بۆ ساڵح زەکی ساحێبقران
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
2 خولەک
717 بینین
گەلێ هەیە کە خەیاڵاتی خواب و خوردەن ئەکا
وەیا هەوای دەرودەشت و گەشتی گوڵشەن ئەکا
بە لەهجەیەکی ئەدیبانە دێتە بەستی کەلام
بە ڕەنگی واعیزی دانا قسەی موعەنعەن ئەکا
ڕیجالی خەڵکی مەحەللەی تەواوی ناناسێ
قسە لە ڕووس و لە ژاپۆن و چین و مەقدەن ئەکا
دەقیقەیەکی ژیانی بەڕووی زەمین نادا
لە ڕێی تەڕەققیی میللەت خەیاڵی مردن ئەکا
گەلێکی وایش هەیە بێ دەنگ و حازم و فەععال
فەلەک لە کردەوەیان ئافەرین و ئەحسەن ئەکا
میسالی قیسمی دووەم چەند کەسێکی مەحدوودە
وەکو مەعالی «زەکی بەگکەس» قسەم موعەییەن ئەکا
بە حیلم و عیلم و بە سیدق و سەبات و دینداری
بە نووری فیکری شەوی تار و تیرە ڕەوشەن ئەکا
سەعادەتی موتەسەڕڕیف زەکی بەگی سانی
ئەویش بەفیکری بڵندی وەتەن موزەییەن ئەکا
لەناو وڵاتەکەیا گەر دزێ هەبوو گوم بوو
ئەوی تەریدە بوو ناچار، ڕوو لە مەئمەن ئەکا
سەلەف بە لوتف و بە عونف و خەلەف بە عەزم و بە حەزم
لیوا حەیاتی پەیاکرد لە شاری لەندەن ئەکا
زەکی بەگ ئاوی حەیاتی بەدەم وڵاتا کرد
هەموو مەعاهیدی عیلمی لە باخ و گوڵشەن ئەکا
بە عەدل و کردەوە ویجدانی پاکی مەعلوومە
موساعەدەی عەرەب و کورد و تورک و ئەرمەن ئەکا
بە عیلم و عەمەلی خزمەتی لە بۆ میللەت
لە گەورە گەورە فیداکارەکانی جەرمەن ئەکا
بژی ئیلاهی ئەوانە کە نەفعی خەڵقی ئەوێ
لە پێی ڕوفاهی بەشەر تەرکی عەیش و نووستن ئەکا