٤

لە کتێبی:
بۆننامە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 13 خولەک  1286 بینین
تۆ زمانی خۆرەتاوی دەربەدەری
هەموو ڕۆژێ بە ژێر عەردا ئەچی بۆ لای حەرف و وشەی
زمانێکی دیکەی خوێن سارد، فێری ببی.
لە ویستگەکەی «ڕۆدماس گاتان»
وشەیەکی بێتاقەتی و ڕستەیەکی لەش داهێزراو دائەبەزی.
لە پڕێکدا پەنجەی ساردی کزەبایەک
لەناو کونی تونێلەوە بەرەو ڕووت دێ و
ملپێچت هەڵئەداتەوە و
دەستی تەزیو ئەدا لە پەڕەی گوێچکەت و دائەچڵەکی.
بەرامبەرت: لە ڕیکلامی گەورە گەورەی ڕەنگاوڕەنگدا،
سەرنج ئەدەی، سەرنجەکانت ئەشڵەژێن
تەماشاکانت پەرت ئەبن
بە ڕیز وێنەی دوا بانگەشە:
بۆ جوانترین کیسەی مەمک و بۆ مایۆکانی پەکینی و
بۆ خۆراکی قوتووی سەگ و بۆ تازەترین قەنەفە و
بۆ تازەترین سووراوی لچ و لێو و، بانگەشە بۆ
میوەجات و کۆمپیووتەر و بۆیەی قژ و، بانگەشە بۆ
بادە و بیرە و، بۆ سەفەری دوورگەکانی خوارووی
ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و، بانگەشە بۆ پاڵێوراوانی
پەرلەمان ئەبینیت و لە بەردەمی یەک ڕیکلامیاندا
ئەوەستیت، تازەترین مۆدەی قژ تاشینی ئێرە،
- قۆچکەتاشی - تۆ لێرەدا پێئەکەنی و سەری
خڕی قۆچکەتاشی منداڵانی گەرمیانت دێتەوە یاد
لەو ئاستەدا ئیتر بۆنی خۆشی ژن و
بۆنی کراسی بەریان و بۆنی میوە و
بۆنی بیرە و، بۆنی دوورگە و
بۆنی شارستانیی ئەگری.
بە قاڵدرمەی ڕاکردوودا بەرەو هەوراز سەرئەکەوی
بە لای ڕاستدا لائەدەیت و لەبەر دیواری مەڕمەڕدا ڕائەوەستی
- ڕۆژ باش «سترن بێری»، ڕۆژ باش!
هەموو بەیانییەک سەعات هەشت و چارەک تۆ ئەیبینی،
سترن بێری لەهەمان شوێندا وەستاوە: شەپقەیەکی ڕەشی
قوچ و لەژێر قەراغی شەپقەدا دوو سکڵی تەماشای
تیژ و گەش و لە خوارتریش بە دوولادا سمێڵێکی بادراوی
نووک باریک و بە چواردەوریا ژنەکانی و نامەکانی
ئەوینداری و چەند لاپەڕەیەکی دەستنووسی شانۆکانی
هەموو ڕۆژێ تۆ سترن بێری ئەبینی لەو ئاستەدا،
بۆنی سەدەی نۆزدەهەم و بۆنی شانۆی «ژووری سوور» و
بۆنی قژی وشەکانی و بۆنی شووشەی مەرەکەب و پەڕەمووچ و
بۆنی هونەر، بۆنی قەیفەی پەردەی ئەستوور، بۆنی
خۆشەویستی ئەکەیت. هەوای شانۆ هەڵئەمژی. تۆ
ئەدوێیت و سترن بێری لێت تێناگا. لەو کاتەدا هەردوو چاوت
ئەنووقێنی و ئەچیتەوە بۆ لای «نالیکەس»:
نە کڵاو و نە دەموچاو نە سمێڵ و نە قەڵەم و
نە وێنەیەکی حەبیبەکەس و نە دوو دێڕی بەجێماو و
نە مێژووی ڕۆژی زایین و نە ڕۆژی کۆچ و مردن و
نە کێل و گۆڕی گۆڕستان. بزر بزر چون ئاخەکانی
شارەزوورشوێن، بزر بزر وەک نیشتمان!.
