سەدای کاروانی فیرقەت دێ دەڵێی سەر قافڵەچی یارە
لە کتێبی:
دیوانی کوردی
بەرهەمی:
کوردی (1809-1850)
2 خولەک
1505 بینین
سەدای کاروانی فیرقەت دێ دەڵێی سەر قافڵەچی یارە
زڕەی پێشەنگی میحنەت دێ دەڵێی کاڵایی خەمبارە
ترنگەی تەپڵی باز ئاتڵاڵی چاوەش دەنگی جاڕچی دێ
بە تیپی غەم دەڵێی نامەرد ئەسەر دڵ ئەمڕۆ یەڵغارە
دەڵێی ئەسپی فیراق سمکۆڵ دەکا وا لێڵە بیناییم
دەڵێی تەپڵی فیراقیان ژەند کە وا گوێم پڕ لە هاوارە
لە پێش بەیداخی شادی، یار ئەوا ئەسپی دەئاخێوێ
لەسەر تیپی سوپا سالار و هەم پێشەنگ و دوندارە
مەزندە هەوری ڕەحمەت ئاسمانی عوشرەتی پۆشی
کە وا ڕووناکی ڕۆژ ئەمڕۆ لەبەر چاوم شەوی تارە
ئەمان سەر قافڵەچی کاروان! دەخیل سا چەرخەچی لەشکر!
جڵەو هەڵکێشە ڕەحمێ کە، کە جارێکە و هەر ئەم جارە
ئەوا ئێوە دەرۆن یەزدانە پارێز گارتان ئەمما
بەکێی دەسپێرن ئێوە، تۆ خواتان ئەم بریندارە؟
کە ڕۆیین تۆ خودا کێ بێتە سەر باڵین و ناڵینی؟
کە بمرێ کێ هەڵیگرێ و دەفنی کا ئەم موردە بێچارە؟
ئەگەر نایبەن لەگەڵ خۆتان، بە کوژتن ساعیلاجی کەن
کە بە خوا ئەو لە پاش ئێوە لە گیانی خۆشی بێزارە
بە یەزدان حاجەتی کوژتنی نییە هیجرانتان مەرگە
چ فایدە؟ هەروەکوو کوردیناسناوی ئەدەبی ئەویش گیان سەخت و بیمارە