٥

لە کتێبی:
بۆننامە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 12 خولەک  1121 بینین
من لەو زنە بچووکەوە فوارەی وشەم
هەڵئەدەمە ناو زەریاکانی دنیاوە.
من ئەو وێرانە و کاولاشە ئەبەمە ناو
هەناو و جەستەی دنیاوە.
ئەو تیلەی چاوە ئەبەمە ناو چاوەکانی دنیاوە
ئەو ملوانکەی مێخەکبەندەیش
ئەکەمە گەردنی جیهان!
من ئەو شیعرەم،
ئەگەر کەپووی بەردی هەڵگورد
بۆنم نەکا و خۆشی نەوێم،
ئیتر دوای ئەو، بۆنم ناکا و خۆشی ناوێم
کەپووی بەفری لووتکەی ئەڤرستشوێن
من ئەو شیعرەم
شاری وشەی مل بە چرای ئەم دنیایەش
هەر ئەو وەختە باوەشیان کرد بە گەردنما و
خۆشیان ویستم، بۆنیان کردم، کە لێرەوە
لای ئێوەوە سەر و تۆزێ: لە مەراق و خۆڵ و گەڵا و
کڵۆ خەڵووز و هەناسە و، بۆنی هەڵەبجەشوێن و هەڵاڵە و
بۆنی جەستەی ئەم زمانەی خۆم بۆ بردن!
من هەر لێرەم، لەناو بەفرێکی شیندام و
دوورە چرای نیگاتانم و کز ئەسووتێم
من هەر لێرەم، لەناو بەفرێکی شیندام و
ناو بە ناوێ لەم قوتبەدا
پریشکێکی بەردە ئەستێم.
دیسانەوە ڕۆژێکی تر بەناو تەمێکدا دێتەوە
من هەر لێرەم:
ڕۆژێکی تازەیە و کۆنیش
دیسانەوە ڕیشێکی دیکەی تەنیایی ئەتاشمەوە.
بەڵام ئاوێنە هەر هەمان ئاوێنەیە و
تەمی شووشەی سەر چاوانیش هەر هەمان تەم.
- بۆنی ئەم قوتبەم گرتووە -
ڕۆژێکی تازەیە و کۆنیش
دیسانەوە بەر و پشتی ئەم بەیانییەش بە پەلە
ئوتوو ئەکەم.
بەڵام بێزاریی ناو ڕۆحم
هەر وەکوو خۆی چرچولۆچە.
- بۆنی پەڕۆی سووتاوی ژێر ئوتووم لێ دێ -
ڕۆژێکی تازەیە و کۆنیش
دیسانەوە «مەسعەدەکە» ئەمکاتە کۆڵ
لە قاتی خوارێ دامئەگرێ
ئەچمە دەرێ،
دیسانەوە لە بەردەرگا پیرێژنەکەی دراوسێم
کە هەر لە تووتیی مۆن ئەچێ
تووشم ئەبێ.
- لەبەر قژم خۆشی ناوێم -
کلک هەڵئەکا و تێئەپەڕێ.
- بۆنی نەفرەتم لێوە دێ -
وەختێ چەترەکەم هەڵئەدەم:
- بەیانیت باش!
- بەیانیت باش!
دیالۆگی بەردەوامی بەیانییانی
نێوان خۆم و چەترەکەمە،
دیسانەوە ڕۆژێکی تازەیە و کۆنیش
من ئەمڕۆیش هەر بۆنی دوێنێ و بۆنی پێرێ و
بۆنی ژەنگ و بۆنی چەترێکی شکاوی ئێرەم لێ دێ.
«ئەزموونەکان پەلوپۆی زۆریان لێ بۆوە. بۆننامەکەم لە شاخەوە بۆ زەریا بوو بە هاوڕێی چەندین دەنگوڕەنگی لە یەک نەچووی ئەم دنیایە. لەبەر ئەوە ئەم بۆننامەیە بۆننامەی ئەزموونە. بەڵام هێشتا نەمتوانیوە خۆم لە بۆنی ترس قوتار بکەم. من بە بۆنکەوتووی ترسم. ئەگەر ناوچەیەکی شاراوەی بۆن لەم بۆننامەیەدا نەبێت، ئەوە هەر لەوێوە لەو ترسەوە سەرچاوەی گرتووە»
(لەبەر ئەوەی من سەردەمێ
لەگەڵ شاخدا هاوڕێ بووم
بۆیە ئیستاکە ئەتوانم تۆوی ڕوانین
بە دەم ڕێوە لەناو بەردیشدا بڕوێنم.