تۆ ئەو ساتە بۆنی تیژی نائومێدی و
بۆنی پرسە و بۆنی کەساسیت لێوە دێ.
مەنفا ئەڵێ:
لەناو پۆلدا
بە دەوری گەورە مێزێکی هێلکەییدا بوون بە ئەڵقە
دە زمانی سەرگەردانی کاکۆڵ ڕەشن.
ژنە مامۆستای سەر زەردیش هەر وەکوو گوڵەبەڕۆژە
دێت و ئەچێ. ئەیەوێ ئەم زمانە سەرکەشەی ئێرە
تۆزێ ڕامکەن، سوارتان ئەکا، دەستێکی وا پێتانەوە.
سەرەتایە، بەڵام هەر کە دەستی بەردا
لە خلیسکاییی زماندا یەکە یەکە ئەکەونە خوار
بە یەکتری پێئەکەنن.
ئیستە بۆنی ڕێزمانێکی ڕەقەڵە و
بۆنی کردار، ئاوەڵکردار
بۆنی تەباشیرت لێ دێ.
مەنفا ئەڵێ:
بە دیواری ناو پۆلەوە
نەخشەیەکی ئەم جیهانە، بە زەمین و بە بەحرەوە
هەڵواسراوە.
نەخشەیەکی ئەم جیهانە و سەدان ئاڵا
لە ڕەشبەڵەکی سەمادان.
بە دەوری گەورە مێزێکی هێلکەییدا دانیشتوون و
بوون بە ئەڵقەی حەرف و وشە
ئەمڕۆ ڕۆژی قسەکردنی ئاڵایە
ڕۆژی پەیڤینی سونبولە لە هەوادا.
ئەمڕۆ لەنێوان دە خاکدا
لە مابەینی دە ئاسماندا
ڕۆژی گفتوگۆی نێوانی شاخ و زەریا و
بیابان و دوورگە و نیمچەدوورگەی ناو دنیایە.
لە خانەکانی جانتاوە
نۆ دەست نۆ سونبول دێننە دەرەوە
سونبولەکان ئەبن بە باڵندەی ناو ژوور
لە دواییشدا بەسەر سەری گوڵەبەڕۆژە و پۆلەوە
یەکە یەکە ئەنیشنەوە.
نۆ دەست هەژدە چاوی خۆیان لەسەر مێزەکە دائەنێن.
چاوەکان ئەبن بە چرای بچکۆلانە و هەڵئەسن و لەسەر تەختە
دیرۆکی گوڵ و باران و خۆڵ و خوێن و لانکەی خۆیان ئەنووسنەوە.
تەنها دەستێ دەستی تۆیە
نە سونبول و نە باڵدار و نە گۆرانی و نە بارانی ئاڵای تیایە.
دوو دەستی چۆڵ، چون پێدەشتی دەوری کەرکووکشوێن.
دە پەنجەی چاو گریاناوی لە گیرفاندا.
ئەڵێی منداڵی ئەنفالن، لە گیرفاندا.
دە پەنجەی ناو گەردەلوولێ، لەتاو ئازار
کڵاوی نینۆک تووڕ ئەدەن، لە گیرفاندا.
دە پەنجەی لاڵی زمانم
وەک دە وشەم لەبەردەمی ئەنقەرەشوێندا
دە پەنجەی ماتی ژێر چارشێو، لە گیرفاندا
وەک دە کیژم لە سنەشوێندا.
لەم پۆلەیشدا تاقە جانتا جانتای تۆیە
کە نیشتمانێکی سیس و کە ئاسمانێکی لەتلەت و
کە ئاوێنەی ساماڵێکی وردوخاشی لە بندایە.
لەم ساتەدا
بۆنی نوشوستیت گرتووە
بۆنی شەڕی بەرد و بەردی شاخت
بۆنی مۆمێکی کوژاوە
لەم ساتەدا،
بۆنی چاڵدێران و لۆزان لە لەشت دێ.
لە شەڕی بەرد و بەردەوە
بۆنێکی نوێ بڵاو بۆوە
بۆنی ئاو وەختێ ئەکوژرێ.
بۆنی کۆست وەختێ ئەکوترێ.
