٦

لە کتێبی:
بۆننامە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 14 خولەک  1414 بینین
دوو ساڵە باوەشی پڕ ماچ و پەپوولەی
«سەمیرە»ی یەمەنی، کوکوختی ئاوارەی هۆڵەندا
بۆ خولیای باڵگرتووم فەزایە.
دوو ساڵە، بارانی هاوینەی یەمەنی، لێم ئەدا و
پایتەختی ئەم لەشە بۆن خۆشەم «سەنعایە».
ئەم ماسییە باڵدارە، ئەم پشکۆ ئەسمەرە،
ئەم گۆشتە گڕدارەی بەحری سوور، ئەم کانییە ڕەشتاڵە و
ئەم «واحە» ڕووناکە
هەر جارێ باوەشێ بە ملی کوێستانما بکات و ڕامووسێ
ئەوساکە من قەترەی توانەوەم، تنۆکی بەفراوم
لە بادی بەردەم و لە بنی فنجاندا.
غەریبی لەم لەشە گەرمەدا برژاوە.
لەم خەتی ئیستیوای ناو قەد و گەرمێنی مەمکەدا
پەنجەی من سووتاوە.
سەمیرەی یەمەنی، کتێبی شەپۆلی گەنمڕەنگ
قەڵبەزەی شەهوەت و فەنەری ئارەزووی داگیرساو
لە ژووری بەلەمی دارینەی گوێ ئاودا،
ئەیبینم: لەپێشدا حەوزێکم بەتاڵ و
لەناکاو پڕ ئەبم لە خەندە.
لەپێشدا سێبەری دارێکی تەریکم و
لەپڕیش من ئەبم بە ئاسۆی هەزاران باڵندە.
ئەچینە سەر کورسیی مەڕمەڕی باخچەیەک
لای ڕاستمان ئاهەنگی دوو بووکی بەرخۆری ژاڵەیە و
لای چەپمان دووچاوی زیتەڵەی مێبازی دارقۆخێ.
بەرلەوەی دانیشین
کورسییەکە بزەیەک ئەیگرێ بۆ کچە یەمەنی
بۆ خورمای خەستەوی.
لەسەرڕا «با»یەک دێ و ئەچێتە قژیەوە و
لەوێوە سەر ئەدا لە دەمی و ئیتر «با»
دوای تۆزێ تینوێتی.
هەڵئەسین، لە گەڵای قسەمان هەندێکی وەریوە و
بۆ شەوی تەنیاییی کورسییەکە جێی دێڵین.
درێژیی جاددەکان، ملوانکەی زۆر کورتن
لە ملی پەیڤینی دڵداردا،
هەر تەنها سەعاتی دڵدارە
سەعاتی خەونێ بێ نەزانێ
دەقیقە و چرکەکان بژمێرێ.
ئەو تەنها تیشکێکە کات کون کا و
هەمان سات «عەتارد» بۆن بکا و
شەقامێ لە مانگدا ببڕێت و
«مەریخ»یش لە چاودا هەڵگرێ و
لێرە بێ و لەوێش بێ
ئەچینە ناو ماڵی ئاوەوە
کەشتیشە و ماڵیشە
دوو هۆدە و ڕاڕەوێ لە ئاودا، کرێچی ماسییە و
خاوەنماڵ زەریایە. حەوشەی ئاو، هاوسێی ئاو،
کۆڵان ئاو، بناغە شەپۆلە و، ئەم ماڵە ژنێکە
کەسکپۆش تا نیوەی لە ئاودا و هەمیشەیش دانس ئەکا.
کە ئەدوێم پەیڤینم گوڵونکەی ڕستەی خۆی
لە ڕووبار وەرئەدا. پرژە پرژ، وشەکان دڵۆپی
ساردن و ئەکەونە سەر پێستی لەشێکی نیوە ڕووت،
نیوەداخ، وشەکان چزەیان لێوە دێ. پێش خۆمان
دوو پەرداخ یەکتری ماچ ئەکەن
زرنگەی شەوێکی شووشەییی سوورباویان لێوە دێ.
ئەم ماڵە کەشتییە، ئەم ژووری ماسییە، ئیستاکە بۆگوێچکەی
بڕراوی «ڤان کوخی» لێوە دێ. چۆن شەپۆل هەڵئەسێ
بۆ ئەوەی گڵۆپی بەندەری دەریاکان ببینێ، هەڵئەسم.
لەبەردەم دوو سێ ڕیز کتێبدا ئەوەستم. دوو سێ ڕیز لە سەدە.