لەبەر ئەوەی من سەردەمێ
لەگەڵ زەریا هاوڕێ بووم
بۆیە ئیستاکە ئەتوانم
بە بنی قووڵی زماندا بچمە خوارێ و
مەرجانی مانا دەربێنم.
لەبەر ئەوەی من سەردەمێ
کرێچیی ماڵی ئەستێرە دوورەکان بووم
بۆیە ئیستاکە ئەتوانم جریوە بکەم بە بۆن و
ئەودیو وەرزەکان ببینم
لەبەر ئەوەی من سەردەمێ
لەگەڵ زریاندا ژیاوم
بۆیە ئیستاکە ئەتوانم ببمە پرسیار و گومان و
هەڵبکەم و یەخەی یەقین ڕاوەشێنم.
لەبەر ئەوەی سەردەمێکیش دوورودرێژ
لەگەڵ ترس و لەگەڵ تەمومژدا ژیام
ببوورن لێم بۆیە ئیستاکە ناتوانم
من ڕاستەوخۆ هەرچیم هەیە،
وەکوو هەتاوێکی گەمژە
لەلای ئێوە بیدرکێنم)
من هەر لێرەم،
لەم وڵاتە خوێنساردەدا
تەنها لە ڕۆژی کتێبدا و
لەبەردەمی کوورەی شیعرا گەرم دادێم
تەنها لە ڕۆژی کتێبدا،
پەپوولەی وێڵی پێکەنین پەیا ئەبن و تێم ئەئاڵێن.
تەنها لە ڕۆژی کتێبدا،
من ژمارەی لاپەڕەی سەروو پەنجام و
لە گۆڤاری غەریبیدا زەردەخەنە ئەمگرێت و ئەکرێمەوە.
لە ڕۆژی وشە و کتێبدا، ئەبم بە دەشتی پەخشان و
فوارەی شانۆ و، ئەبم بە چیرۆکی گەڕۆک.
ئەمڕۆ وەکوو سەری زیوینی پاندانێ
لە دوورڕا ئەبریقێمەوە.
لە «سێنترومی تێنستا»
«هێڕ ئەندرشۆنکەس»م پێ ئەگات.
هێڕ ئەندرشۆن درێژە وەک نەخشەی سوید.
دەموچاویشی بەردەوام لە دوورگەی پێکەنین ئەچێ.
هێڕ ئەندرشۆن ئەندامێکی پەرلەمان و حزبی سەوزە
بەڵام خۆی واتەنی ئەگەر
بەلەمەکەی سڤاریا کونی تێ بێ
ئەم حزبەکەی تۆپەڵ ئەکا و کونی بەلەمی پێ ئەگرێ!.
هێڕ ئەندرشۆن، سەری پڕە لە کتێب و
دڵی پڕە لە باڵندە و چاوی پڕە لە دارستان.
«با»ی زەریایە و بە دەم غەریبیی چیاوە پێئەکەنێ.
هێڕ ئەندرشۆن شیعر و مۆسیقا و بێگانەی بە یەکەوە
لەسەر ڕەفەی چاو و برۆی ڕیز کردووە.
قسەکانی بۆنی «توڵ پان»یان لێوە دێ.
کە ئەیبینم وا هەست ئەکەم من پەنجەرەی داخراوم و
هێڕ ئەندرشۆن، ئەمکاتەوە
ئەم جارەیشیان هێڕ ئەندرشۆن
بە هەمان تۆڕی پرسیاری بەر لە چەند ساڵ
ئەمکاتەوە بە وێرگوڵێکی بەردەمی و
ئەمکاتەوە بە ڕۆژنامەی لوولکراوی نێوان دەستی
- هەی، هەی، شێرکۆکەس!
شاخ و شاخ هەر بەردەوامن
لە سەربڕینی یەکتردا؟!
ئەوە چییە؟! خۆ هەر خۆتان دیناسۆرتان
هێنایەوە بۆ ناو خۆتان!
