چیرۆکی پشیلە و مشک
لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
5 خولەک
1533 بینین
ڕۆژێ گوربەیەک پڕ خەت و خاڵێ
هەڵتروشکابوو لە گۆشەی ماڵێ
تۆزێ ئارەزووی خواردنی ئەکرد
هەرچی ئەبینی لووتی بۆ ئەبرد
لووت بۆ تەشتە نان، بۆ تیکە نانێ
دەم بۆ ناو چڵکاو لە بۆ ئێسقانێ
ڕووەو کەیبانوو جار جار ئەیماوان
لە ڕووی کەیبانوو ئیخلاسی ئەنوان
خۆی هەڵ ئەساوی لە شانی مناڵ
پیاوی بۆ ئەبوو بە کۆگای زوخاڵ
زۆر بە هەژاری خۆی نیشان ئەدا
ئەتوت. سۆفییە و عیبادەت ئەکا
گا خۆی ئەشاردۆ کە کەس نەزانێ
گاگا ڕائەکشا بەقەد مژانێ
تاوێ لە هەیوان، تاو تاوێ لە ژوور
ئەسووڕایەوە خەیلێ بە زەروور
لە تاو برسیەتی، زکری یامەتین
کردبووی بە وێرد، بە دڵەی غەمگین
ئیقراری ئەکرد کە گوناحکارم
بۆیە وا لات و برسی و هەژارم
شەرتە ئێستاولا، نوێژ نەفەوتێنم
ڕۆژوو قەت نەخۆم هەتا بمێنم
لە نوێژ و ڕۆژوو، لە ئەدای زەکات
لە حەج و عەمرە، یا لە حەسەنات
گەر من بە دڵ پاک ڕوو کەمە خوا
خوداش بەچاکی ڕزقی من ئەدا
چەن هەزار وەک من دەستیدا ئیرشاد
بۆخۆی خۆش ئەژی بە مەیل و مراد
خەلیفە ئەگرم لە ناو مشکانا
لە ناو دەسە برا و دەستە خوشکانا
مشکێ گوێی لێ بوو، لەم قسە و باسە
زوو باوەڕی کرد کە ئەمە ڕاسە
هات کە زیارەتی دەستەکانی کا
تاکوو پاشەڕۆژ بۆ بەهەشتی با
کاتێ پشیلە، مشکی چاو پێکەوت
لە خۆشی مشکە دڵی نەئەسرەوت
مشکە کڕنووشی گەورەیی بۆ برد
لە پێش دەم گوربە، خاکەکەی ماچ کرد
وتی: ئەسسلام، شێخی خاوەن وەرع!
عولەمای عالم شارەزای ڕێی شەرع!
سەد شوکری خوا، خاوەن ئیمانی
تۆ پشت و پەنای گوناهکارانی
منیش وا هاتم خۆم خستە پەنات
بۆیە کە هاتووم، تۆبە بکەم لات
پشیلە ڕوانی کە نیوەشەوە
هیچ دەس ناکەوێ و مشکەش قەڵەوە
وتی: سۆفی مشک بێ ئاو و نانم
شێخیم بۆ ناکرێ، زۆر پەشیمانم
خانەقام کوانێ؟ تەکیەم لە کوێ بوو؟
بۆ مەلا لە کوێ بێمە هات و چوو؟
بۆ من واچاکە بە ڕاو و بیرم
بچمە سەر ڕەوشت باو و باپیرم
شەو گەر ماڵەوماڵ بۆ مشک گرتن
زۆر زۆر چاکترە لە تۆبە کردن
مشکە کە زانی چاک لێی قەوماوە
عومری شیرینی تەواو فەوتاوە
وتی: ئاغای خۆم خاوەن دیوەخان!