لە ماچی دەنگ و ڕەنگەوە
بۆنێکی نوێ بڵاو بۆوە
بۆنی باران ئەو وەختەی ئاڵ هەڵئەگەڕێ و
بۆنی شەهیدیش ئەو وەختەی
کە باڵ ئەگرێ.
لە تێکەڵبوونی منداڵی و وشەیشەوە
بۆنێکی نوێ بڵاو بۆوە، بۆنی بێگەردی ئەو وەختەی
لە باوەشی خوادا ئەنوێ و
بۆنی مانایش وەختێ ئەبێ بە یاقووت و
لە قوڵاییی سەمایەکدا ئەجریوێنێ.
لە ڕامووسانی نێوانی
جەستەی من و غەریبیشدا
بۆنێکی نوێ بڵاو بۆوە
بۆنی شیعر ئەو وەختەی هەڵم ئەیگرێ و
بۆنی بێزاریش ئەو وەختەی
ئەبێ بە نووکە تووتڕک و
ئەبێ بە دەمە گوێزان و
لەناو گیانی مندا ئەڕوێ.
«لە شەڕی بەرد و بەردەوە، کامێرای شاراوە نەما. ئەم دیمەنەی خوارەوە، ساتەوەختێکی «میران» ئەخاتە ڕوو، کە شەڕی جەستەی خۆی گەورەی کرد و پۆشتەی کردەوە و بە پلیکانەی شەڕدا بەرەو ژوور هەڵکشا و ئیستە «میران» مێژوومانە»
ئەمڕۆ «میران» لە شەڕی بەرد و بەردەوە هاتۆتەوە.
بزەیەکی خۆڵەمێشی و تەپوتۆزی قارەمانی و
وردە گەردیلەی شانازی لێ نیشتووە.
ئەمڕۆ «میران» لە شەڕگەی شاخ و شاخەوە هاتۆتەوە.
بەرەو ئاسمانی بارەگا پێکەنین و جامانەکەی
بە یەکەوە هەڵئەدات و چەند ساڵێکیش
تفەنگەکەی گەنج بۆتەوە.
ئەمڕۆ «میران» لە بەیانیی خوێناویدا
جەنگێکی نوێی لە جەستەی خۆی بردۆتەوە
کەپکی کەللەی خۆی گرتووە
بەرزاییی سەر شان و ملی کۆستەکانی خۆی گرتووە.
ئەمڕۆ «میران» لە شەڕگەدا سەرکەوتووە
بە «گەچاوی» باییبوونێ برینەکان سواغ ئەدات و
بە قریوە شەقامەکان دائەپۆشێ و سەرکەوتووە.
وڵات دەهۆڵە و لێی ئەدات.
وڵات زوڕنایە و ئەیژەنێ. سەرکەوتووە
پەنجەکانی دەستی ڕاستی
بەسەر پەنجەکانی دەستی چەپیا سەرکەوتووە.
قاچی ڕاستی قاچی چەپی خۆی ڕاوناوە.
ئەمڕۆ «میران» لە نەبەردی خۆی و خۆیدا، دیلی هەیە
چاوی خۆی و برۆی خۆی و کەپووی خۆی و
گوێچکەکانی خۆی گرتووە.
ئیستە «میران» قسەکانی بۆچڕوکی لەشی هەردوو
مەزرا و ڕێوبانیان لێوە دێ.
ئەمڕۆ میران هەموومانە و
بۆنی سەدان ساڵ پێش ئەمڕۆ و
بۆنی پەیڤ و بۆنی ستوونی ڕۆژنامە و
ژووری کۆنترۆڵی تی ڤی و
بۆنی مایکرۆفۆنی ڕادیۆ و
بۆنی گشتمانی لێوە دێ.
مەنفا ئەڵێ:
پەنا ئەبەیتە بەر باڕ و
کەفی بیرە ئەکەی بە کڵاوی خەیاڵ
مەراقێک دائەگیرسێنی و ئەیکەی بە مۆمی سەر مێز و
لەنێوانی شەوقی تەڕ و پەرت پەرت بوونی دووکەڵەوە
ئەڕوانیتە کۆتاییی ساڵ،
بە لێژاییی هەورەکانی خۆراوادا
گۆرانیت ئەچۆڕێتەوە و
ئەبی بە دوورە هاڵاوی زەریا و کەنار.
