نیشانەی مەحەببەت
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
863 بینین
نیشانەی مەحەببەت لە کەسدا نەماوە
هەچی تووش ئەبی مەرحەبایە و سڵاوە
مەحەببەت لە لێوایە تا مەرکەزی «ح»ی
عەداوەت لە قەلب و دڵانا چەقاوە
چلۆن کەتمی عەشق بکەم ئەی پەریڕوو
بە سەنگی جەفا شیشەیی دڵ شکاوە
بڵێم ئاسکی ناسکە، ڕاستە فیکرم
سڵ و وەحشە، دوژمن بە سەییاد و ڕاوە
سەر و ڕیشەکەم بوو بەفر و کەچی دڵ
چ منداڵە بۆنی دەمی شیری خاوە
لە ڕەغمی زەمانە وەرە ئەی سەمەن بۆ
بنیشین بەنۆشین و بۆسەیش عەلاوە