هەموارە غەریبی کوچەیی شارێ بی

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 1 خولەک  962 بینین
هەموارە غەریبی کوچەیی شارێ بی
ماتەم زەدە، زوخاوی جگەر خوارێ بی
شەو تا بە سەحەر، بە دەردەوە ناڵەت بێ
چاتر لەوەیە کە یاری ئەغیارێ بی
***
برسی و ڕەش و ڕووت، بە عاجزی و غەمگینی
ڕابوێری بەبێ نەوایی و بێ تینی
لەو دەشتە لەبەر هەتاوی سوور، گوڵ چینی
مەعقوولترە، نەک ڕووی ڕەقیبێ بینی
***
پشتت لە مەرارەتا، لە ژێر بارا بێ
ڕۆحت لە ڕەزالەتا، لە ئازارا بێ
جێی نووستن و ڕاحەتت لەناو نارا بێ
نەک پادشەهیت، لە گفتی ئەغیارا بێ
***
ئاوارە و زار و دەربەدەر، ڕیسوا بی
بۆ قەترەیە ئاو، لە تینووا خنکاوی
بۆ لوقمەیە نانی جۆ و دۆ داماوی
زۆر خۆشە، نەڵێن لەبەر ڕەقیب هەستاوی
***
بەڕوو پووش و پەڵاش و زی بماڵی
بە شەو تا وەقتی سبحەینێ بناڵی
بنۆشی دەم بەدەم، زووخاو و تاڵی
نەوەک بێگانە بێ و ڕووکەیتە ماڵی