دوو سێ ڕیز لە ڕۆحی فریشتە و ئەستێرەی گەڕیدە.
دوو سێ ڕیز لە جۆگەی خەیاڵی شپرزە. دەست ئەبەم
هەورێکیان دائەگرم، «لۆرکاکەس»یە، چەخماخەی هەورەکە
ڕێک ئەیدا لە چاوم، وەک باڵای «غرناتە» سوور ئەبم.
هەمدیسان دەست ئەبەم بۆ ڕەفە. قەڵایەک دائەگرم
قەڵایەک دیواری لە خشتی بێزاری و شوورەیەک لە بەردی
تەمێکی ئەستوور و قوللەیشی لە شەوی تەنیایی، «کافکاکەس»یە و
ونبوونە و پرسیارە و مەراقی ئەبەدی.
ئەچمەوە سەر کورسیی هۆنراوەم
بەرامبەر مەوالی ڕەشئەسمەر
بەرامبەر وەنەوشەی یەمەنی
- بێدەنگی؟! وادیارە لای من نیت؟!
ڕاست ئەکات لای ئەو نیم، لەنێوان ئەو لەشە و گردێکی
سووتاوی وڵاتدا من بۆسۆی دەواری کۆچەریم. ڕاست
ئەکات لای ئەو نیم، لەنێوان درەختی هەڵووژەی ئەو لەشە و
سەعاتی وەریوی وڵاتدا من پەنجەی دوودڵیم. ئەپرسم
لە کوێوە هەتا کوێ، من دەزووی کڵافەی ئەم خوێنەی
سەری خۆم هێناوە؟! لە کوێوە هەتا کوێ من ڕێچکەی شکستی و
من نمەی دەقیقە و سانیەی ڕژاوی قوربانیم. لە کوێوە
هەتا کوێ من بۆنی تاراوگەم لێوە دێ و هەناسەی تاریکیم.
ئەو شەوە لە خانووی سەرخۆشدا و
بەرامبەر قۆخێکی گەییوی یەمەنی
مەراقی ئاڵ بووم و چەند قاپی سەرمۆری خەیاڵم هەڵپچڕی.
ئەو شەوە من بۆنی قەسیدەی ئەسمەر و
من بۆنی هاژە هاژ، من بۆنی زەریام گرت
هەتاکوو بەیانی.
پەراگەندەیە سەری من
جارێک جانتای بەجێماوە لە فڕگەدا و
جارێکی دی هەڵمی سەر شووشەی واگۆنە لە ترێندا و
جارێکی تر بە دوای کەشتیی ناو زەریاوە
بووە بە بڵقێکی کەفاو.
پەرەوازەیە بۆنی من
من بۆنجاڕی سەدان مەرگی ڕەنگاوڕەنگم
هەتا لەلای نیشتمانم:
جامانەکانی نیشتمان، پشتێنەکانی نیشتمان،
بۆنی سترانی کوژراوی منیان لێ دێ. دیوارەکانی نیشتمان
بۆنی برسێتی و تاریکیی منیان لێ دێ. کە ڕایشمکرد،
دەمێک خابوور بۆنی لاشەی من ئەگرێت و دەمێک
بەفر بۆنی ڕەقبوونەوەی منی لێ دێ و
دەمێک هەناسەی ژەندرمە بۆنی خوێنی من ئەگرێت و
دەمێک کەشتیی بۆنی مەرگی تەڕوبڕم و
دەمێک ڕێوبانی قاچاخچی بۆنی تەرمی دەست بڕراوم و
دەمێکی تر، بەندەرەکان بۆنی خەونی سەر ئاو کەوتووی منیان لێ دێ.
لەم وەرزەیشدا بۆنی سنووقە فیشەکی ئەملا و ئەولا و
بۆنی کارگەی دۆشکام لێ دێ.
من هەر بۆنی تۆڵە و بارووت و ئەشکەوت و
خێڵی چەقۆ و تەورم لێ دێ.
بۆنی جببەی عوسمان پاشاکەس و
بۆنی کەوشی ئەحمەد پاشاکەس و
بۆنی ئەمارەتمان لێ دێ.
بۆنی درۆمان گرتووە. ئێمە بۆنی پیسی هەموو
ئەم چواردەورەمان گرتووە
هەر تەنها بۆنی خۆشی خۆمانە لێمان نایە.
ئەوەی کە من بۆنی نەگرم، ڕووناکییە.
