غەمی زەمانە
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
1 خولەک
896 بینین
غەمی زەمانە وەکوو پەردە، وا دڵی پۆشیم
بە غەیری غوسسە و گریان و غەم، نەما خۆشیم
لە ئیبتیدای مناڵیمەوە، هەتا ئێستا
فیراقی زەهری زەمانە، قەڵەم قەڵەم نۆشیم
بەسەرچوو عومرم، نەفعم نەدی لە هۆشیاری
لەبەر مەراقە، خەریکی حەیاتی بێهۆشیم
لەمیش خراپە نەبێ، چاکە تووشی نەبوو سی ساڵ
وەکوو مەڕ و بزنی دۆ، سەفاهەت ئەیدۆشیم
تەمامە ئێستەکە، کونجی قەناعەتێ بگرم
لە شاهیی سەرفی نەزەر بێ، خەریکی دەروێشیم
خەیاڵم ئێستەکە، سەر چاوی مەستی شۆخێکە
لەبەر مەراقی، بەخوێنی جگەرمە سەرخۆشیم
لە دەس زەمانە قوڕی کوێ بکەم بەسەر خۆما
بە مەقسەدێ نەگەیشتم لە هەرچی تێکۆشیم