نەفست مەگەسە
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
957 بینین
نەفست مەگەسە، هەر وەکوو هەنگوینە عەلائیق
بەم ڕەنگە چلۆن کەشفی ئەکەی سیڕڕی عەلائیق
میوانی سەراپەردەیی دیوانی خودایی
بۆ خزمەتی حەق نیتە ئەتۆ توحفەی لائیق
مەیلت لە هەوای نەفس و لە ئارایشی خۆتە
مەشغووڵی بە ئەنهار و ئەرازی و حەدائیق
دەستی هەوەست کورتە لە دەرگاهی موناجات
توولانییە بۆ دامەنی دنیا و خەلائیق
تۆ لادە لە حیقد و حەسەد و عوجب و تەکەبوور
دای نێ تەمەع، ئەوسا دەبییە عاشقی لائیق
ئەی مەردی ڕەهی سالیکی مینهاجی شەریعەت
خوێنین کە دەروونت وەکوو ئەندامی شەقائیق
ڕەنگ زەرد بە وەکوو شەستپەڕ و لاڵ بە وەکوو سۆسەن
ئەوسا بە هەموو مەتڵەب ئەتۆی واسیل و فایق
«زێوەرناسناوی ئەدەبی» وەنییە مونتەعیزیش بی بە نەسایح
شاعیر هەر ئەکەن دایمە ئەفکاری دەقایق