خۆڵ بارانی سلێمانی

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 2 خولەک  815 بینین
ئەی فەلەک گاهێ بە تەرزە بەردە بارانمان ئەکەی
گا، بەبارانێکی زۆر مەعرووزی تۆفانمان ئەکەی
دەستی خۆمان بۆچ شکاوە، خۆڵ لەسەر عەردی نەما
خۆڵ بەسەرمانا ئەڕێژی؟ خانە وێرانمان ئەکەی؟
بەفرەکەت جوان و سپی بوو تێکەڵاوت کرد بە خۆڵ
کەیفی خۆتە هەر چلۆنێ مەیلی فەوتانمان ئەکەی
گەر خەیاڵی پێکەنینی بێ بەدڵدا دەفعەیەک
دەستبەجێ کارێ ئەکەی دووچاری گریانمان ئەکەی
گەر قەناعەت کەین بە نانێ ڕوو لە ماڵی کەس نەکەین
تووشی سەد قۆرتی وەکوو تێڵان و لێدانمان ئەکەی
گەر مەعاشمان زەم کرێ یا، مایە تۆزێ زیاد بکا
موبتەلای شورب و قومار و فیسق و سەیرانمان ئەکەی
گەهـ بەدەست بادی شەماڵ و گەهـ بەدەم بادی سەمووم
تووشی سەرمای زەمهەریر و سۆزی نیرانمان ئەکەی
ئێمە چین بۆچی لە سایەی تۆ حەرامە ڕاحەتی؟
تۆ لەلات چاکە لە خۆشی و چاکە حیرمانمان ئەکەی
ئەی فەلەک باکمان نییە لوتفی خوامان «کافی» یە
حەپس ئەکەی؟ یا نەفی ئەکەی، یا تیرە بارانمان ئەکەی؟