ئەوەی کە من بۆنی نەگرم، بەیانییە.
لەم قوتبەیشدا بۆ تەریکیی
بەراوردم مەکە لەگەڵ گەواڵە هەوری تەنیادا
زوو بێ و درەنگ پەڵە هەور بە دەزۆکانی باراندا
لە ئاسۆوە دائەبەزێ بۆ سەر زەوی.
بەڵام من خۆم، هەر خۆم بۆ خۆم، ئاسمانێکم لە تەنیایی.
بۆ نامۆیی بەراوردم مەکە لەگەڵ
واکی تەنیای سەر زەریادا
واک ئەفڕێت و زوو بێ و درەنگ
یان واکی تری هاودەمی ئەگەنە لای بە میوانی
یان ئەم ئەگاتە ئاوایی.
بەڵام من خۆم، هەر خۆم بۆ خۆم، لەن و دوورگەم
زەریا دەستی چەند درێژکرد
تۆڕی شەپۆلی فڕێ دا و ئەوسایش نەگەیشتە نامۆییم.
بۆ مردنیش
بەراوردم مەکە لەگەڵ شاخوداخی نیشتماندا
بەرد قەت نامرێ. خۆڵ قەت نامرێ. ئاو ناکوژرێ و
ئەوەی کە ئەمرێ هەر منم.
ئەو شەقامانە ئەمێنن. بەیانی گەنجتر ئەبنەوە و
جوانترین قات لەبەر ئەکەن.
ئەو ڕووبارانە ئەمێنن، سبەی کەڵەگەتتر ئەبن
خۆشترین بۆن ئەدەن لە قژ.
شاخوداخیش هەر ئەمێنن، بەیانیی جوانتر ئەبنەوە و
شەدەی ڕەنگینتر ئەبەستن.
بەڵام ئەفسووس، ئەم پەپوولەی چاوانەی من پیا ڕاناگەن:
بەو شەقامانەدا پیاسە لەگەڵ ئەستێرەدا بکەن.
لەو ڕووبارانەدا مەلە لەگەڵ چرا و شیعرا بکەن.
بە نێو ئەو شاخوداخەیشدا، لەگەڵ هەتاو، بەیەکەوە
بەختیاری و گوڵەگەنم ببەخشنەوە
بەداخەوە من ئەو کاتە لەوێ نابم بۆنیان بکەم!
مەنفا ئەڵێ:
تاراوگە زوو زوو پێم ئەڵێ
لە شەوانی ئەم قوتبەدا
تۆ ئەوەندە ئەم دارسێوە بێئۆقرەیییەی
جەستەی خۆتت ڕاژەنیوە
کۆست ئەمەندەی تەکاندووە
لقوپەلت ڕووت بوونەوە
سێوێکت پێوە نەماوە گەر چوویتەوە
لەگەڵ خۆتدا بیبەیتەوە
بۆ منداڵێکی «حاجی حانشوێن»
لە وێستگەکانی وەزەندا لە شەختەدا
تۆ ئەوەندە گریانی خۆتت داگیرسان
مووروویەکی ترووسکاییت پێ نەماوە
گەر چوویتەوە لەگەڵ خۆتدا
بیبەیتەوە بۆ چاوانی کارمامزێکی کانێسکان.
تۆ کە هاتی ئاوێنەبەندی وشە بووی
قەشقۆڵی وەختی نەورۆز بووی
لە ڕەنگدا ئەبریسکایتەوە
بەڵام لێرە هەموو ڕۆژێ پارچەیەکت
لە باڵای خۆت ئەکردەوە و
ئەتدایە دەست کۆچێکی نوێ و
تۆ ئێستاکە باڵایەکی لە بەفری ڕەش
لەتێ ئاوێنەت نەماوە
گەر چوویتەوە لەگەڵ خۆتدا
بیبەیتەوە بۆ کیژێکی لای گەرمیان.
تۆ کە هاتی کۆگایەکی گەڕیدە بووی
سەر ڕەفەی شان و سەرسنگت
پڕ بوون لە شووشەی بۆنی خۆش
بەڵام لێرە هەموو ڕۆژێ
«با»یەک ئەهات و ئەیبرد و
دەنگێک ئەهات و ئەیبرد و
تۆ ئێستاکە کۆگایەکی چۆڵ و هۆڵی و
تاقە یەک شووشەی بچکۆلەت پێ نەماوە
گەر چوویتەوە لەگەڵ خۆتدا بیبەیتەوە و
بیدەی لە قژی پەری خانکەس!
