عەزیزان من ئەوا ڕۆییم لە لاتان

لە کتێبی:
دیوانی کوردی
بەرهەمی:
کوردی (1809-1850)
 1 خولەک  2203 بینین
عەزیزان! من ئەوا ڕۆییم لە لاتان
لە مەزڵوومان بڵا چۆڵ بێ وڵاتان
کە ئێوەن پادشای لوتف و عەداڵەت
بە خوا حەیفە بڕەنجێن گەداتان
ئەگەرچی خاک و خۆڵی ڕەهگوزارم
بە سەرما خۆ گوزەر ناکا سپاتان
وەرە بنواڕە چاوی پڕ لە خوێنم
بە تەفسیلات ببینن ماجەراتان
کە من ڕۆییم جەهەننەم پڕ مەکەن لێم
لە من خاڵی مەکەن کۆشک و سەراتان
جەفاتان دام و کوژتمتان بە زاری
نزوولی ڕەحمەتە جەور و جەفاتان
ئیلاهی من ببم ڕۆژێ دوسەد جار
بە قوربانی گەداوو پادشاتان
مەڵێن کەڵکی نەبوو ڕۆیی جەهەننەم
سەرم قەڵخانە بۆ تیری قەزاتان
نەسیمی کۆیی تۆ خاتر دەکا جەم
بە بۆی توڕڕەی پەشێوی پانیاتان
منم سەر کردەتان بۆ لەشکری غەم
دەترسم من بڕۆم بشکێ سپاتان
ئەگەر سەبر و ئەگەر دڵ بوو، وەگەر ڕۆح
هەموو ڕۆیین، چییە ئیتر تەماتان؟
سەفەرمان چونکە ڕێی هات و نەهاتە
دوعامان بۆ بکەن ئێوەو خوداتان
تکای کوردیناسناوی ئەدەبی وەهایە ئێوە جار جار
بکەن یادی موحیببی بێ ڕیاتان