هێڕ ئەندرشۆن، لە ئیستەدا وەکوو جاران
شاخەکانم ناباتە ناو ڕۆژنامەوە.
بە ژانەکانم نانووسێ و فرمێسکیشم لە پەرداخی
پەرلەماندا ناخواتەوە.
هێڕ ئەندرشۆن، وەکوو جاران
پیاسە لەگەڵ خەمما ناکات.
بە شوێن برینما ناگەڕێ و زوو زوویش دەرگا
لە سۆراخی گڕ تێبەربووم ناکاتەوە.
هێڕ ئەندرشۆن و ژنەکەی
بەر لە دە ساڵ هەر لێرەدا
لە سەردەمی مۆمەکانی هەڵەبجەشوێندا و
لەبەر تۆفانی کۆچڕەودا
دڵی خۆیان دەرهێنابوو کردبوویان بە دەغیلە و
بە بازاڕدا ئەیانگێڕا بۆ کوردستان.
هێڕ ئەندرشۆن تۆزێک لەگەڵما ئەوەستێ و بەجێمدێڵێ و
سەربەرەوخوار لەگەڵ دارئەبەنووسێکی
«ڕواندی»دا بۆ خۆی ئەڕوا.
پرسیارەکەی هێڕ ئەندرشۆن
ئەمکا بە پەڕەی دڕاوی کتێبێک و
بە شیعرێ قاوەی بە سەردا ڕژابێت و
ئەمکا بە تاری ژێ پچڕاو.
من ئیستاکە بۆنی گورگ و
بۆنی گەوجێتی و شێتێتی و
بۆنی ڕۆژنامەی شەڕخواز و،
بۆنی جامانەی خائین و
بۆنی کەڕووی مێژوویەکی کۆنم لێ دێ.
«شیعرنامەیەک کە لە شێوەی گێژەڵووکەی تەلگرافێکی درێژدا، هەڵیکرد و پرسیارەکەی «هێڕ ئەندرشۆن» زەمینەی بوو. شیعرنامەیەکی تووڕە، بۆ هەموو ئەو وشانەی ناوەوە و دەرەوە، بۆ هەموو ئەوانەی کە لە هاوینە ڕۆژێکی شوومدا و لە گەڕانەوەی دیناسۆردا خۆیان لە ژووری بێدەنگیی خزان و بێدەنگییان دا بە خۆیاندا و، لە دواییشدا شیعر و چیرۆک و شانۆ و وتارەکانیان بۆنی دیناسۆر و دەبابەیان گرت: تێبینی: ئەم برووسکەیە دوێنێ نوسراوە، بەڵام بۆ سبەینێ و دووسبەی و داهاتوویشە و هەتا دیناسۆر بژی!.)
شیعرەکانتان یەک بە یەک بەتاڵ بوونەوە، باگژەی ئاب
فووی لێ کردن، پێچانیەوە و تێکەڵ بە پووشی هاوینەی
دەشتی پرسەی «قوشتەپە» بوون. لەژێر زیلدا لوولیان
خوارد و، کۆمەڵ کۆمەڵ لەناو چاڵی دەبابەدا گیرسانەوە.
شیعرەکانتان یەک بە یەک بەتاڵ بوونەوە: چون بەتاڵبوونەوەی
عاشق لە ئەوین و چون بەتاڵبوونەوەی جەستە لە ئیرادە و
چون بەتاڵبوونەوەی پەیڤین لە دەربڕین.
کۆتەرەکان سەریان بادا و شتێکیان وت. قیر قوڵپی دا و
بڵقی کرد و شتێکی وت، بەڵام ئێوە هیچتان نەوت.
بەڵام ئێوە هیچتان نەکرد. بێدەنگیتان: هەڵبڕینی داری بازگە و
سەیتەرە بوو بۆ هاتنەوەی دیناسۆر و گەڕانەوەی کۆلێراکەی
دوایی هاوین. بێدەنگیتان کرد بە پەردەی دووکەڵێک و
بە دەوری خوێندا گێڕاتان تا شمشێری دیناسۆر و چنگی
ئاسنی خوێناوی و بەچکەکانی ئەو نەبینین.
بێدەنگیتان بوو
بە پاسەوانی ئەنفال. بێدەنگیتان بوو بە شووشەی مەرەکەبی
خاڵی و بەتاڵ. بێدەنگیتان بوو بە قەڵەمی کەڕولاڵ.