ئەی لیمۆکەی ئاوارەیی!
ئەوەندە خۆت مەترنجێنە
نێوانی قوتب و خەمەوە
نەبادا هەر توێکڵەکەت و
هەندێ ناوکی گریاناویت
بۆ نیشتمان ببەنەوە!
ئەی باڵندەکەی ئاسمانی ئەم زمانە
ئەوەندە لە ناو کڕێوە و باکوزیرکدا مەمێنەوە
نەبادا هەر دوو سێ پارچە
لە سەهۆڵی گۆرانیت و
یان هەر پڕ بە مشتێ تەرزە
لە وچوچ و باڵەفڕێت
بۆ نیشتمان ببەنەوە.
ئەی گڵی وشە و گڵمتکی شاخی شیعر
ئەوەندە خۆت مەدە بە دەم
بای غەوارە و نەناسراوی ناو مەنفاوە
نەبادا ژان
لەم دەسکەوانی قوتبەدا
ورد وردت کا و
لە دواییدا بەتەنها هەر توورەکەیەک
وردەخۆڵت
بۆ نیشتمان ببەنەوە!
زەمانێکە من لاتان نیم
زەمانێکە چریکەی دەنگم سیس بووە.
ئاخر چی بکەم، زۆر دەمێکە تەماشاتان ئاوم نادات.
زەمانێکە گوڵی بیستنم بێ بۆنە
ئاخر چی بکەم، پەنگخواردنەوەی ڕەنگی ڕەشتان
هەموو ڕەنگێکی هەڵمژیم.
تەنانەت بۆنی ناسۆرتان
دەستاودەستی هەزار بای لاوبالی و هەزار
هەوری بێدەربەستی دنیا ئەکا و
ئینجا ئەگاتە ماڵەکەم، ئیتر چی بکەم؟!
من زۆر دوورم، کامەرانی چەند دوورە دوور
لە ئێوەوە هێندە دوورم.
من زۆر دوورم، ئاشتیی چەند دوورە دوور
لە ئێوەوە هێندە دوورم.
بۆیە وەختێ من دائەکەم
ئێوە خۆشتان کردۆتەوە
کە منیش خۆش ئەکەمەوە
هەمووتان دائەکەنەوە.
زەمانێکە من ناو کوولەکەی ڕۆحی خۆم جێهێشتووە.
ئاخر بۆیە بۆنی خۆشی پەلکی قسە و
بلازیزی ڕازەکانتان لە من نایە.
زەمانێک بوو بەژن و باڵای دەنگەکان و ڕەنگەکان و
بۆنەکانم نەبینیبوو، شێوەیانم بیر چووبۆوە.
زەمانێکە، کە من ڕۆیشتم
گەڕەکەکەمان زامێکی زۆر بچووک بوو
کەچی دوێنێ کە دیمەوە گەورە بووبوو گەورە بووبوو
بووبوو بە شار
من وەختابوو نەیناسمەوە.
ئۆهـ! گوڵاوم!
من ڕۆیشتم و چاوانی خۆم بۆ جێهێشتی
من پێم وتی: ئەم شەوانە شەوی عەقڵی تارومارن
با دوو چرای زیادت لابن.
من ڕۆیشتم و هەردوو گوێچکەی بیستنی خۆم لا جێهێشتی
ئەم شەوانە شەوی دزی مانگ و خوێنن
با دوو گاردی زیادت لا بن.
من ڕۆیشتم و زاری خۆمم لا جێهێشتی
ئەم شەوانە، وەک پێم وتی: شەوی زەهر دەرخوارد دانن
با زارێکی زیادت لا بێ.
من ڕۆیشتم و لە دواییدا «بۆبێژان» و ڕۆحی عەتری
هەرچی شیعری قوربانیمە بۆم جێهێشتی.
وەک پێم وتی: ئەم شەوانە شەوی گەڕانەوەی بۆنی
لاکەکانی خیانەتە و با لە خۆتم بپرژێنی!.
من بە بێ بۆی بەژنی ئێوە
دارچامەیەکی ڕنراوم.
من بە بێ بۆی دەنگی ئێوە
باڵەبانێکی شکاوم!
یادی بۆنی شینم کردن
لەناو خەوما گوڵەمێلاقەیەک ڕوا.
یادی بۆنی سوورم کردن
ڕاپەڕینی زام بەرپا بوو لەناو خەوما
بیری بۆنی کەسکم کردن
دارسنەوبەر کەوتە فڕین لەناو سەرما
یادی بۆنی زەردم کردن
نیشتمانە ڕەنگ زەردەکەم هاتە ئێرە لەناو خەوما!
