ئەی فەلەک

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 1 خولەک  1613 بینین
ئەی فەلەک دیسان لە دەس تۆ، شین و واوەیلا ئەکەم
ژەهری قەهری تۆ لەگەڵ دەردی دڵم، ئیفشا ئەکەم
وەختە یەکجاری لە دەس ئاشووبی فیتنەت شەق بەرم
من قسەی ڕاست و ڕەوان و خۆش و بێ پەروا ئەکەم
هێند خراپەم دی لە دەس ئەهلی زەمانە، عاقیبەت
لەم وەزیفەی هاتنە دنیایە، ئیستیعفا ئەکەم
نابەمە بەر دەستی هەر نامەردێ، عەرزی ئیحتیاج
من لە دنیا و لە مافیهاشی، ئیستیغنا ئەکەم
مورغی فەهمی هەر کەسێ، ناگاتە عەرشی فیکرەتم
من بە چەرخی ئاسمانی سفڵە، ئیستیهزا ئەکەم
تەبعی عالی وا دەبێ، سەیری بە کۆڵێ فەقرەوە
گاڵتە و سوحبەت، بە تاج و تەختی شاهنشا ئەکەم
ئەو کەسە ڕوو سوورە «نووریناسناوی ئەدەبی»، دوورە لێی نەوعێ بەشەر
من لەمەولا ڕوو لە دەشتی وەحشەتی سەحرا ئەکەم