بێدەنگیتان
کرد بە تەپەدۆری سەری خیانەت و بێدەنگیتان کرد بە خمخۆرک
بۆ قوتدانەوەی کوڕژنی قوربانیی ساڵ. بێدەنگیی ئێوە
هەسان بوو خێڵ خۆی لەسەر تیژکردەوە، بێدەنگیی ئێوە
گومەزی تاریکیی بوو جەهل خۆی تیا کۆکردەوە.
کۆتەرەکان جووڵانەوە و شتێکیان وت. جۆگەلەکان
هەندێ ئاوڕیان دایەوە و شتێکیان وت. بەڵام ئێوە
هیچتان نەوت، بەڵام ئێوە هیچتان نەکرد. چیرۆک و
شانۆ و وتارتان، وشەی شووشە و فەخفووری بوون،
لەسەر ڕەفەی بێدەنگیتان ڕیز کرابوون، لەگەڵ لەرزەی
زرێپۆشدا لەرزینەوە و کەوتنە خوارێ و هاڕەیان کرد.
دەستنوێژەکانی ئەدەبتان، دەستنوێژەکانی قەڵەمتان
یەک بە یەک بەتاڵ بوونەوە. چون بەتاڵبوونەوەی ئەسپ
لە حیلاندن. چون بەتاڵبوونەوەی باهۆز لە گڤاندن.
چون بەتاڵبوونەوەی ئاگر لە بڵێسە و لە تاوسەندن.
چیرۆکەکانتان یەک بە یەک بوون بە کەروێشکی دارینە و،
وتارەکانتان یەک بە یەک بوون بە نێچیری ڕاوکردن.
قسەکانتان: هێلم و قوڕی سناعی و مۆمی پیو بوون،
بە هاڵاوی دەمی هاوەن هەر هەموویان بەسەر یەکدا
توانەوە و هەیکەلێکیان لێ دروست بوو بۆ بەردەمی دایناسۆر و
هۆزی مردن. لەو دەشتەدا، پەڕەی گۆڤارێکی دڕاو
بای تۆپ بردی و شتێکی وت. لەو دەشتەدا ملی قرتاوی
باڵدارێ لە بەردەمی قەمەیەکدا هەڵبەزێوە و شتێکی وت.
بەڵام ئێوە هیچتان نەوت. بەڵام ئێوە هیچتان نەکرد. بەڵام
ئێوە لەو بەیانییە خۆڵپۆشەدا، لەو بەیانییە خوێنپۆشەدا
لەو دیرۆکە عارپۆشەدا، ئەوەی کردتان: سەری من و سەری
قەڵا و سەری حاجی قادری کۆییکەستان، تێکەڵ بە سەری بەدلیسی و
سەری فەیلەقی کیمیا و سەری ئەسپی دیکتاتۆر کرد. لەو بەیانییە
زەردباوەدا ئەوەی کردتان هەر یەک شت بوو. بە یەکسانی
ڕوانیتانە شیعری من و بێرێی سەری «عاشوور حەمدانکەس»
بە یەکسانی ڕوانیتانە مێزەرەکەی مەلای خەتێ و مێزەرەکەی
مەلای گەورە و بە یەکسانی دابەشتان کرد: پەنجەکانی
قەڵادزێشوێن و پەنجەکانی دەستی سوڵتان.
ئەوە من نیم، بەرۆکی شیعرتان ئەگرێ
ئەوە من نیم، یەخەی شانۆتان ئەگرێت و
ئەوە من نیم، ڕێگە بە چیرۆکتان ئەگرێ.
ئەو دەستانە دەستی من نین، پەنجەی من نین
ئەوانە دەستی هەڵەبجەشوێنن لەناو هەوای خنکاوەوە
لەناو گوڵی خنکاوەوە درێژ ئەبن و قورتوومی وشەتان ئەگرن.
ئەو دەستانە دەستی من نین، پەنجەی من نین
ئەو دەستانەن لەژێر لمی عەرعەرەوە، لە گۆڕستانی
چراوە دێنە دەرێ و بەربینی قەڵەمتان ئەگرن.
شیعرەکانتان یەک بە یەک بەتاڵ بوونەوە،
چیرۆکەکانتان کیسەڵ بوون، سەریان بردەوە ناو قاوغ.