پەنا ئەبەیتە بەر بۆنی کچی سەر باڕ
قژی ئەکەی بە کەپرەکەی «هەڵەدن» و
چاوی ئەکەی بە کانییەکانی «مێرگەپان»
تاڵەمووەکان ئەکەی بە ڕێی گەڕانەوە و
ئەچیتەوە کۆنە هەوار.
پەنا ئەبەیتە بەر گەردن، پەنا ئەبەیتە بەر مەمان
لە گەردندا ئەچیتەوە بەر قەڵبەزەی بەفراوان و
لە مەماندا ئەچیتەوە لای ڕنۆکانی هەورامانشوێن.
پەنا ئەبەیتە بەر دەنگی گڕ و قرتاوی سەرخۆشێ لەو لاتەوە
پەنا ئەبەیتە بەر ڕستەی هەڵوەشاو و حەرفی نیوە بەخەبەر و
چاوی تەپی نیوە نووقاو، بە لاپلاو چاڵ و چۆڵیی
کۆڵانی دەنگی سەرخۆشدا، بە ڕێوبانی بۆنی مەیدا،
ئەچیتەوە سەرچنار و، قاچی شیعرت تێکەڵوپێکەڵ
ئەبێت و بەملا و بەولادا ئەکەوی و هەتا باهۆزێکی کەتە
قۆڵت ئەگرێ و ئەتباتەوە لای سەرخۆشانی شارەکەت.
ئەچیتەوە لای بەرسیلەی قسەکانیان
ئەچیتەوە ناو گیرفانی ستارخانی و
ئەبی بە دەنکە قەزوانی سوێر و
ئەبی بە شووشەی چارەکی نیوە خاڵی
بەر باخەڵی مراخانی و
بە یەک جگەرەی پەناگوێ و
ئەبی بە دەنکە کوولەکە و، ئەبی بە قاشە خەیار و
قاشە لیمۆ و قاشە ترۆزیی ناوسووری سەر دەسڕێکی ڕاخراو!.
من ئیستاکە بۆنی بادەی سەرچنار و
بۆنی شەقامی سەرخۆشی شەستەکان و
بۆنی ئێوارەی سەرخۆشی حەفتاکان و
بۆنی نوکتەی عەرەق پیا ڕژاوی ئەوسای
«عیززەت یەکپارچە»م لێوە دێ!
بیرەیەک و دوان و سیان و چوار و...
دیسانەوە کەفەکانیان ئەکەی بە کڵاوی خەیاڵ.
ئیستە سەرت وەک هۆڵی شەوی زستانەی پڕ دووکەڵ و
ژاوەژاوی یانەی کۆنی مامۆستایان قورس بووە.
چاوت گەڵای شۆڕەبییە و داتخستووە. ئەڕوانیتە وێنەکانی
نەخشاوی سەر قوماشی مێز. وێنەی سەرمێز، تابلۆیەکی
هەڕەمەکیی پەرشوبڵاو. سەرت بە وردە قوڕقوشمی
شەڕی ناوخۆ قورس بووە. چاوت گەڵای شۆڕەبییە و
داتخستووە. پەڕۆی سەر مێز گەورە ئەبێ و وێنەکان
ئەجوڵێنەوە و باڕ ون ئەبێ و کچ ون ئەبێ و وێنەکان
دێنە چاوتەوە، تۆیش ئەچیتە ناو وێنەوە:
لە سەرەوە ئاسمانێکی بێدەربەست و گەواڵە هەورێکی
تووڕە و فڕۆکەیەک دوو پەروانە. لەولایشەوە پەڕەشووتێکی
نارنجی. لە خوارەوە ڕووبارێکی بێتاقەت و بەلەمێکی
زنجیرکراو. لەوبەر ڕووباریش باخچەیەک. وەکوو باخچەی
پاشای «گۆران»، بەڵام ئەمیان نە هیچ خێڵێ لە دوژمنان
دەوریان داوە و نە ڕێگەکانی گیراوە.
