وەسیەتی قانع بۆ وریای کوڕی

لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 3 خولەک  2704 بینین
وریا سەد ئامان دایم وریا بە
بۆ هەموو کەسێ چەشنی برا بە
نە شێخ، نە سۆفی، نە مامۆستا بە
ئارەق بڕێژە و ڕوو لە هیوا بە
***
ڕۆڵە هەرکەسێ نانی خەڵقی خوارد
وەکیلی سواڵی بۆ سەر خەڵقی نارد
بۆ ڕۆن، بۆ شەکر، بۆ پارە، بۆ ئارد
یاخوا بمێنێ بە هەناسەی سارد
***
چەند خۆشە کوڕم ئارەق بڕژێنی
لە دەشت و دەرا غیرەت بنوێنی
نانی سەپانی خۆت بەدەست بێنی
ڕیشەی تەمبەڵی لە بن دەربێنی
***
چاکی و پیاوەتی بەرمەدە لە دەس
بۆ هاشەوهوشە گوێ مەدە بە کەس
وەنیە تۆ کەو بی و ئەم دنیا قەفەس
بڕۆ هەر لایە کە ئارەزوت هەس
***
ڕۆڵە! پیاوێکی تەواو پیاو بیت
لەناو مێژوودا خاوەنی ناو بیت
بۆ گەل و هۆزت دەروون سووتاو بیت
نەک وەکوو یارۆ شێتی دراو بیت
***
نە بەرتیلخۆر بە، نە دووعانوس بە
نە نۆکەر ئاغا بۆ نانەخووس بە
نە شێتی کچان نە شەیدای لوس بە
دوژمن بەگیانی دەستەی جاسوس بە
* * *
ڕۆڵە بەدایم ڕووکەرە خوا
هەرچی گا کێڵای، نابێ گا بیخوا
نیوەی دەسڕەنجت، هەر بۆ بێنەوا
خۆت ڕسوا مەکە بۆ کراس و کەوا
***
ڕۆڵە! هەر کاتێ کەوا من مردم
لە ناو گۆڕخانە تەسلیمت کردم
مەڕوانە بۆ ئەو ڕەنجە من بردم
مەڵێ من تورکم وەکوو تۆ کوردم
***
هێندە بخوێنە کە خوێندەوار بی
لەناو کۆمەڵدا زرنگ و هۆشیار بی
بەناوی چاکە تۆزێ دیار بی
چ لە لادێ بی یا خۆ لە شار بی
***
ڕۆڵە! سەد دەخیل مەلایی مەکە
ئیشی چاوشۆڕی و ڕسوایی مەکە
درۆ و دەلەسەی خۆڕایی مەکە
خۆت بە مەحکوومی ئاوایی مەکە
***
ڕۆڵە هەرکەسێ کە هۆشیار نەبێ
بۆ گەل و هۆزی خزمەتکار نەبێ
ئەگەر برات بێ لە لات یار نەبێ
دڵت بۆ ئیشی بریندار نەبێ
***
ڕۆڵە نۆکەری بۆ ئاغا مەکە
کڕنوش بۆ خانم بۆ کوێخا مەکە
لە شێخ و سۆفی مەڕحەبا مەکە
بە درۆ و چاوەڕاو نان پەیدا مەکە
***
ڕۆڵە تەماکار مەگرە بەبرا
خۆت بسوتێنە و ببە بە چرا
بۆ سوودی هۆزت دەس کە بە هەرا
درۆ و دەلەسەی ناپیاو دەرخرا
***
ڕۆڵە عیسایی یا خۆ مووسایی
مەچۆ بەگژیا هەر بە خۆڕایی
هەتا ئەتوانی بە دڵنەوایی
بیهێنە سەر ڕێ، ڕێگەی برایی
***
چون ڕۆژێ ئەبێ کە بە کارت بێ
بۆ باری شانت کە خەمخوارت بێ
لە خەم خواردنا ئەویش یارت بێ
وەک برای پشتی هەر هۆشیارت بێ
***
ڕۆڵە من داییم نامێنم بۆ تۆ
هۆشت بە خۆ بێ، نەبی ڕەنجەرۆ
بە هووشەی زۆردار، مەبە دەسخەڕۆ
لەسەر خوو و ڕەوشت پیاوانە بڕۆ
***
ڕۆڵە من زەمان یارمەتی نەدام
هەلێ هەڵنەکەوت بگەم بە مەڕام
داییم گەردن کەچ کڕنۆشی سەلام
لارەمل بەردەم ئاغا و مام کوێخام