانیع مەکە پەرهێز
سا دەس بەرە شیر و تفەنگ و خەنجەری خونرێز
بۆ ئێوە کەوا غیرەتە، یەکدەفعە ڕەگ و ئێسک
حاشا کە بە حوزنێکی زەلیلانەوە فرمێسک
لە چاوم بێت و بتکێ دڵم یەک زەڕڕە بشکێ
چونکە ئێوە جەسوور ئەبینم، نامێنێ ئازاری برینم
شیرەکەم حەڵاڵتان بێ، ڕۆژی هیمەتە
ڕۆحەکەم فیداتان بێ، وەقتی غیرەتە
مناڵەکان:
نەجمەی ئەمەلی ئێمە هەموو بەم دەس و بردە
خەڵقینە لە بۆ مەسعەدەتی میللەتی کوردە
مەوتێ کە حەیاتی وەتەنێکی لە دوا بێ
سەد ژینی زەلیلانەیی یاڕەب بەفیدا بێ
ئەو کەسانە جەبانن، مەعنای ژیان نازانن
مردنێ لە ڕێگای میللەتا، چاکترە لە ژین لە زیللەتا
هەرکەسێ خۆی بکا بە قوربانی میللەت
لە قەبرا هەتا مەحشەر، ناکێشێ زیللەت
ئافرەت بەمناڵەوە:
یاران و ڕەفیقان و دلێر و یەلی کوردان
وەقتێ کە بە تەوفیق و زەفەر دێنەوە لامان
ئەوسا گوڵ ئەکەین ئێمە بە شاباشی قدوومتان
گەر لە ئێوە چەند کەس شەهید بێ،
لازمە عەزای ئێمە عید بێ
ئەم پڵنگ بەچانەی وا ئینتیقام سێنن
گەورەیان ئەکەین ئێمە، حەقتان ئەسێنن
کچەکان:
ئێمە کە نەمان کردووە بۆنی چەمەنی شوو
مەجهوولی نەزەرمانە گوڵ و نەستەرەنی شوو
ئەم تازە جوانانە لەبەر سیرەتی ئێمە
گەر بێتو بکەن ئارەزووی شیرکەتی ئێمە
لازمە کە دەعوەت بفەرموون، بێنەوە بە ڕوویەکی گوڵگوون
یەعنی چیهرە ڕەنگین بن بەشان و زەفەر
خوێنی دوژمن بڕژێنن بەنووکی خەنجەر
چەک بەدەستەکان:
ئێمە کە موسەللەح لە دەر و دەشت و لە شارین
سوێنخۆری حوزووری حەق و باب و کەس و کارین
بۆ مەسعەدەتی ئەم وەتەن و میللەتی کوردە
ڕیشە و ڕەگی زاڵم ببڕین بەم دەس و بردە
تاکەی لە زەحمەتا بین، لەناو مەزەللەتا بین
لازمە بەکەیف و مەسەڕڕەت، ڕۆح بکەین بەقوربانی میللەت
زاتەن ئێمە خوڵقاوین بۆ خزمەت کردن
بۆ ئەوەی فیداکار بین تا ڕۆژی مردن