تەیارە

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  1504 بینین
دێوێکە گیانی تیا نییە ئەکشێ بەچەشنی مار
بێ دەست و قاچ و خوێنە بەبێ گۆشت و بێ دەمار
ناو جەرگی پڕ لە ئاگرە هەردەم کە دێتە ئێش
خۆراکی ئاوە بێ دەم و دان بێ سمێڵ و ڕیش
هەرچەندە بێ پەڕە کە لەگەڵ کەوتە ئاسمان
چەند ڕۆژە ڕێگە زوو دەبڕێ ناگرێ وچان
ناڵین و گرمەگرمی لە هەستان و ڕۆینا
هەورە برووسکەیێکە بەسەر گیانی دوشمنا
ئەم دێوە گەورە بەچکەی زانینە ئەی هەژار
زانینە دێو لە ئاسن ئەکا و باڵەکەی لە دار
زانینە گیان ئەخاتە لەشی دار و بەردەوە
زانینە زێڕ و زیو کە دەرێنێ لە هەردەوە
زانینە شاخی گەورە وەکوو لۆکە شڕ ئەکا
زانینە جەرگی شەو کە لە ڕووناکی پڕ ئەکا
دەریا کە بوو بە ڕێگەی ڕۆژ و شەوی هەموو
زانین نەبێ کە هێزی ئەوەی بێ مەگەر چ بوو؟
زانستییە چرایە وەکوو زێڕی باخەڵە
گیانی وڵاتە بۆ سەر و گوێی دوشمنە پەڵە