دەردی دڵی خۆم

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 2 خولەک  1157 بینین
دەردی دڵی خۆم جوملەیەکی بێنمە تەقریر
ئنس و مەلەک و جن و پەری دێنمە گریان
بێ شک موتەحەیر دەبێ، دێوانە لە زنجیر
سەد عاقڵ و هۆشیار ئەخەمە کێو و بیابان
***
لەو ڕۆژەوە هاتوومەتە ناو زومرەیی ئینسان
نەمدیوە لە دەس گەردشی ئەم چەرخە مەسەڕڕەت
سەودا زەدەی شیفتە و بێ سەر و سامان
وەک لالە لەسەر پەڕەی دڵ نوقتەیی حەسرەت
***
یەک سانییە بێ غوسسە نەبوو، باری دڵی من
ساتێ غەمی خۆم، ساتێ غەمی گەردشی دنیا
یاڕەبی بەچی ئاوی درا، داری دڵی من
وا کەیلە لەبالەب لە غەما هەروەکوو مینا
***
بێ شوبهە سروشتی دڵی من قەترەیی خوێنە
خوێنی دڵی حەسرەت زەدەیەکی دەسی گەردوون
ئاهێکی ستەمدیدەیی، مەزڵوومیی هەوێنە
وا مایلی سەحرایە بەدایم وەکوو مەجنوونکەس
***
ئەی چەرخ، لەگەڵ ناکەس ئەبینم کە ڕەفیقی
بۆ تیری جەفا، سەد کەست کردۆتە نیشانە
بۆ بەعزێ ستەمپەروەر و بۆ بەعزێ شەفیقی
ببڕێتەوە، لەم عالەمە بەس بگرە بەهانە
***
بەینێکە بەدەس تۆوە گرفتاری عەزابم
دەرد و غەمت هێند زۆرە دڵم خوێن ئەتکێنێ
دایم بە گڕی ئاگری تۆ، سینە کەبابم
چاوم لە غەم و میحنەتت، فرمێسک ئەڕژێنێ