ئاخ نیشتمان! ئەی ئەو بەرانە کێوییەی هەزار ساڵە
لە دەراڵی مێژوویەکی عاسیدا تۆ ئەباڕێنی و جگە لە
ئابڵووقەی ڕمی دنیا بەردی خۆت تەقەت لێ ئەکا و
درەختی خۆت ڕاوت ئەنێ و قۆچەکانی خۆت ڕاوچیتن.
ئاخ نیشتمان! ئەی بێوەژنە بەدبەختە چاوسەوزەکەی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شووت بە هەموو وەرزەکان کرد.
شووت بە هەموو ڕەنگەکان کرد.
شووت بە هەموو دەنگەکان کرد.
شووت بە هەموو بۆنەکان کرد
بەڵام هەموو دەستیان بڕیت، بەڵام هەموو دەریانکردیت.
ئاخ نیشتمان! ئەوەی ئیستە بۆی تۆی لێ بێ و لە لای من بێ،
هەر خەونێکی کراس ڕەشە و هەر شیعرێکی هەنیە تەڕە و،
هەموو جارێ بە پاییزێکی پۆستەچیی ڕەقەڵەدا بۆم ئەنێریت.
ئای نیشتمان! ئای نیشتمانی بەجێماو لەسەر خابوور
ئای نیشتمانی قوڕاوی و سەر خوێناوی، ئێمەی سەر و مل
لێکەوتووی سەر جاددەکانی ئەورووپا، ئێمەی لە پوولی بەرید
چووی بەکارهاتوو، ئیدی لە قووتووی قوپاو چووی کۆکا
کۆلای فڕێدراو لە هەندەران، هەر هەموومان ئەو ڕۆژەمان
باش لەبیرە، چۆن بە پەلە لە ماڵەوە تۆی ئازیزمان،
تۆی سوراحیی کریستاڵی ڕۆح و چاومان، لە پەڕۆی پێڵاو سڕین و
جلی ژێرەوەمان ئاڵان هەتا نەشکێی، تا بە ساغی
لەسەر خابوور بتدەینە دەست قاچاخچییەکان. ئای نیشتمان!
ئای نیشتمانی خەڵەتاو بە فرمێسکی هەندێ شیعر و بە سوێندە
هەڵمی مانشێتی ڕۆژنامەکان، ئەی نیشتمانی سیسەڵە
تۆیش لەبیرتە وەختێ لەوێ لە جانتادا دەرمانهێنایت
لە دوای ئەوەی خۆتت تەکان لەگەڵ هەورا باوەشت کرد
بە ملماندا و تۆزێ بە سەرماندا گریای! بەڵام ئاخر ئەی نیشتمانی
خۆشباوەڕ! لەو ساتەدا و لە گیرفانی بەرباخەڵدا ئێمە چەندین
وڵاتی خرپن خرپن و جوانکیلەمان هەڵگرتبوو، بۆیە سەیریشمان
نەکردی و دیسانەوە هەر بە پەلە لەگەڵ ڤیزە ئاڵوگۆڕێکمان
پێ کردی و ئەوسا ئیتر ئەی نیشتمانی سیسەڵە وەک نوکتەیەکی
نەوتاوی و چون مەیموونێکی قوڕاوی بۆ پێکەنینی ئەتاتورک لەسەر
خابوور جێمانهێشتی.
«دوا گۆرانی و سروودی ناو ئەم بۆننامەیە، بریتییە لە کورتە ژیننامەی وشەیەکی خەڵکی مەملەکەتەکەی مەم و زین. لەپێشدا لەژێر سایەی بۆنکردنی ئەتاتورکدا و لە دواییدا، لە لووتکەوە باڵگرتن و لە چریکەدان و هەڵفڕین»
ئەتاتورک گوێی هەڵخستووە
گوێی ئەتاتورک سەدان سەدان کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
ئەو بۆن ئەکات. بۆنی ماڵ و بۆنی جل و بۆنی پەیڤ و
بۆنی خەون و بۆنی هەوا. کەپووی هێندەی چیای تۆرۆس
زل و پانە. وشەی چیا هەرزەکارێکی بێکارە، هەموو
ڕۆژێ دەمامکێ هەڵئەبەستێ و جلەکانی خۆی ئەگۆڕێ و
لە ماڵەوە دێتە دەرێ. لەسەر کورسیی چاییخانەیەک دائەنیشێ.