سەرت قورسە و کەفی بیرە ئەکەی بە کڵاوی خەیاڵ
ئەچیتە ناو وێنەکانی قوماشەوە:
ئێستا موتاڵای کتێبی ئاو ئەکەیت و باخچەکە ئەنووسیتەوە.
ئێستا لە کەنار ئاوەکەی، کەس ناتبینێ. جلەکانت دائەکەنی و
ئەچیتە ناو ڕووبارەوە. ڕووبار کەمێ دائەچڵەکێ. تا ناوکی
شیعرت تەڕ ئەبێ. چەند هەنگاوێک و ئەگەیتە بەلەمەکە.
بەلەمەکە ئازاد ئەکەیت. بەلەمەکە پێئەکەنێ. بەرەو لای
خۆت ڕایئەکێشی. ئەسپی تەختە بە ناو ئاودا ئەئاژوێت و
ئەگەیتە لای گوڵزارەکە. ئەچیتە ناو باخچەی پاشای بێ گاردەوە.
لەبەر گوڵ شیعر نابینی. لەبەر عەتر سەرت ناپەرژێ بنووسیت.
بووی بە نوقڵێکی کەڵەگەت. گوڵەکانیش بوون بە منداڵی
زەرد و سوور. لە سەد لاوە باوەش بە ئەژنۆتا ئەکەن. گوڵ
ئابڵووقەی بۆنی ناخۆشی خستۆتە سەر ئەم گەشتەت. چ ئابڵووقەیەکی
جوانە. دائەنەوی سێ چەپک بۆنی ڕەنگاوڕەنگ ئەچنیت و
دێیتەوە ناو بەلەمەکە. دەستەیەک ماسیی هاتوون و
بەڕێت ئەکەن. ئەگەیتەوە کەنار ئاو و، ماسییەکان ئەگەڕێنەوە و
بەر لەوەی کە تۆیش دابەزی دوو سێ داری کورتە باڵای دەمی
بەستێن، چەپکەکانت لێ وەرئەگرن. چەپکەکان وەرئەگریتەوە.
بە چەپکەوە لەگەڵ بۆندا باڵ لێک ئەدەی بەرەو ئاسمان.
دەستت ئەگاتە کەمەری پەڵە هەور و توند ئەیگری. خۆتی پێوە
هەڵئەواسی. تیژ تیژ ئەفڕی. فڕۆکەکە ئەگریتەوە.
ئەم جارەیان باریک باریک ئەبیتەوە، ئەبی بە تیشکێ و لە شووشەی
پەنجەرەوە، ئەچیتە ناو فڕۆکەوە. لەجێی جگەرەکێشاندا دائەنیشی.
شیعر و قاوە بەیەکەوە ئەخۆیتەوە، فڕۆکەیش زەمان کون ئەکا و
پەردەی هەورەکان دائەدڕێ و تیژ تیژ ئەفڕێ. چەپکەکانت وەکوو
خۆزگە لە باوەشدان. تەماشایەکی سەعاتی دەستت ئەکەیت.
لە دوای ئەوەی بۆنێک ئەکەیت، لووتت بزەیەک ئەیگرێ. بۆن دێ،
بۆن دێ، بۆن دێ، بۆنی گۆیژە و وێڵەدەر دێت. بۆنی ژان و
بۆنی گردی شەهیدان و بۆنی قژی شیعرەکانی شارەکەت دێ. چەپکەکانت
لە باوەشدان. تۆ ئەبێ لێرە دابەزی. دیسانەوە باریک باریک
ئەبیتەوە. وەکوو تیشکێ بە ناو شووشەی پەنجەرەدا بۆی دەرئەچی.
چەپکەکان هەر لەباوەشتان. بە هەورا خل ئەبیتەوە. ئەگەیتە
پەڕەشووتەکە. بە دەستێکت پەتی پەڕەشووت ئەگریت و
بە دەستەکەی تر بۆنەکان. گوڵەکان گۆرانیی ئەڵێن. دڵیان
خۆشەو لەسەر سینگت سەما ئەکەن. بە هەورا خل ئەبیتەوە
ئەگەیتە کیشوەری باران، لەدایکبوونی باران ئەبینیت.
ئەگەیتە هەرێمی تەرزە و مەملەکەتی تۆف و زریان.