قسەکانتان هەندێ سێبەری ترساو بوون، کشانەوە.
شانۆ پەردەی خۆی دڕان و ئەکتەرەکان ڕووت بوونەوە.
لووتاوێژ بوو، لووتاوێژ بوو، لووتاوێژ.
شاخ لووتی گرت
ئەربائیلۆکان لووتیان گرت، منارەی چۆلی لووتی گرت
دەرگا و پەنجەرە لووتیان گرت، گیو موکریانی لووتی گرت
«ئیبنولموستەوفیکەس» لووتی گرت.
«عەبدولخالقکەس»ی هاوڕێم، «نووری نانەکەلی»ی هاوڕێم،
جاددەی شێست مەتریی هاوڕێم
چاییخانەی مەچکۆی هاوڕێم لووتیان گرت و
لەو ڕۆژەدا ئێوەش بۆنی دیناسۆر و بۆگەمرخەی
مێژوویەکی تۆپیوتان گرت!)
تۆ بۆنی شیعری گەڕۆکی
باخ لەگەڵ خۆتدا ئەگێڕی و
دڵۆپ دڵۆپ لەبەر هەتاوی جوانیدا ئەتوێیتەوە.
تۆ قاسپەی کەوی زمانی و
پەروانەی ڕیشی «نالیکەس»یت و بە چواردەوری
ئەورووپادا ئەخولێیتەوە.
خەو ئەڕژێتە سەرتەوە
حەز و خۆزگەت و تەماشات تەڕ تەڕ ئەبن
شیعرت لێ ئەچۆڕێتەوە.
ئیمستیردام، بەلەمێکی شووشەبەندی دەم بە ورشەی
جاددەی ئاو و، کووچەی ئاو و، چوخمی ئاوە
تۆیش گڵۆپێکی سەرخۆشی و بە شەودا ئەسووڕێیتەوە.
لە ئاودا ئەلەرێیتەوە
لە ئاودا ئەبریقێیتەوە.
بەنگکێشەکان لەم شارەدا، لە ئەستێرەی
نێرە و مێیەی جل دڕاوی پەرەوازە و
لە گوڵی چڵکنی باخچە و
لە شووشەی بادەی بێ سەر و بێ مل ئەچن.
نیشتمانی بەنگکێشەکان خەیاڵێکی ڕووتوقووتە.
ئەوان بەتەنها هەر بۆنی ساتە وەختێکیان لێوە دێ.
ساتەوەختێ بێهودەییی ئەم تەمەنەی تیا بکێشن.
ساتەوەختێ کە ڕابوردووی سەرابێکە و
ئایندەیشی تیا ئەمەیێ
ئیمستیردام بە ناو خۆیدا ئەمگەڕێنێ.
ئیمستیردام کتێبێکە ئاو جزوبەندی کردووە.
بە قەوارە کتێبێکی بچکۆلەیە و جیهانیش ئەیخوێنێتەوە و تەواو نابێ.
لەم لەشەدا سەری قەشە و لنگی بڤکێ و
دەستوپلی هونەرمەند و قاچەکانی بازرگانی
پێکەوە کۆ بوونەتەوە.
ئیمستیردام بە ناو خۆیدا ئەمگەڕێنێ.
ئیمستیردام لەشی ڕووتی شۆخە ژنێکە هۆڵەندی و
لەناو گوڵدا ڕاکشاوە.
ئەم کتێبە شەپۆلی ئاو پەڕەیەتی و تەواو نابێ.
ئەم کتێبە کەس تێی ناگا، لە یەک ساتدا
سەد زمان ئەینووسێتەوە و
سەد زمان ئەیخوێنێتەوە و
وەک زنجیری پایسکیل سواری سەر تەختانییشدا
بە گوڕ ئەڕوا و لەناو چاوما ئەخولێتەوە.
بە یەکەوە: ئێرە بۆنی خۆشترین گوڵی ناو دنیا و
بۆنی تلیاک، بۆنی سێکس و ڕووتبوونەوە و
بۆنی لەژم و بۆنی دادگاکەی لاهایی و
بۆنی مۆسیقای لێوە دێ.
کەپووم تەنها لەم شارەدا
بە شەوارەی بۆن ئەکەوێ.