وەرن یاران

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 2 خولەک  950 بینین
وەرن یاران! تەماشاکەن چ ڕەنگین نەو بەهارێکە؟
لە فەیزی ڕەحمەتی بارش هەموو جێ سەبزەزارێکە
شنەی بادی بەهاری ڕەوح بەخش و عەتر پەخشانە
بە گریە و ناڵە هەوریش عاشقێکی بێ قەرارێکە
چ فەڕڕاشێکە پەنجەی قودرەتی؟ بۆ کائینات ئەمڕۆ
دەر و دەشت و بیابان لالەزار و میرغوزارێکە
شکا هۆردووی سەرما، هەڵوەشا جەمعییەتی سوپا
هەموو ڕووی کردە سەحرا هەر مەسیرە تازە شارێکە
سەحەرگاهان لەناو باخا ئەڵێی مرواریی باریوە
لە ئاونگی هەوا هەر بن چنارێ سەرچنارێکە
جریوەی تەیری تازە جێگەیی تەیرەن ئەبابیلە
لەکن ئەهلی بەسیرەت ڕوود و عود و ساز و تارێکە
تەبیعەت تەڕ بووە یەکسەر نەماوە سۆفیی وشکی
یەکێ پابەندی کارێکە، یەکێ دڵبەندی یارێکە
دڵی فەللاح و جووتیار و سەپان پڕ نەشئە و کەیفە
دەروون تاریک و ڕووگرژە ئەوی ساحێب عەمارێکە
بەدەوری شارەدا هەر وەک «تەشیلە» سووڕ ئەدا جامباز
گوڵۆڵەی کەوتە لێژی نەیئەزانی تەڕ بەهارێکە
کەسێ چاوی لە نەفعی خۆی و مەحوی عالەمێ ببڕێ
بە زاهیر شکڵی ئینسانە، بە باتین هار و مارێکە
نەما حاجەت ڕەئیسی بەلدە ناوێ موحتەکیر بگرێ
بەڵێ مەعبوود کە دای، مەحموود وەکوو ئێمە هەژارێکە