وشەی وەڕس، هیچ ناڵێت و بە تەنها ورد ئەبێتەوە.
لە قەفەز ورد ئەبێتەوە، لە ئاسمان ورد ئەبێتەوە، وشەی
دەس بەسەر و بێدەنگ، هەر بە کڕی چای بەردەمی تێک
ئەدات و ئەیخواتەوە. لە ڕۆژێکدا دوو پاکەت خەمی بێ فلتەر
ئەکێشێت و نادوێ و هەر پەنگ ئەخواتەوە. ئەتاتورک گوێی
ڕاگرتووە، کەپووی ناوە بە دڵیەوە. هەموو ڕۆژێکیش
باوکی تورک، بە دەستی خۆی، حەرفێکی بزوێن ئەگرێت و داخی
ئەکا و هەموو ڕۆژێ لە پرچەوە گۆرانییەک هەڵئەواسێ. وشەی
چیا نادوێ و هەر پەنگ ئەخواتەوە. ئێوارەیەک وشە ئەچێتەوە
ماڵێ، لەبەر ئاوێنەیەکدا ئەوەستێ: سەرنج ئەدا و دائەچڵەکێ.
سەری بووە بە قەفەزێ. لە دە پەنجە پێنجی ماوە و دائەچڵەکێ
چاوێکی بووە بە شووشە. یەک قاچیشی بە تەنەکە. ڕائەچڵەکێ.
دەمامک فڕێ ئەدات و جلی لاوکێک ئەپۆشێ. لە ئاگرەکەی
جەستەی «زەکیە» پشتێنێکی پان دائەدڕێ و توند ئەیبەستێ. چەند
مشتێکیش لە گەنم و جۆی قسەکانی، «بەشکچی» ئەکا بە تێشوو
ئەچێتەوە بەر ئاوێنە. ئەم جارەیان خۆی ئەبینێ، ساغ بۆتەوە.
لە خۆشیاندا پێئەکەنێ. لە ماڵەوە دێتە دەرێ. ئەم جارەیان ڕوو ناکاتە
چاییخانەکە و ڕێ ئەگۆڕێ. دەشتی دووکەڵ، گردی پەنگر،
کێوی مردن، هەمووی ئەبڕێ و تا ئەگاتە کانی و ئاوێ. لەوێ
خەونی خۆی ئەبینێ بووە بە ئەسپێکی سوور و سواری ئەبێ، وشەی
باڵدار تەنها لەوێ بۆنی سبەینێ ئەکات و گەر بشمرێ لەسەر
کورسیی ئەستێرەیەک گیان ئەدات و لە جۆلانەی ئاگرێکدا چاو لێک ئەنێ
ئای نیشتمان، ئای نیشتمانی بەجێماو لەسەر خابوور.
ئێمە بۆی دەرچووین، بۆی دەرچووین
ئێمە هەڵاتین، هەڵاتین،
نیشتمان ئەسپێ تێی دابوو، نیشتمان توێکڵە مۆزێکی سلۆپی
بوو. بۆیە وەختێ کەوتینە ڕێ، هەر لەولای تەرمیناڵەوە
لە پەنجەرەی پاسەکەوە فڕێمان دا. ئەو دایکێکی تەنەکە بوو
دامانە بەر نووکە شەق و تا ئەنقەرەشوێن تێمان هەڵدا.
وەتەن ڕیخۆڵەکوێرە بوو لە ئەستەمبووڵشوێن بڕیمان و
بۆ دڕە ماسیی ناو «ئیجە» تووڕمان هەڵدا. نیشتمان
میوەی گلار بوو، نیشتمان بۆنی کردبوو. نیشتمان چێشتی
ترشاو بوو لووتمان گرت و لە قەراغی کەشتییەوە
ڕشتمانە ناو بسفۆڕەوە و ئەویش ڕایدا.
ئێمە تیسکەی تەیارە بووین.
ئێمە بۆی دەرچووین، بۆی دەرچووین!.
ئێمە تیسکەی ڤیزە و ترس بووین.
ئێمە هەڵاتین، هەڵاتین!
ئەی نیشتمانی سیسەڵە! جێمانهێشتی!
- هەلاو، هەلاو، هەلاو
- تۆ نیشتمانی سیسەڵەی؟! توخوا خۆتی؟!
ئەرێ ماوی؟!!
ئێمە بۆی دەرچووین، بۆی دەرچووین
ئێمە هەڵاتین، هەڵاتین
هەڵاتین!