هەڵکەنن خزمینە بۆم قەبرێ

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 1 خولەک  1881 بینین
هەڵکەنن خزمینە بۆم قەبرێ لە دووری شارەوە
بمخەنە ناوی بەکۆڵێ زەحمەت و زینهارەوە
خۆشە تاریکی قەبر، بۆ ڕاحەتی قەلبی زەبوون
نامەوێ ڕووناکی دنیا، من بەدەم ئازارەوە
دەس لەمل بەردێکی ئەلحەد کەم لەلای من چاترە
لەو دەسی پڕ زێڕە بینێمە دەسی ئەغیارەوە
من لە دایکی خاکم و هەر باوەشی ئەو جێگەمە
خۆشە لایلایەی بەبێ دەنگی، بە ئیستیغفارەوە
ڕێ کەوێ بۆت ژینی دنیا خۆشە بێ زووخاوی دڵ
ناخورێ هەنگوینی شیرین قەت بە زەهری مارەوە
خۆشە مردن با نەبینم ئیشی لار و نالەبار
باری خۆم قورسە، نەناڵێنم بەدەس سەربارەوە