ئەمشەو بوو لە خەوا
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
2 خولەک
750 بینین
ئەمشەو بوو لە خەوا من بەدیهی وەتەنم دی
زۆر جوان و بەشووش و فەرەح و شۆخ و شەنم دی
مەسروور و تەڕ و تازە و خونچە و دەهەنم دی
خۆش عیشوە وەکوو ئاهووی چین و خوتەنم دی
پرسیم چییە ئەم خۆشی و ئەم زەوق و سەفایەت
ئەم شادی و شەوق و تەڕەبی بێ حەد و غایەت
فەرمووی کە لەمەوپێش منی بێچارە ئەسیر بووم
بەینێ بوو بەدەس جەور و جەفای تورکەوە پیر بووم
بێ مایە و بێ سەروەت و بێ حاڵ و فەقیر بووم
مەبهووت و پەرێشان و خەفەتبار و زویر بووم
ئێستاکە خەلاس بووم لە جەفا و وەحشەتی تورکان
ئازادم و خۆش وەقت، وەکوو خونچەیی خەندان
ئەوسا کە وسائیت لە عیراقی هەموو هەر کەر بوو
«لۆکس» نەبوو ناویشی قوتووی نەوت و فەنەر بوو
ئەم خەڵکە هەموو دەربەدەر و خەستەجگەر بوو
بێ مەعریفەت و سەنعەت و بێ عیلم و هونەر بوو
ئێستاکە تەیارە هەیە جا من لە کەرم چی؟
من تازە لە تورکی قەبە و بێ هونەرم چی؟
قابیل نییە دەرچێ لە دڵ ئەو جەور و ئەزایە
ئەو غارەت و بردنی ماڵ و کەر و گایە
ئەو بێ مەزهەبی و کافری ئیسلامی نەمایە
بێ ڕەحمی ئەو قەومە کە دەرچوو بوو لە غایە
چۆن تازە فەرامۆشی ئەکا کوردی عیراقی
زوڵم و ستەمی تورک و جەفا و جەور و نیفاقی