عەسکەر
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
2 خولەک
1010 بینین
سەف سەف کە دێن و تێئەپەڕن چست و باویقار
مازی لە سیدقی ئێوە، ئەبینم ئەکا فیرار
سوبحێکی پاک و بێ غەش ئەبینم وەکوو بەهار
موستەقبەلێکی بێ لەکە، پڕ کەیف و نەشئەدار
بێ تۆز و بێ غوبار
ئەی قەهرەمانی عەساکری کورد، لەشکری ویقار
ئەی دافیعی وەتەن، لە مەزەللەت، لە ئینکسار
ئەی نەوڕەسیدەی وەتەنی مات و غەمگوسار
ئەی مایەی تەرەقی میللەت بە ئیفتیخار
ئەی کوردی نامدار
ئێوە مەداری غیرەتی ماددیی میللەتن
ئێوە مودافیعی وەتەنی پاک تینەتن
ئەولادی پاکی میللەتی کوردی بە هیمەتن
لای میللەت ئێوە، تاکوو بفەرموون بە قیمەتن
ساحێب غیرەتن
ئەی عەسکەر، ئەی مناڵی جگەرگۆشەی وەتەن
ئێوە بەجان و دڵ کە حیمایەی وەتەن ئەکەن
ئێوەن بەدڵ کە سەرفی ئەکەن غیرەت و بەدەن
ئێوە وەتەن لە زیللەت و میحەن نەجات ئەدەن
ئامادە بۆ کەفەن
ئەمڕۆ زەمانی سەعییە، عەتالەت بڕایەوە
سەرچاوەی ئومێدی وەتەن وا ژیایەوە
غونچەی ئەمەل، شکۆفەی مەقسەد گەشایەوە
نووری حکوومەتی وەتەنی شەوقی دایەوە
دەرگا کرایەوە
عەسری تەکامولە، ئەمە عەسری ئوخووەتە
عەسری حیمایەی حەقی ئەقوام و میللەتە
قەومێ کە حیسە بەر نەبێ لەم وەقتی فرسەتە
ئەو قەومە جێی سەحایفی تەئریخی لەعنەتە
مەحکوومی زیللەتە
تا حەشر ئەبێ بناڵێ لەژێر باری زیللەتا
باری گرانی زەیقەت و دەردی ئەسارەتا
عومری سەرف بکا لە مەرارەت، لە میحنەتا
بێ حەق ئەبێ بژی لە حەیاتێکی وەحشەتا
قەهر و مەزەللەتا
ئیتر وەرن کە بۆ وەتەن، وەتەنی پاک و میهرەبان
دەس دەینە دەستی یەکتری یەک دڵ، بە یەک زبان
ئێمەش بمانەوێ وەکوو خەڵقی حەقی ژیان
ئەم فرسەتە غەنیمەتە، نەڕوا لە دەستمان
تا ماوە ڕۆح و گیان