شێری کوڕی شێر، خاوەن سفرە و خوان
ژێر دیوەخانت، زیندان و کۆتە
بکوژ و ببڕ، قابل بە خۆتە
جەریمەی مسکێن، بێگاری هەژار
خوا بۆ تۆی دانا لە ڕووی ڕۆژگار
زەوی دێمەکار، بە نیوەکاری
زیادە لەمیشە ڕۆنی دیاری
ئەوەش بەر ئاوە بە فتوای مەلا
سێ بەشی بۆتۆ و بەشێ بۆ فەلا
فەلای قوڕبەسەر خەلەی بۆچییە؟
خۆ دیوەخان و چێشتخانەی نییە
وەڵامی پشیلە:
وتی بە مشکە: نامخڵەتێنی
بە تاریف کردن ملم بشکێنی
تیکەیی چەوری لەم نیوە شەوە
کەوتوویتە دەستم لەم وەختی خەوە
لە زووۆ چاوەڕوان بۆ شوێن و جێتم
گەر بەرت بدەم، دیارە کە شێتم
بۆیەکا، خوا چنگی پێ داوم
ئێوەی پێ بگرم، هەتاکوو ماوم
خودا پێی داوم دانی درێژم
کە خوێن هەژاری وەک تۆ بڕێژم
گەر دەستم بڕوا، سەد هەزار وەک تۆ
لەبەر خاتر خۆم، ئەکەم ڕەنجەڕۆ
وەڵامی مشک:
شازادەی چنگ تیژ، ئەمە بزانە
کە یەزدان گەورەی ئەرز و ئاسمانە
کەی خودا فەرموویە هەرکەس دەستی ڕۆی
هەژاران بکوژێ، لەبەر سوودی خۆی؟
لەناو قورحانا لە دووسەد لاوە
نەحلەت لە ناو چاو زاڵم کراوە
زاڵم و شەیتان هەردوو مەلعوونن
ڕۆژی قیامەت هەردوو زەبونن
تۆ ئەگەر دڕکێ بچێ بە پێتا
بێ ئارام نابی لە ناوی جێتا؟
ئەگەر تۆ تۆزێ سەرت بێتە ئێش
هاوار نانێری بۆ بێگانە و خوێش؟
بزانە منیش کەوا گیاندارم
لە ژین حەز ئەکەم، لە مەرگ بێزارم
هیچ وەخت مەنازە بە شان و باڵوو
کاتێ بزانە دنیات لە دەس چوو؟
بیر بکەرەوە لە حاڵی هیتلەرکەس
لە خوێن مژین و لە جەوری قەیسەر
«لیوسی شازدە» چەندە خوێنخۆر بوو
تەماشا ئەکەی، بە چ دەردێ چوو؟
شازادە گوربە دنیا هەر وایە
هەر وەک شریتی سینەما وایە
زۆر زۆر خوێنمژ بی، هەر وەکوو زوحاککەس
کاوەیەک ئەبێ بتنێتە ژێر خاک
بە ماڵی دنیا هەرگیز مەنازە
گشت تەواو ئەبێ چ کۆن، چ تازە
زۆر دەوڵەمەند بی ئەبی بە «عەدەس»
هەموو ڕەنجەکەت ئەچێ بە عەبەس
باخێ داگیر کەی لە یەکێ وەک من
سەد هەزار وەک من ئەبێ بە دوژمن
جۆگەی «دەڵێن» و «ماڵوان» و «تەیناڵ»
نامێنێ بۆ تۆ، هەتا هەزار ساڵ
تۆ سەری باوکت، مسکینی هەژار
جوێنی پێ مەدە و مەیبەرە بێگار
خوسنی مێژوو مەهێنە سەر خۆت
گێتی هەتا سەر هەر نامێنێ بۆت
کوڕ چیت بۆ ئەکا لە پاش مردنت؟
تۆزێ بفامە، دەستت بە گونت
وەڵامی پشیلە:
مشکی تەرەس باب! تۆزێ بفامە
شەئنی ئاغایی یەکجار گرانە
هەتا ئیستعمار ببێ لە مەیدان
ئاغا هەر ئاغاس، وەک جاری جاران
ئێوە و جووجەڵە و چۆلەکەی پاسار
بۆی حەڵاڵ کردووم، کاکی ئیستعمار