ئابووری

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 2 خولەک  816 بینین
مامە هۆمەر سەد شوکر تۆ قووەت و چاوت هەیە
هەر لە دێیەک چەن ڕەز و عەرد و بەراویشت هەیە
تووتنەکەت قیمەت نەکا سەد ئیشی تر بۆت قابیلە
دێبەرت زەرعی پەمۆ کەی ئاوەڕیس چاوت هەیە
تووتنەکەت قیمەت نەکا مازوو گەزۆ، پێستە و خوری
شاڵی زۆر جوان و نەجیبی دەشتی خۆشناوت هەیە
قۆڵ لە پەستەک هەڵبکێشە و بچۆرە کێوی بۆ شکار
بۆ تیجارەت وەک دەڵەک، وەک ڕێوی سەگڵاوت هەیە
خەڵکی گوندی ڕۆخی زێی بادین و کوێ وانێک بیە
تۆش فەقەت زۆر گۆشتی ماسی پێستی سەگڵاوت هەیە
شازدە کوندەی قۆڕ و پێنج سەد بەرچنار بوو بەکەڵەک
هەر بە «با» ئەڕواتە بەغدا چونکە تۆش ئاوت هەیە
مەسرەفت گەر زۆرە چا لێ مەنێ بۆ دەعییە
باسوق و سنجووق و گوێز و مێوژە خۆڵاوت هەیە
هەرچی مێوەی ناو بەهەشتە تۆ لە بەردەستا هەیە
کاڵەک و هەرمێ و بەهێ، هەنجیری ڕێژاوت هەیە
عادەت و چاولێکەریی وا چای بەحورمەت کردووە
فەزڵەیە بیخۆیتەوە دۆشاو و خۆشاوت هەیە
قۆندەرە و پۆتین نەبێ کەوشی سولەیمانی و کڵاش
وەختی بەفریش کاڵەیی گازەرد و پێتاوت هەیە
تووتنەکەت قیمەت بکا ئەو پارە بەس بۆ تۆ نییە
قەرزی کوتاڵ و شەکر، تۆش ڕەنجی ناو ئاوت هەیە
بەو سەر و پێچە زلە و پشتێنە هەشتا زەرعییە
بەو کڵۆنجە مەخمەرە لۆچی ئەتۆیش ناوت هەیە