باسی زستان
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
2 خولەک
990 بینین
زستان وجوودی ساغە دەماری بە قووەتە
ئەمڕۆ کە بیست و پێنجی شوباتە شەبابیە
ئەم هاژە هاژە بارش و عود و ڕوبابییە
دەرحەق فەقیر و کوێر و هەتیو بێ مرووەتە
دنیا بووە بە بەحری سپی شاخ و شیو و دەشت
ناودێ جزیرەیەکی ڕەشە چەشنی ماڵتەیە
ئەم بەفرە بەفری ڕاستە نەوەک بەفری گاڵتەیە
ڕێگا بڕاوە «ڕان» کە لە دێوە بچێتە گەشت
گردن کەچی سوپاهی زوموستانە شاخ و دار
سەر شۆڕ و بێ تەڕاوەت و بێ مەنزەرەی جوان
بێ سەبزەزاری ڕێگەی ئاوی سپی و ڕەوان
بێ قاسپە قاسپی کەبک و بەبێ نەغمەی هەزار
هەستام بە لەرزە لەرزەوە تا ئاستانی شاهـ
زستان کە شاهی لەشکرە بەڵکوو بکا دەوا
عالەم لە زولمی لەشکری ئەو کەوتە حەل وەلا
پێم وت: دەخیلی تۆم بەدڵ ئەی شاهی مەهـ کولاهـ
ترست ببێ لە خالیقی دنیا و شای بەهار
سوڵتانی عەدل پەروەرە شاهی کەرەم نوما
دێنێتە پێشەوە کە دەکا دەفعی سەد جەفا
شمشێر بەدەست و نێزە بەکەف سەد هەزار هەزار
ئەمجا بە پێکەنینەوە زستان وتی: مەلا
تۆ غافڵی لە حاڵی من و وەزعی کائینات
بەحری سپی بوخاری ئەنێرێتە سەر وڵات
عیلمت نییە بەحاڵەتی ئەرز و هەموو سەما
هەستام کە بچمە خزمەتی بەحری سپی وتی:
دانیشە لێرە ئەم سەفەرەت هەر نەدامەتە
ئەم وەزعی حاڵە موددەی تاکو قیامەتە
بۆچی ئەکەوییە ڕێگە وە کو شێتی سەر پەتی
بەحریش ئەڵێ: لە ڕۆژەوە پەیدا ئەبێ بوخار
ڕۆژیش جەوابی وایە موئەسسیر کە خالیقە
تەقسیمی ڕزقی عالەم ئەکا چونکە ڕازیقە
خاڵی نییە لە حیکمەتێ زستانە یا بەهار
ئەمڕۆ بە بەفر و تەرزە ئەتۆی خستە زەمهەریر
هاوین کە هاتە پێشەوە بەفراو ئەخاتە دەشت
ئەم دەشتە وشکە گەرمە ئەبێتە سەرای بەهەشت
کاروون و دیجلە دێتە وجوود بۆ غەنی و فەقیر
ئەم جارە شیعری جوانی «ضیاکەسضیا پاشای تورک» م هاتەوە خەیاڵ
ئەیخوێنمەوە هەمیشە وەکوو زیکری ئەهلی حاڵ
«سبحان من تَحيَّر في صنعه العقولعەرەبی»
«سبحان من بقدرته يعجز الفحولعەرەبی»