لە نزیکەوە مردنی بوخار و هەڵم ئەبینی. شاژنی پرشنگ
ئەبینی. یەکە یەکە بە ناویاندا تێئەپەڕی. بە ناویاندا
ئەخولێیتەوە. وردە وردە دائەکشێی بۆ بەرەوخوار.
زەوی بەرەو پیرت دێت و ئەگەیتە ئاسۆی سەرچنار.
هەزار مەتر و پێنجسەد مەتر و پەنجا مەتر و لەپڕیش لەناو باوەشی
چناردا ئەنیشیتەوە. نیوەشەوێکی درەنگە و کەس دیار نییە.
گوڵەکان لەناو باوەشتا وەنەوز ئەدەن - ماندووی ڕێگان -
تۆ ئەبێ ئیستە بگەڕێی لەم شارەدا سێ ناونیشان، سێ
ئەوین بدۆزیتەوە: ناونیشانی تازەترین بۆنی تووڕەی شیعر و
تازەترین بۆنی یاخیبوونی شانۆ و تازەترین بۆنی ڕەشەبای
ناو گەرووی کورتەچیرۆک. ئەبێ بیاندۆزیتەوە. بیانگەیتێ.
تا هەرسێ چەپکی باوەشی ئەم سەفەرەی خۆتیان بەیتێ
لەپڕێکدا تەقەیەک دێ و پەرداخێکی سەر مێز ئەشکێ
سەر هەڵئەبڕم. خەو ون ئەبێ. باڕ دێتەوە جێگەی
خۆی و کچی سەر باڕ وەک بزانێ من لە کام
گۆمدا نوقم بووم، لەو دوورەوە سەیرم ئەکا و پێئەکەنێ
هەڵئەسم و باڕ جێدێڵم و
درەختێکی سەرخۆشم و ئەچمە دەرێ.
لە دەرەوە کڵاوی کەف با ئەیبات و
من هەست ئەکەم لەسەر جادەی شەوێکی تەڕ
قەسیدەیەکم ئاوارە و، بۆنی گۆڕغەریبیم لێ دێ و
وشە وشە وا ئەوەرێم.
ئەوسا ئیتر گۆرانییەک، بە دەم بای وەشتی ئێرەوە بۆ خۆم ئەڵێم:
(ئەم کۆشکانە هیچیان نەهاتنە خەومەوە
ئەم وەرزانە هیچیان نەهاتنە ساڵمەوە.
ئەم ژنانە هیچیان نەهاتنە چاومەوە.
ئەم بۆنانەیش هیچیان بۆنی وشەیەکیان خۆش نەکردم!.
ئەوەی کە دێتە خەومەوە
هەر کۆڵانە قوڕاوییەکەی کانێسکانە و
ئەوەی کە دێتە ساڵمەوە
گوڵ و سووتووی نیشتمانە و
ئەوەی کە دێتە چاومەوە
چاوی کچێکی کۆیییە و
ئەو ڕووبارەی ئەڕژێتە ناو ڕۆحمەوە
هەر سیروانی لێڵوپێڵە و
تەنها بۆنیش کە بۆنی وشەم خۆش بکات
سەر و قژی ساواکانی شارەکەمە!
هەموو زەریاکانی ئێرە ئەیانەوێ زنەیەکی بچووکی شاخوداخ
لەناو ڕۆحما قوت بدەن و بۆیان ناکرێ. هەموو شارە
جوانەکانی ئێرە ئەیانەوێ کاولاشکەی قەڵادزێشوێن لەناو
مندا بسڕنەوە و بۆیان ناکرێ. هەموو لەشولارە ڕووتەکانی
ئێرە ئەیانەوێ تیلەی چاوی کچە هەولێرشوێنییەک لەیاد بکەم
بۆیان ناکرێ. هەموو دووکان و بازاڕە بە بریقوباقەکانی ئێرە
ئەیانەوێ بەردەمی حەوزە وشکەکە و ژێر پردەکە لەیاد بکەم
بۆیان ناکرێ، هەموو شووشە عەترەکانی ناو ئەورووپایش
ئەیانەوێ بۆنی مێخەکبەندەکەی ملی تۆم بیر بەرنەوە،
بۆیان ناکرێ.